ناتانیاهو لە پەیامێکدا بۆ بایدن: ئەگەر پێویستکا بە نینۆکی پەنجە شەڕدەکەین

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

ناتانیاهو وەڵامی قسەکانی جۆ بایدنی دایەوە کە باس لە راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات؛ دەڵێت، ئەگەر پێویستکات بە نینۆک شەڕدەکەین.

رۆژی پێنجشەممە 10-5-2024، لە سەرووبەندی یادی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کورتە ڤیدیۆیەکی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە کە تێیدا پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات.

ناتانیاهو دەڵێت، "بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانمان کە دەیانەوێت بمانکوژن، ئەگەر پێویستکا بە تەنیا شەڕکەین، بە تەنیا شەڕدەکەین. پێشتریش گوتوومە، ئەگەر پێویستکا بە نینۆک شەڕدەکەین".

رۆژی چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی، ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەح ناردنی چەک بۆ تەلئەڤیڤ رادەگرێت. ئەوەش لەبەرئەوەی مەترسی کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. بەڵام وادیارە ئیسرائیل سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت بۆ لەناوبردنی یەکجاریی حەماسە.

دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە هەمان شێوە لە وەڵامی قسەکانی بایدن دەڵێت، "سوپا چەکی پێویستی بۆ ئەو ئەرکانە هەیە کە پلانی بۆ دادەنێت، بۆ ئەرکی رەفەحیش بەشی پێویستی هەیە، ئەوەی پێویستمانە لەبەردەستمانە".

ئیتەمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە دوای قسەکانی بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پۆستێکدا ناوی حەماس و بایدنی بەیەکەوە نووسیوە و دڵێکی لە نێوانیان داناوە، ئەوەش وەک تەنزێک کە گوایە بایدن پشتیوانی لە حەماس دەکات.

1 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارەبوون کە زیاتر لە نیوەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززەن، ئیسرائیلیش بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشبکاتە سەر شارەکە. رەفەح جگە لە پەناگەی مانەوەی ئاوارەکانی غەززە، دەرچەیەکی سەرەکی گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ فەڵەستینییەکان.

ئێستا بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شارەکە، دوو لە رێڕەوە مرۆییە سەرەکییەکان داخراون. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی ئەو داخرانەوە ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە غەززە لەسەر لێواری لەبرسامردنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار