رووسیا سنوورە ئاوییەکانی لە دەریای باڵتیک فراوانتر دەکات و یەکێتی ئەوروپا هۆشداری توندی دەداتێ

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

رووسیا خواستی وایە سنوورە ئاوییەکەی لە دەریای باڵتیک فراوانبکات، ئەمەش کاردانەوەی وڵاتانی باڵتیک و سکەندەناڤیای لێکەوتووەتەوە و خەریکە کێشەی جیۆسیاسی گەورە دروستدەکات.

رۆژی سێشەممە 24-5-2024، رووسیا رەشنووسێکی لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگرییەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، مۆسکۆ نیازی وایە دووبارە نەخشەی سنووری ئاویی لە دەریای باڵتیک دابڕێژێتەوە.

بە گوێرەی نوسرقوێک کە وەزارەتی بەرگری رووسیا لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، رووسیا پلانی وایە سنوورە ئاوییەکانی لە کانوونی دووەمی 2025 لەگەڵ فینلاند و لیتوانیا لە دەریای باڵتیک فراوان بکات.

ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، رووسیا دەیەوێت بەشێک لە سنوورە ئاوییەکانی لیتوانیا و فینلاند بۆ خۆی کۆنترۆڵ بکات.

هەر دوای کەمێک بەبێ دیاربوونی هۆکارەکەی، ماڵپەڕەکە نوسراوەکەی سڕییەوە.

گابرێلوس لاندسبێرگس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "ئەمە هەراسانکردنێکی ئاشکرای ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە و پێویستە وەڵامێکی پێویست و توند بدرێتەوە".

ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لەو بارەیەوە دەڵێت، "رووسیا ناتوانێ تاک لایەنانە سنوورەکەی لەم رێگەیەوە بگۆڕێت".

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، رووسیا هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی لەو کارەی نییە و تەنیا دەیەوێت "بەروونی" سنووەکان دیاری بکرێتەوە.

ئێلینا ڤالتۆنین، وەزیری دەرەوەی فینلاند لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر رووسیا دەیەوێت سنوور بگۆڕێت، ئەوا پێشێلی دەقێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و تەواوی جیهان لە دژی رووسیا دەبن".

دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاندووە، هیچ ئاڕاستەیەکی سیاسی لە "پێشنیازەکەی" وەزارەتی بەرگری رووسیادا نەبووە.

دەشڵێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە ناوچەی باڵتیک هەیە و بۆ هەموو وڵاتان باشترە روونتر سنوورە ئاوییەکانیان بزانن.

لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، سوێد و فینلاند کە لە مێژوویاندا بێ لایەنی خۆیان لە نێوان هەردوو جەمسەری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی جیهان پاراستبوو، بوونە ئەندامی ناتۆ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار