بیڵ ئاندەرس، چرکێنەری ئەم وێنەیەی زەوی کە لە خولگەی مانگەوە گیراوە گیانی لەدەستدا
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
بیڵ ئاندەرس، ئاسمانەوانی ئەمریکی کە یەکێک بوو لەو سێ ئاسمانەوانەی بۆ یەکەم جار گەیشتنە خولگەی مانگ لە ساڵی 1968، بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی بەرپرسانی ویلایەتی واشنتنی ئەمریکا، بیڵ ئاندەرس لە کاتی فڕینی فڕۆکە بچوکەکەی خۆیدا لە ئاسمانی واشنتن کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتووەتە کەناراوەکانی ویلایەتی واشنتنەوە.
ئەو ئاسمانەوانە ئەمریکییە تەمەنی 90 ساڵ بوو. خێزانەکەی لە راگەیێنراوێکدا رووداوی گیانلەدەستدانی بیڵیان پشتڕاستکردەوە و رایانگەیاندووە، "ئەو فڕۆکەوانێکی باش بوو. جێگەی دیاردەبێت".
بیڵ ئاندەرس، لە ساڵی 1968 لەگەڵ دوو ئاسمانەوانی دیکەدا و بە کەشتی ئەپۆڵۆ 8 بەرەو مانگ بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی 10 جار بە دەوری خولگەی مانگدا خولانەوە، کەشتییەکەیان نەیتوانی بنیشێتەوە و بە سەلامەتی گەڕانەوە سەر زەوی.
بیڵ ئاندەرس خاوەنی یەکێک لە بەناوبانگترین وێنەکانی زەوییە لە مێژووی زانستی بۆشایی ئاسماندا. لە وێنەکەدا زەوی دەردەکەوێت کە نیوەی خۆری بەرکەوتووە. وێنەکە لەو کاتەدا گیراوە کە کەشتییەکەی ئاندەرس و دوو هاوڕێ ئاسمانەوانەکەی لە بە دەوری خولگەی مانگدا خولاونەتەوە.
بیڵ نێڵسن، بەڕێوبەری ناسا لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، "لە 1968 و لە ئەرکی ئەپۆڵۆ 8دا، بیڵ ئاندەرس دیارییەکی زۆر قووڵی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. ئەوەش بەوەی بەرەو کەناری مانگ گەشتیکرد و یارمەتیداین شتێکی نوێ ببینین، خۆمان ببینین".
لەو سێ کەشتیوانەی لە ئۆپۆڵۆ 8دا بوون، بیڵ ئاندەرس و فرانک بۆرمان گیانیان لەدەستداوە و ئێستا تەنیا جیم لۆڤێڵ لە ژیاندا ماوە و تەمەنی 96 ساڵە.