هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان و نیگەرانیی جیهانی لێدەکەوێتەوە

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ کەمپێکی ئاوارەکان لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەزە کوژرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی لێکەوتۆتەوە.

بە پێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە غەزە کە رۆژی دووشەممە 27ی ئایار، ئاماری نوێی کوژراو و بریندارەکانی راگەیاندووە، بە هۆی هێرشەکانی پێرێ 45 کەس کوژراون کە 23 کەسیان ژن و مناڵن و 149 کەسیش بریندار بوون.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم کەمپە، ناڕەزایەتی زۆری لە جیهانی بەدوایی خۆێیدا هێنا بە تایبەتیش ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا.

لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، لە راگەیاندراوێکدا، رایگەیاند بە پێی زانیاری ورد، بینایەکی حەماس بە شێوەی ورد و گونجاو کراوتە ئامانج.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، نیگەرانی خۆی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان دەربڕی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی:" ئەو هەواڵانەی دەربارەی رەفەح بڵاو ئەبنەوە بووە بە هۆی ترساندنم و نیگەرانم لەو رووداوەی روویداوە“.

ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، رۆژی دووشەممە 27ی ئایاری 2024، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی،" هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دەبێت رابگیردرێت، لەبەر ئەوەی هیچ شوێنێکی پارێزراو بۆ کەسانی مەدەنی بوونی نییە و کەسانی مەدەنی گیانیان لە مەترسیدایە".

هەر لەسەر ئەم پرسە ژمارەیەکی تر لە وڵاتانی ئەورووپی لەوانە نەرویج و ئیسپانیا، هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان لە رەفەحیان شەرەمەزار کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش لەسەر ئەم بابەتە نووسیویەتی:" ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە پێشێلکاری بڕیاری دادگای نێونەتەوەیی دەربارەی راگرتنی هێرش بۆ سەر رەفەح، ناچار ئەبێت هەنگاوی گونجاو هەڵبگرین بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو رێکاری یاسایی بگیردرێتە بەر".

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیاش دوێنێ 27ی ئایاری 2024، بەڵێنی داوە وڵاتەکەی هەموو کارێک ئەکات بۆ ئەوەی نتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت دەربارەی هێرش بۆ سەر رەفەح. ئەردۆگان ئیسرائیلی بە "تیرۆریست" ناوبرد و باسی لەوە کرد ئەم هێرشەی ئیسرائیل دوای ئەوەهاتووە، دادگای نێونەتەوەیی داوای لە ئیسرائیل کردووە کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەم هێرشەی شەرمەزار کردووە و داوای ئەوەی کردووە بڕیاری دادگای نێونەتەوەیی کە داوای راگرتنی هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەحی کردبوو، دەستبەجێ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سعوودیەش رایگەیاند، هێرش بۆ سەر خێمەی ئاوارەکان لە باکووری رۆژئاوای رەفەحی شەرمەزار کردووە و خوازیاری راگرتنی هێرشەکان بووە لە لایەن ئیسرائیلەوە.

وڵاتی قەتەریش، یەکێک لە وڵاتانی نیوانگیر لە جەنگی غەزە، روانگەی جیهانی لەوە ئاگادار کردۆتەوە هێرش بۆ سەر رەفەح هەوڵەکان بۆ گەیشت بە ئاگربەست و گۆڕینەوەی بارمتەکان شکست پێ ئەهێنێت.

پێشتریش وتەبێژێکی ئەنجەمی ئاسایشی کۆشکی سپی بە تایمزی ئیسرائیلی راگەیاندبوو، ئەمریکا نیگەرانی ئەو هەواڵانەیە دەربارەی رەفەح بڵاو ئەبنەوەو خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییە دەربارەی ئەم هێرشە.

پێرێ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی کردۆتە سەر جبالیا لە باکووری کەرتی غەزە و بنکەیەکی هەواڵگری حەماسی کردۆتە ئامانج. ئەم هەواڵە دوای ئەوە بڵاو بۆوە کە حەماس بۆ یەکەمجار لە 6 مانگی رابردوودا بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەمپی رەفەح و بە 12 مووشەک رەفەحی کردە ئامانج.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار