نەتەوەیەکگرتووەکان مەزەندەی دەکات لە رۆچوونێکی زەویدا لە پاپوا نیو گینی 670 کەس گیانیان لەدەستدابێت

11 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
لە رووداوێکی داچوونی زەویدا لە وڵاتی پاپوا نیو گینی ترس هەیە لانیکەم 670 کەس گیانیان لەدەستابێت و سەردان خانووش رۆچوون و رووخاون.
رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، سێرهان ئاکتۆپراک، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە پاپوا نیو گینی رایگەیاند، لە گوندی یامبالی لەو وڵاتە زەوی رۆچووە و کاریگەریی خستووەتە سەر 4 هەزار هاووڵاتی و ترس هەیە لانیکەم 670 کەس گیانیان لەدەستدابێت.
داچوونەکە 150 خانووی لەگەڵ خۆیدا بردووە و 250 خانووی دیکەش بە هاووڵاتیان چۆڵکراون، هەربۆیە 1,250 هاووڵاتی ئاوارەبوون. بە گوێرەی بەرپرسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو ناوچەیە هێشتا مەترسیی داچوونی دیکەشی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تیمەکانی فریاکەوتن خەڵک بە مردوویی لە ژێر دارووپەردوودا دەدۆزنەوە.
رووداوی داچوونی زەوییەکە هەینی رابردوو 24ی ئەم مانگە کاژێر 3ی بەرەبەیان روویداوە و خەڵکەکە لە کاتی خەودا بوون.
بە گوێرەی تیمەکانی فریاکەوتن، رووبەری داچوونەکە هێندەی 4 یاریگەی تۆپی پێ دەبێت.
پاپوا نیو گینی وڵاتێکە لە زەریای هێمن و دەکەوێتە باکووری ئوسترالیاوە؛ زۆرینەی خاکەکەی بە ئاو دەوردراوە، دۆخی دارایی خەڵکەکەی خراپە و بەرزترین رێژەی تاوانی لە جیهاندا هەیە.
