ڤلادمیر پووتین: کەس بۆی نییە هەڕەشە لە خاوەن گەورەترین هێزی ئەتۆمی [رووسیا] بکات

7 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەیدا لە یادی بردنەوەی رووسیادا لە جەنگی جیهانی دووەم دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا مەترسیی جەنگێکی دیکەی جیهانی دروستدەکەن؛ دەشڵێت هیچ کەس بۆی نییە هەڕەشە لە گەورەترین هێزی ئەتۆمی بکات.

رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە گوتارێکی لەیادی بردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەڵمانیای نازی ئەوکات پێشکێشکرد و گوتی، "ئەو سەرکردە لەخۆباییانەی رۆژئاوا" بیریانچۆتەوە یەکێتی سۆڤیەت چی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی نازییەکان هەبوو.

هاوکات دەڵێت، رۆژئاوا بەم کارانەی مەترسیی پێکدادانی جیهانی زیاتردەکات، "ئێمە دەزانین ئەم دنەدانانە بەرەو کوێ دەڕۆن، رووسیا هەموو شتێک بۆ رێگریکردن لە جەنگی جیهانی دەکات"، بەڵام لە هەمان کاتدا "رێگە بە کەس نادەین هەڕەشەمان لێبکات. هێزە ستراتیجییەکانمان بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشیی جەنگدان".

وڵاتانی رۆژئاوا بەیەکەوە رژدن لەسەرئەوەی لە جەنگی ئۆکراینادا لە رووسیا ببەنەوە کە لە 2015ـەوە 18٪ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە؛ ئەمە بە کریمیاشەوە. رۆژئاوا دەڵێن رووسیا "داگیرکەرە" و کرێملنیش دەڵێت، ئەوانە بەشێک لە خاکی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا و بوون ئێستاش بەشێکن لە وڵاتی رووسیا.

کاژێر 11:01 خولەکی شەوی 8ی ئایاری ساڵی 1945، سوپای نازییەکانی ئەڵمانیا کە هیتلەر سەرکردایەتی دەکردن تێکشکان، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا ئەو رۆژەیان بە "بردنەوەی رۆژی ئەوروپا" دیاریکرد. بەڵام لە رووسیا 9ی ئایار دیاری کراو بە ناوی "رۆژی بردنەوە" ناونرا و رووسییەکانیش ئەو جەنگە چوار ساڵییەی لەگەڵ نازییەکان لە 1941 بۆ 1945 کردیان بە “جەنگی گەورەی پاتریۆت” ناودەبەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار