ئەرمەنییەکان خۆپێشاندان بۆ لابردنی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەکەن؛ پۆلیس 273 کەسی دەستگیرکرد
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاووڵاتی، وارشۆ
هەزاران ئەرمەنی بە دروشمی لادانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان رژانە سەر شەقامەکان و پۆلیس 270 کەسیانی دەستگیرکردووە.
خۆپێشاندانەکە لە دژی بە دەستەوەدانی زەویی ئەرمینیایە بە ئازەربایجان.
رۆژی دووشەممە 24-5-2024، هەزاران خۆپێشاندەر لە تەواوی ئەرمینیا لە دژی دەسەڵاتی نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە هاتنە سەر شەقامەکان و رێگەکانیان داخست.
وەزارەتی ناوخۆی ئەرمینیا رایگەیاندووە، لانیکەم 273 خۆپێشاندەریان بە تۆمەتی یاساشکێنی و پشێوی نانەوە دەستگیرکردووە.
هەفتەی رابردوو، یەریڤان چوار گوندی لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ ئازەربایجان دایەوە باکو، ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و حکومەتەکەیان بە لاواز ناودەبەن.
لە دوای 2019ـەوە، ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو جار لەگەڵ یەکدیدا، لەسەر ناوچەی نۆگۆرنۆ قەرەباخ، چوونەتە جەنگەوە.
هەردوو وڵات ئەو ناوچەیە بە هی خۆیان دەزانن، بەڵام ساڵی رابردوو ئەرمینیا ناوچەکەی رادەستی ئازەربایجان کردەوە.
خەڵکی ئەو ناوچەیە دەڵێن، پێدانی ئەو ناوچەیە بە ئازەرباجیان رێگریان لە هاتووچۆکردن لێدەکات لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئەرمینیا لێ قەدەخە دەکات.
هەروەها لۆمەی سەرۆکوەزیران دەکەن کە زەویی داوە بە ئازەربایجان بەبێ وەرگرتنی هیچ بەرژەوەندییەک لە بەرامبەردا.
پاشینیان لە 2020دا لە جەنگی دژ بە ئازەربایجاندا شکستی هێنا و ساڵی رابردووش تەواوی ناوچەی قەرەباخی دایەوە ئازەربایجان، بەڵام دەڵێت ئەو هەنگاوەی بۆ پاراستنی ئاشتییە لەگەڵ باکو.
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو قەرەباخ رادەستی ئازەربایجان کرا، 100 هەزار دانیشتووی ئەرمەنی ئەو ناوچەیە، کۆچیان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەرمینیا کرد.