رووسیا سێ کەشتیی جەنگی و ژێر دەریاییەک دەنێرێتە هاڤانا؛ تەنیا 145 کیلۆمەتر لە ئەمریکاوە دوورە

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێ کەشتیی جەنگی و ژێردەریاییەکی رووسیا بگەنە کەناراوەکانی کوبای دراوسێی ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوەی کووبا دڵنیایی دەدات کە هەنگاوەکە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خۆی ناگرێت.

ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی کووبا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نێوان 12 بۆ 17ی ئەم مانگە سێ کەشتی جەنگی و ژێردەریاییەکی رووسیا دەگەنە کەناراوەکانی هاڤانای پایتەختی ئەو وڵاتە کە تەنیا 145 کیلۆمەتر لە ئەمریکاوە دوورە.

هاوکات دڵنیایی دەدات، هیچ مەترسییەک بۆ سەر ناوچەکە دروست ناکات.

لە راگەیێنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، "ئەم سەردانە رەنگدانەوەی پەیوەندیی دۆستانەی مێژوویی کوبا و رووسیایە و بە رژدی پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات".

جووڵەی کەشتییەکانی رووسیا بۆ نزیک ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئەمریکا رێگەی بە ئۆکراینا داوە بە چەکەکانی هێرش بۆ ناو خاکی رووسیا بکرێت.

هاوکاتیشە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڤلادمیر پووتین لە دابینکردنی مووشەکی دوورهاوێژ بۆ نەیارەکانی ئەمریکا.

هەفتەی رابردوو، پووتین هۆشداری ئەوەی دا، رووسیا هەنگاوی "بێ وێنە" دەگرێتە بەر ئەگەر وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بەردەوامبن لە پێدانی چەک بە ئۆکراینا ودواتریش لەسەر خاکی رووسیا بەکاربێت.

ئەمریکا لەبارەی ناردنی کەشتییەکانی رووسیاوە رایگەیاندووە، ئەوان هەنگاوەکە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان لێکنادەنەوە و هێزی سەربازیی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری کەشتییەکان دەکات.

ناردنی کەشتییەکان بۆ دریای کاریبی بۆ ئەنجامدانی راهێنانێکی دەریاییە لە نێوان کووبا و رووسیا.

پەیوەندیی دۆستانەی رووسیا و کووبا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی جەنگی ساردی رووسیا و ئەمریکا کە کووبا کڕیارێکی سەرەکیی مووشەک و چەکی رووسیا بوو. پەیوەندییەکانیشیان دووبارە لە دوای دیاداری میگێل دیاز، سەرۆکی کووبا و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە 2022دا نوێبوونەوەی بە خۆیەوە بینی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار