زانایانی زانکۆی میشیگن ژیریی دەستکرد بۆ تێگەیشتن و وەرگێڕانی وەڕینی سەگ بۆ قسەکردن بەکاردەهێنن
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
زانایانی زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا ژیریی دەستکرد بۆ وەرگێڕانی وەڕینی سەگ و تێگەیشتن لێی بەکاردەهێنن. دەڵێن ژیریی دەستکرد یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ ئاژەڵان.
ئەو زانایانەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکەن دەڵێن، بەرەوپێشچوونێکی باشیان لە بە کۆدکردنی جموجووڵەکانی سەگ کردووە، واتە هەوڵدەدەن ئەو جموجووڵانە بۆ سەر زمانی کۆمپیوتەر وەربگێڕن، تاوەکو لە دواتردا ژیریی دەستکرد بتوانێت لێکدانەوەیان بۆ بکات.
رادا مەهاڵچە، سەرۆکی تاقیگەی ژیریی دەستکردی زانکۆی میشیگن دەڵێت، "بەرەوپێشچوونەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت وەک شۆڕشێک بۆ تێگەیشتنمان لە ئاژەڵان بەکاربهێنرێت".
ئاماژە بەوەشدەکات، لێکۆڵینەوەکەیان دەرگایەک بە رووی تێگەیشتن لە وەڕینی سەگ دەکاتەوە. دەشڵێت، ژیریی دەستکرد تاوەکو ئێستا سەرکەوتنێکی باشی بەدەست خستووە لە تێگەیشتنی بەشێک لە وەڕینی سەگ.
دەڵێت، سیستمێکیان دروستکردووە کە بتوانێت لە رێگەی بەرز و نزمی و شێواز و خێرایی وەڕینەکەوە، لە هەست و خواستی سەگەکان لەو کاتەدا تێبگات و وەریبگێڕێت بۆ زمانێک کە بتوانین لێی تێبگەین.
هەروەها دەشڵێت، لە پێشووتردا کە توانای تێگەیشتنی دەنگ و قسەکردنی مرۆڤ بۆ کۆمپیوتەر دانراوە، هەمان هەنگاوەکان گیراونەتە بەر و لەسەر دەنگ و شێوازی چەندین مرۆڤ سیستمەکە راهێنراوە.
کاری تیمەکەی رادا تاوەکو ئێستا بەو جۆرەیە، وەڕین و جموجووڵ و دەنگی جۆراوجۆری 74 سەگیان تۆمارکردووە کە هەریەکیان تەمەن و جۆر و دەنگیان و شێوازی وەڕینیان جیاوازە.
دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوەکەیان 70٪ بە راستی کراون.
دەشڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان بۆیان دەرکەوتووە، رێی تێدەچێت هاوشێوەی قسەکردنی مرۆڤ، بتوانرێت لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە وەڕین و جمووجووڵی سەگیش لێکبدرێتەوە و تێگەیشتنمان بۆی هەبێت.