ئیسرائیل ناوچە سنوورییەکانی نێوان رەفەح و میسری کۆنترۆڵکردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری برسێتی سەخت دەدات

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاووڵاتی، وارشۆ

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ باشووری غەززە دەستیپێکرد و ئێستا ئیسرائیل بەشی باشووری شاری رەفەحی بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر.

رۆژی سێشەممە 7-5-2024، سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کرد. ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە وەک وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دەڵێت، "لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە". هێرشەکە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو حەماس پێشنیازی ئاگربەستی قبوڵکرد و تاوەکو ئێستاش گفتووگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە.

ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە دەرچەیەکی سەرەکی گواستنەوەی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ دانیشتووانی غەزە و ئەو یەک ملیۆن و 300 هەزار فەڵەستینییەی لە رەفەح ئاوارەن.

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە، بەربەستدانان لەبەردەم ئەو رێگەی ئاڵووگۆڕەدا، هەژموونی هاریکارییەکان دادەڕووخێنێت و خەڵک دەکاتە ئەوپەڕی برسێتییەوە.

هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، حەماس بە پێشنیازی ئاگربەستی سێ لایەنەی قەتەر، میسر و ئەمریکا رازی بوو، بەڵام هەر زوو ئیسرائیل رەتیکردەوە و رایگەیاند، "خواستەکانی ئەوانی پڕنەکردووەتەوە".

دوێنێ ئیسرائیل داوای لە 100 هەزار هاووڵاتیی فەڵەستینیی ئاوارەی رەفەح کردبوو کە شارەکە لە سەرووبەندی هێرشی سوپاکەیدا چۆڵبکەن. هەرچەندە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئاگاداریی ئیسرائیلیان کردبووەوە کە هێرشەکە نەکات، بەڵام ئەم بەیانییە دەستیپێکرد.

خاڵە سنووریەکانی کەرەم ئەبو سالم و میسر دوو رێڕەوی هەستیاری گواستنەوەی خۆراک و دەرمانن بۆ خەڵکی غەززە کە ئەوە دوو رۆژە داخراون. ئێستا بۆ گواستنەوەی پێداویستی ژیان بۆ 2 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی غەززە تەنیا رێڕەوی ئەرەز لە نێوان ئیسرائیل و باکووری غەززە ماوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار