پۆڵەندا: 9 کەسمان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ رووسیا دەستگیرکرد

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایدەگەیێنێت، 9 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ رووسیا دەستگیرکردووە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە تەواوی ئەو کەسانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەبووە و وەک گرووپ کاریان کردووە.

رۆژی سێشەممە 21-5-2024، دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "ئێستا 9 گومانلێکراومان دەستگیرکردووە کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگریی رووسیاوە هەبووە و سیخوڕییان بۆ کردوون".

تەسک باسی لەوەکردووە، لە دەستگیرکراوەکاندا هاووڵاتی پۆڵەندی، بێلارووسی و ئۆکراینیشیان تێدایە. باس لەوەش دەکات، هەوڵی نانەوەی پشێویان لە پۆڵەندادا داوە و تەنیا لەو وڵاتەشدا نین، بەڵکو لە لیتوانیا، لاتڤیا و سوێدیش ئێستا گرووپی هاوشێوە هەن.

ئەو سەرکردە پۆڵەندییە دەشڵێت، لێکۆڵینەوەی تیمی نێودەوڵەتی لەو کەسانە ئێستا بەردەوامە و چاوەڕێدەکەن زانیاری زیاتریان دەستبکەوێت.

لە چەند هەفتەی رابردوودا وارشۆ رایگەیاند، کەسێکی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەستگیرکردووە.

دەستگیرکردنی ئەو 9 گومانلێکراوە دەچێتە ریزی ئەو رووداوانەی دیکەوە کە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا قسەیان لەبارەوە کردووە؛ گوایە رووسیا هەوڵی ناسەقامگیرکردنی یەکێتیی ئەوروپا دەدات. رووسیاش ئەو قسانە بە پڕوپاگەندەی پڕۆ نازی ناودەبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار