رۆژنامەیەکی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەوە ئاشکرای دەکات ئەمریکا پێچەوانەی بانگەشەکانی سێ مانگی رابردو، دەیەوێت رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران چالاک بکاتەوە و واشنتۆنیش داوای لە تەلئەبیب کردوە تەنها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکرێنە ئامانج. رۆژنامەی هائارێتز لە ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو کۆبونەوانەی لە نێوان بەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەبیب بەڕێوەچوە، تا ئێستاش ئامانجی ئەمریکا چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران. رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی و بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردوە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی کە کردویەتی و رایگەیاندوە؛ رێککەوتنی ئەتۆمیی گەیشتوەتە بنبەست، هەوڵی زیندوکردنەوەی رێککەوتنەکە دەدات و وەزارەتی بەرگریی و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان پشتیوانیی لێدەکەن. بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل کە ناوی ئاشکرا نەکراوە؛ بە رۆژنامەی هائارێتزی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ ئیسرائیل بە بێ ئەمریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی گاریگەر زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەیەنێت و ئەوکەسانەی پێچەوانەی ئەوە بیر بکەنەوە لەگەڵ خۆیدا راستگۆ نییە. بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردوە؛ نابێت تەلئەبیب بە جۆرێک هێرش بکاتە سەر تاران کە زیان بە زیندوکردن و چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی بگەیەنێت و هاوکات واشنتۆن جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئیسرائیل دەبێت تەنها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکاتە ئامانج.

ئیلۆن مەسک دەڵێت، ئێستا نزیکەی 100 وێستگەی ئینتەرنێتیی ستارلینک لە ئێران چالاکن و کاردەکەن. ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کورستان و ئێران هێڵی ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا سنووردارکراوە.  رۆژی دووشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی بۆشایی ئاسمان لە تویتێکدا نووسی: "لە 100 ستارلینکی چالاک لە ئێران نزیکدەبینەوە".  ستارلینک سەرووی دوو هەزار مانگی دەستکردی بچووکی بە ئاسمانەوە هەیە کە بە دووری نزیکەی 550 کیلۆمەتر لە خولگەی زەویدا دەخوولێنەوە و ئینتەرنێت بۆ 43 وڵات دابیندەکەن. لەسەر زەویش، تێرمیناڵی تایبەت بە ستارلینک جێگیرکراون کە ئینتەرنێت لە ستارلینکەوە وەردەگرن.  لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، مەسک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ ئۆکراینییەکان تێرمیناڵی ستارلینکی ناردە وڵاتەکە و ئێستا 20 هەزار وەرگری بچووکی ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەن.  ملیاردێرەکە کە خاوەندارێتیی تویتەریش دەکات، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەڵێنیدا کە تۆڕی ئینتەرنێت لە رێگەی مانگە دەستکردەکانی ستارلینکەوە بۆ ئێران دابین بکات. ئەوەش دوای ئەوە هات بەرپرسانی ئێران بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە ئینتەرنێتیان سنووردارکرد بۆ ئەوەی رێگری لە ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن.  ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقز لە 16-09-2022 دەستیانپێکرد، ژینا لە 13ی ئەیلوول لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ باوکی ژینا دەڵێت، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە. بەگوێرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئێران، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە، 469 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نزیکەی 14 هەزار کەس دەستبەسەرکراون. 

سەرۆکى  پارتى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا دەڵێت:  ئەگەر ئەردۆغان بزانێت لە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماریدا شکست دەهێنێت ئەوا خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید ناکات. کەمال کڵچدارئۆغڵۆ، سەرۆکى پارتى گەلى کۆمارى ( جەهەپە) ، کە بە گەورەترین پارتى ئۆپۆزسیۆن  لە تورکیا لەقەڵەم دەدرێت لە چاوپێکەوتنى لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەوانى وڵاتەکەى رایگەیاند؛ لە ئێستادا ئەردۆغان باش دەزانێت کە لە هەڵبژاردنى داهاتو زۆرینەى پەرلەمان لەدەست دەدات و ئامانجیشى دوبارە وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمارە بەڵام ئەو پۆستە لەدەست دەدات. وتوشیەتى: هەرکات ئەردۆغان گەیشتە ئەو بڕوایەى کە لە هەڵبژاردنەوەى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى شکست دەهێنێت، ئەوا خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید ناکاتەوە چونکە نایەوێت روبەڕوى شکست ببێتەوە و جەختیش دەکاتەوە لەوەى لایەنە نزیکەکان لە ئەردۆغان باسى ئەگەرى شکستهێنانى ئەویان لە وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە لەگەڵ باس کردوە.  

لە شارەکانی سەقز و سنە و ماڵێ میر(ئیزە) و دەشتی هورموزگان رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ چلەی مەرگی کوژراوان بەڕیوچو و ژمارەیەک گەنجی دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کران سەرەڕای سەرکوت و بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکانیش ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە. ئەمڕۆ بە بەشداریی جەماورێکی زۆر یادی چلەی مەرگی ئارام حەبیبی لە شاری سنە کرایەوە و یەکێک لە ئامادەبوانیش لە وتارەکەیدا وتی ئینشاڵا گردبونەوەی داهاتومان بۆ ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبێت و خوێنی هیچ شەهیدێک بەفێڕۆ ناڕوات" لە شاری سەقز هاوشێوەی سنە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر چلەی مەرگی دانیاڵ پایبەندی تەمەن 17 ساڵ، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە لە گۆڕستانی ئایچی و لە شوێنی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچو و دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە. لە شاری مالێ میر (ئیزە) کە دانیشتوانەکەی زۆربەی لوڕ-ن بە بەشداریی جەماوەریی چلەی مەرکی کیان پیرفەلەک،بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا، کیان لە کاتی کوژرانیدا تەمەنی 10 ساڵ بو و باوکیشی بەسەختی برینداربو و دوای 40 رۆژ بە مەرگی رۆڵەکەی زانی . لە چلەی مەرگی کیان دروشم بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وترایەوە و دروشمی " لە ئیزە تا کوردستان گیانم فیدای ئێران" وترایە. لە شاری دەشتی، پارێزگای هورموزگان لە باشوری ئێران بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر چلەی حامید مەولایی بەڕێوەچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، بەشداربوانیش دوای یادەکە رێپێوانیان کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. لە شاری بۆکان خوێندکارانی کچ لە خوێندگەیەکی ئەو شارە دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و دروشمی " بۆکان شەهیدی داوە لە مردن نەترساوە"یان وتەوە. لە مەهاباد ، سنە ، بۆکان و هەرسین و پاوە چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆش زیاتر لە نۆ گەنجی ئەو شارانە دەستگیر کران و چارەنوسی ئەوانیش هاوشێوەی زۆربەی دەستگیرکراوانی 20 رۆژی رابردو نادیارە. هاوژین و کچی عەلی دایی، ئەستێرەی ناوداری مێژوی تۆپی پێی ئێران ئەمڕۆ لە ناو فڕۆکەی گەشت بۆ دوبەی گەڕێنرانەوە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و پێیان راگەیەنرا بە بڕیاری دادگا و بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی گەشتیان لێ قەدەغە کراوە. ئاژانسی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوژینی عەلی دایی ویستویەتی بەرەو دوبەی و دواتر بچێت بۆ ئەمریکا بەڵام بە بڕیاری دادگا رێگەی گەشتی پێنەدراوە. ئەمڕۆ دوشەممە نرخی هەر دۆلارێک زیاتر لە هەزار تمەن بەرزبوە و تمەن دابەزینی دیکەی لە بەرامبەر یۆرۆ و پاوەن تۆمار کرد و هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بە زیاتر لە 42 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا و نرخی هەر پاوەنێکی بەریتانی بۆ زیاتر 50 هەزار تمەن بەرز بوەوە. بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و لاوازبونی پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران و زیادبونی سزا و ئابڵۆقەکانی سەر ئەو وڵاتە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێک بگاتە 50 هەزار تمەن. ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت. ئەو داوای لە هاوڵاتییانی بەریتانی-ئێرانی و هاوڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا کرد بە زوترین کات ئێران جێبهێڵن چونکە ئەگەر لەو وڵاتە بمێننەوە دەبێت دڵنیابن کە دەستگیر دەکرێن و لە لایەن تارانەوە هاوشێوەی یاریی شەترەنج مامەڵەیان پێوە دەکرێت. ئەو بەرپرسەی بەریتانیا لە زاری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەمزوانە لەندەن سەرجەم ئەندامان و دامەزراوەی سوپای پاسدارانی ئێران سزا دەدات. لێدوانی ئالیشا کرن لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لقێکی سوپای پاسداران دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانی-ئێرانی لە ئێران راگەیاند و وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

بەرپرسێکی باڵای بەریتانیا داوای لەو هاوڵاتییانەی وڵاتەکی کرد کە لە ناو ئێرانن، دەستبەجێ ئەو وڵاتە لە رێگەیەکی پارێزراوەوە جێبهێڵن و جەختیشی لە سەپاندنی سزا دژی سوپای پاسداران کردەوە. ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت. ئەو داوای لە هاوڵاتییانی بەریتانی-ئێرانی و هاوڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا کرد بە زوترین کات ئێران جێبهێڵن چونکە ئەگەر لەو وڵاتە بمێننەوە دەبێت دڵنیابن کە دەستگیر دەکرێن و لە لایەن تارانەوە هاوشێوەی یاریی شەترەنج مامەڵەیان پێوە دەکرێت. ئەو بەرپرسەی بەریتانیا لە زاری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەمزوانە لەندەن سەرجەم ئەندامان و دامەزراوەی سوپای پاسدارانی ئێران سزا دەدات. لێدوانی ئالیشا کرن لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لقێکی سوپای پاسداران دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانی-ئێرانی لە ئێران راگەیاند و وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

کۆچی پزیشکانی پسپۆڕ و پەرەستاران لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و هۆشداریش دەدرێت لە کەمیی دەرمانی چارەسەری دەرونیی لەو وڵاتە.   یەحیا ئیبراهیمی، ئەندامی دەستەی تەندروستیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەوە کۆچی پزیشکان و پەرەستارانی وڵاتەکە بەشێوەکی بەرچاو زیادی کردوە. ئیبراهیمی ئاماژەی بەوە کردوە کە موچەی مانگانەی زۆرینەی پزیشکانی پسپۆڕی ئێران بەهۆی زیادکردنی باج لەسەریان ناگاتە 30 ملیۆن تمەن کە هاوشانە لەگەڵ 740 دۆلار بۆیە ئەو پزیشکانە بە ئامانجی داهاتی زیاتر بە لێشاو رو لە وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی کەنداو دەکەن. بە پێی دوایین راپۆرت رێژەی کۆچی پزیشکان و پەرستارانی ئێران لە دوو ساڵی رابردودا بە رێژەی 300% بەرز بوەتەوە و لە ماوەی چوار ساڵدا 16 هەزار پزیشک وڵاتەکەیان بە مەبەستی کۆچ جێهێشتوە. هەر بە پێی ئامارەکان تەنها لە یەک ساڵدا 160 پسۆڕی دڵ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردوە و لە ئێستادا ئێران روبەڕوی کەمی ژمارەی پزیشکی پسپۆڕی دڵ بوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە مەجید سادقی، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی دەرونی ئێران هۆشداریی داوە کە بەهۆی دۆخی ئێستای ناڕەزایەتییەکان کێشەی دەرونیی کۆمەڵگای ئێران لە 23% بۆ 34% زیادی کردوە و دەرمانی چارەسەریی کێشە دەرونییەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. سادقی جەختی لەوەش کردەوە؛ تا بەهای دۆلار لە ئێران بەرز ببێتەوە نرخی زۆربەی دەرمانەکانیش هەڵکشان بەخۆیانەوە دەبینن و لە هەندێک حاڵەتیشدا توانای هاوردەکردنی ئەو دەرمانانە نامێنێت. لە نوێترین راپۆتی جیهانیدا؛ ئێران بە 20 وڵاتی سەرەکیی پێشکەوتو لە زانستی پزیشکیی ئەژمار دەکرێت و لە روی بەرهەمهێنانی دەرمانیش لە نێوان 200 وڵاتی جیهاندا 16یەمین وڵاتە کە توانای زۆری لە بواری دەرمانسازیدا هەیە بەڵام بەهۆی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە پێناچێت بتوانێت پێگەکانی لە ئاستی جیهاندا بپارێزێت.  

هاوڵاتی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا وەک نەریتێکی ساڵانە، لیستی دڵخواترین فیلم وگۆرانی و کتێبەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە. لە وتارەکەیدا باراک ئۆباما وتی، من هەمیشە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە چاوەڕوانم  بۆ هاوبەشیکردنی لیستی دڵخوازەکانم لەگەڵ ئێوە. "The school for good mothers, the light we carry " ئەم پەرتوکانە لە لیستی دڵخوازترین پەرتوکەکاندا بوو کە ئۆباما بڵاویکردەوە، لەگەڵ فیلمەکانی .“Top Gun: maverick , descendant “  کتێبی " ئەو ڕووناکیەی کە هەڵیدەگرین"  لەلایەن میشێل ئۆباما، هاوسەری باراک ئۆباما نوسراوە و لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە وباس لە ئاڵەنگاری و سەرکەوتن و جیرۆکە بەهێزەکان دەکات بۆ ئیلهام بەخشین بەکەسانی تر.

هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە وڵاتەکەی دووچاری کێشەی پچڕانی کارەبا بووەتەوە، بەڵام ئەوان سەرکەوتووانە بەردەوامی بە بەرەنگاربوونەوە دەدەن و بە پێویستی زانی لە ئامادەکاریدا بن بەرامبەر هەر جۆرە سیناریۆیەک. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردووەتەوە، پیرۆزبایی جەژنی کریسمسی لە تەواوی ئەو کەسانە کرد کە بۆنەکە لە وڵاتەکەی و سەرتاسەری جیهان بەرز رادەگرن. سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە، گوتی: "لەم ماوەیەی دواییدا سوپای رووسیا لە هێرشەکانیدا هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری خێرسۆن بە ئامانج گرتووە. هەموو بکوژە رووسەکان دەبینینەوە". ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە ساڵی ٢٠٢٢ چەند رۆژێکی ماوە، داکۆکی لەوە کرد کە لەوانەیە هێزەکانی رووسیا لەم ماوەیەدا هێرشی دیکە ئەنجام بدەن و داوای لە هاووڵاتییانی ئۆکراینا کرد بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکان رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر. سەرۆکی ئۆکراینا راشیگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە وڵاتەکەی دووچاری کێشەی پچڕانی کارەبا بووەتەوە، بەڵام ئەوان سەرکەوتووانە بەردەوامی بە بەرەنگاربوونەوە دەدەن و بە پێویستی زانی لە ئامادەکاریدا بن بەرامبەر هەر جۆرە سیناریۆیەک.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک رایگەیاند کە رووسیا ئامادەیە لەڕێگای ھێڵی بۆری یامال-ئەورووپاوە، دەست بە ھەناردەکرنی غازی سروشتیی بکاتەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی کەمی دابینکردنی غاز لە کیشوەری ئەورووپا. ئاژانسی ھەواڵیی تاس (TASS)ی رووسی بڵاوی کردووەتەوە کە ئەلێکساندر نۆڤاک لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێشتا بازاڕی یەکێتیی ئەورووپا لە بەردەم غازی سروشتیی رووسیادا، کرایەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کۆمپانیای "جازکید" کە ئەرکی وەگەرخستنی ھێڵی بۆرییەکە، رایگەیاندبوو کە ھەناردەکردنی غازی رووسیا لەڕیگای ھێڵی بۆری یامال-ئەورووپاوە راگیراوە. لە سەرەتای دەست پێ کردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە مانگی شوباتدا، ھەناردەکردنی غازی سروشتیی لە رووسیاوە بۆ کیشوەری ئەورووپاوە کەمبووەتەوە، ئەوەیش وای کردووە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەرەوڕووی کەمی غازی سروشتیی ببنەوە لەکاتێکدا، پلەکانی گەرما زۆر دابەزیووە، ئەوەیش خواستی لەسەر سەرچاوەکانی وزە زیاد کردووە. جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک گوتوویەتی: "بازاڕی (یەکێتیی ئەورووپا) دانەخراوە، نموونەیش لەسەر ئەوە، توانیومانە لە میانی ئەمساڵدا، ھەناردەکردنی غازی سروشتیی بۆ ئەورووپا زیاد بکەین". راشیگەیاندووە "ھێشتا کەمیی غاز لە ئەورووپادا ھەیە، بۆیە رووسیا ئامادەیە لە ڕێگای بۆری یامال-ئەورووپا دەست بە ھەناردەکردنی غازی سروشتیی بکاتەوە، ھەروەھا رووسیا لەڕێگای تورکیاوە لە گفتوگۆدایە لەبارەی زیادکردنی ھەناردەکردنی غاز، ئەوەیش دوای دامەزراندنی ناوەندێکی غاز لە تورکیا". لەئێستادا رووسیا لەڕێگای ھێڵی بۆری تورک ستریم غاز ھەناردە دەکات کە لەئێستادا، بە توانای تەواو کاردەکات لە کاتێکدا لەڕێگای ئۆکرانیاوە، رۆژانە ٤٢ ملیۆن مەتر سێجا غاز دابین دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی قەبارەی گواستنەوە، وەک لە گرێبەستەکەدا ھاتووە.

توێژینەوەیەک لە زانکۆی 'ئێم سی ماستەر' لە کەنەدا دەریدەخات، ئەو رەنگانەی لە خۆراکەکاندا بەکاردێن مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی ریخۆڵەکان زیاددەکەن، هاوکات دەبنەهۆی ناڕێکی لە هەرسکردن.   توێژەران رایانگەیاندووە، رەنگە دەستکردەکانی وەکو 'Red 40'،  'Yellow 5' لە نێو 'چیپس، خواردنەوە گازییەکان، نووقڵ و شیرینی منداڵان، هەروەها لە کەلوپەلی جوانکارییشدا' بەکاردێن.   والول خان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''رۆژانە خواردنی ئەو بەرهەمانەی رەنگە دەستکردەکانیان تێدا بەکاردێت، برینی ریخۆڵە دروستدەکات و سیستمی هەرسکردن خاودەکاتەوە.''   سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، منداڵان بەهۆی زۆر خواردنی ئەو بەرهەمانەی رەنگی دەستکردیان تێدایە دەشێت تووشی 'پەیدابوونی گازی گەدە، وشکبوونەوەی جەستە، سکچوون، ئازاری سک و بوونی خوێن لە پیسایی' ببن.   والول خان رەنگە دەستکردەکان بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنێت کە منداڵان تووشی هەستیاری بە خۆراک دەکات، هاوکات دەڵێت: منداڵان بە کەمی خۆراکە دەستکاریکراوەکان و رەنگدارەکان بخۆن بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ.   بەگوێرەی دەزگەی خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، رۆژانە بەکارهێنانی 3.2 مللیگرامی ئەو رەنگانەی لەناو خۆراکەکاندا بەکاردێن بۆ هەر کیلۆیەک لە کێشی منداڵان پەسنددەکات.    کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵان لە ئەمریکا رایگەیاندووە، رەنگی نێو خۆراکەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی دەماریی منداڵاندا دروست دەکات، کۆمەڵەکە پێشنیازدەکات کە پێویستە منداڵان زۆر بە کەمی ئەو بەرهەمانە بخۆن.

هاوڵاتی دوای ١٠ ساڵ لە ئەنجامدانی  یەکەم نەشتەرگەری چاندنی دەست لە بەریتانیا لە نەخۆشخانەی فێرکاری لیدز، نەخۆشەکە دووبارە چاوی بەو پزیشکە کەوتەوە کە نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام دابوو. مارک کاهیل ئەو نەخۆشەیە کە دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشیەکی زگماکیەوە پێویستی بە بڕینەوەی دەستی  راستی بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پڕۆفیسۆرسیمۆن کای ئۆبی ئی  لە سەنتەری چاندنی نەخۆشخانەی فێرکاری لیدز نەشتەرگەیەکی بۆ ئەنجامدرا وئێستا دوای ١٠ ساڵ لە نەشتەرگەیەکە چاوی بە نەشتەرگەرکەی کەوتەوە. پرۆفیسۆر سیمۆن کای، لەبارەی ئەو نەخۆشانەوە کە ئەو نەشتەرگەریانەیان بۆ کراوە کە یەکێکە لە نەشتەرگەریە ئاڵۆز ودەگمەنەکانی دوونیا دەڵێت، ئەوەی کە زۆر بەلای نەخۆشەکانەوە گرنگ بووە دوای ئەنجامدانی نەستەرگەریەکە، گەڕاندنەوەی توانای ئاسایی نەخۆشەکان بووە بۆ نموونە، بەردانەوەی بەلوعەی ئاو، داهێنانی قژی منداڵەکانیان یاخود گرتنی پەرداخێک ئاو بەدەستیانەوە. نەشتەرگەری چاندنی دەست چەند دەیەیەک لەمەوبەر یەکێک بوو لە نەشتەرگەریە مەحاڵ وئاڵۆزەکان، پڕۆفیسۆر سیمۆن کای لەبارەی نەشتەرگەریەکەوە وتی، ئەم سەنتەرە لە نەخۆشخانەی فێرکاری لیدز یەکێکە لە سەنتەرە پێشەنگەکانی دوونیا بۆ ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە، ئەمە لەکاتێکدا چەند دەیەیەک لەمەوبەر شتێکی لەم جۆرە کارێکی برواپێنەکراو بوو. نەشتەرگەری چاندنی دەست یەکێکە لە نەشتەرگەریە ئاڵۆەکان کە تەنها لە چەند سەنتەرێکی لە دوونیادا ئەنجام ئەدرێت، کەتێیدا هەردوو دەست یان یەکێک لەدەستەکانی کەسیکی مردوو وەردەگیرێت و بۆکەسێک کە دەستەکانی بەهۆی نەخۆشیەک یاخود ڕووداوێک لەدەستداوە دەچێنرێتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی ڕوسیا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕوسیا ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشدار لەشەڕی ئۆکرانیا گفتوگۆ بکات بەڵام کیڤ و پشتگیرە ڕۆژئاواییەکانی ڕەتیانکردەوە کە بەشداری گفتوگۆ بکەن، کیڤیش دەڵێت مۆسکۆ نایەوێت گفتوگۆ بکات. ڤلادمیر پوتین لە جاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆی ڕوسیا وتی: "ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکەین کە تێوەگلاون لەم جەنگە  سەبارەت بە چارەسەرە پەسەندەکان، بەڵام ئەوە لەسەر ئەوان کەوتووە - ئێمە ئەو لایەنە نین کە ڕەتی دەکەینەوە دانوستان بکەین، بەڵکو ئەوانن." پوتین خۆرئاوای بەوە تۆمەتبارکرد کەهەوڵی داوەڕووسیا لەیەک جیابکاتەوە  وتیشی"لەو باوەڕەدام کە ئێمە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا کاردەکەین، بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و گەلەکەمان دەکەین و ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە پاراستنی هاوڵاتیانمان". لە وڵامی پرسیاری کە ئایا ناکۆکی جیۆپۆلەتیکی لەگەڵ ڕۆژئاوا لە ئاستێکی مەترسیدار نزیک دەبێتەوە و گوتی: پێم وانییە زۆر مەترسیدار بێت". پوتین وتیشی: "لە ڕاستیدا، ئەو شتە بنەڕەتییەی کە لێرە هەیە سیاسەتی دژبەرە جیۆپۆلەتیکیەکانمانە کە ئامانجیان ئەوەیە ڕوسیای مێژوویی لێک جیابکەنەوە" بەرپرسانی ئۆکرانیا لێدوانەکەی پوتینیان بە بێمانا وەسف کرد و وتیان، " هێزەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی کریسمەسیان بەسەر برد بۆ بۆردومانکردنی زیاتر لە 25 شارۆچکە بە درێژایی هێڵی پێشەوەی کوپیانسک-لیمان و نزیکەی 20 شارۆچکە لە زاپۆریزژیا ،و بەلایەنی کەمەوە بە 10 مووشەک هێرشی کرایە سەر ناوچەی کوپیانسک لە هەرێمی خارکیڤ" لەهەمان کاتدا ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئۆکرانیا  گوتی پۆتین پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ واقیع و دان بەوەدا بنێت کە ئەوە ڕوسیایە نایەتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەو ڕاوێژکارە وتیشی ڕووسیا  هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و هاوڵاتیان دەکوژێت "ڕووسیا دانوستانی ناوێت، بەڵکو هەوڵ دەدات خۆی لابدات لە هەڵگرتنی  بەرپرسیارێتی بڕیارەکانی  ولەسەر خۆی لایبات" هاوکات کرێملین دەڵێت شەڕ دەکات تا هەموو ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت لە کاتێکدا کیڤ دەڵێت پشوو نادات هەتا هەموو سەربازە ڕووسیەکان لە هەموو ناوچەکە دەکرێنە دەرەوە.

هاوڵاتی بۆقی شوشەیی، کە قەبارەکەی بە هێندەی مارشمیلۆیەکە، لەکاتی خەوتندا یاخود لەکاتی هەستکردن بە مەترسی زۆربەی خرۆکە سورەکانیان لە جگەریاندا کۆدەکەنەوە، بەمشێوەیەش تەواو بێڕەنگ و ڕوون دەردەکەون و رەنگی خۆیان لەگەڵ ڕەنگی گەڵای ڕووەکەکان دەگونجێنن و لە هێرشی ڕاوکەرەکانیان پارێزراو دەبن. بۆقی شوشەیی کە  لە ناوچە گەرمەکان دەژی، بۆماوەیەکی زۆر بوو لەلایەن زاناکانی بایۆلۆجیەوە سەرنجی ئەوە درابوو کە چۆن ئەم رێگەیە بۆ خۆپارێزی کردن بەکاردێنێت، بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکرابوو کە چۆن دەتوانن ئەم کردارە ئەنجام دەدەن.  ئێستا لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا لە زانکۆی دوک لە ئەمریکا ئەوە دۆزرایەوە کە بۆقی ناسراو بە  " بۆقی شوشەیی" ڕێژەی %٨٩ خانەکانی خوێنیان کۆدەکەنەوە لەناو جگەریاندا لەکاتی خەوتن یان کاتێک کە هەست بە مەترسی بکەن، بەمەش %٦٠ لەشی بۆقەکە ڕوون و بێرەنگ " شەفاف" دەبێت. کارلۆس تۆبوادا و دێلیا، دوو زانان کە کاریان لەسەر ئەم تویژینەوەیە کردووە، بەم جۆرە باس لەو میکانیزمە ئەکەن کە ئەم جۆرە بۆقە بەکاری دێنن، بۆقی شوشەیی بەجۆرێک خرۆکە سورەکانیان لە جگەردا کۆدەکەنەوە کە ڕێژەی مەیینەکەی نەگاتە حاڵەتێک کە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانیان، لەکاتێکدا کە ئەم میکانیزمە بەکاردێنن و تەواو شەفاف دەبن؛ بەجۆریک ڕوون دەردەکەون دەتوانی لێدانی دڵیان ببینی لەوکاتەدا و زۆربەی ئەندامەکانی لەشیان لەسەر پێستیانەوە بەدی ئەکرێت. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم جۆرە بۆقە میکانیزمی کۆکردنەوەی خانەکانی خوێن و مەینی بە ڕێژەیەکی گونجاو بەکاردێنن بۆ خۆپارێزی لە ڕاوکەرەکان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە مرۆڤ وزۆربەی ئاژەڵەکانی تردا ئەمە حاڵەتێکی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی جەلدەی دڵ کاتیک خانەکانی خوین لەشووێنیکدا کۆدەبنەوە بەیەکەوە. هاوکات لەبارەی میکانزمەکەوە تویژەرکان باسیان لەوە کرد، بۆقی شوشەیی لەکاتی بە ئاگابوون یان کاتێک دەیەوێت ڕاوبکات خانەکانی خوێنی بڵاودەکاتەوە بۆناو سوڕی خوێن، بەمەش دووبارە دەچێتەوە باری ئاسایی، بەڵام هەرکات هەست بەمەترسی بکات دووبارە دەتوانێت لەماوەیەکی کورتدا خڕۆکە سورەکان لە جگەردا کۆبکاتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە بەهۆی کۆکردنەوەی تەواوی خانەکانی خوێنەوە لە جگەردا قەبارەی جگەر دوو هێندە زیاد دەکات و لەبەرامبەردا لەکاتی بە ئاگایی بۆقەکەدا دووبارە جگەر دەچێتەوە قەبارەی ئاسایی خۆی. زاناکان لەبارەی سود وەرگرتن لەم میکانیزمە ومەیاندنی خوێن بەوڕێژە گونجاوە  لە مرۆڤیشدا کە نەبێتە هۆی مردنی گیانلەبەرەکە باسیان لەوە کرد ئەوە کارێکی زۆر و ماوەی چەندین دەیەی دیکەی دەوێت بۆ لێکۆڵینەوە.    

هاوڵاتی سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆریای باکور سنوری وڵاتەکەیانی بەزاندووە و لە وڵامدا تەقەیان لە فڕۆکەکان کردووەو هەوڵیان داوە بیخەنە خوارەوە. لی سێونگ ئۆ بەرپرسێکی سەربازیی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کە سوپاکەیان فڕۆکەی چاودێری ڕەوانەی باکور کردووە بۆ وێنەگرتنی جێگیرە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەو چاودێری کردنیان، وتیشی: "ئەمە هەوڵێکی  ئاشکرای کۆریای باکورە بۆ وروژاندن و توڕەکردنی ئێمە بە شکاندنی سنورە ئاسمانییەکانمان ". وتیشی ، یەکێک لەو پێنج فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کۆریای باکوور لە نزیک پایتەختی کۆریای باشوور، سیئۆل وە تێپەڕیوەو ئەوانی دیکە لە نزیک کەناری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە ڕۆشتون. ،باسی لەوەشکرد فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوور کە لە ڕۆژی دووشەممەدا هاتونەتە سنوری وڵاتەکەوە  قەبارەیان بچوک بوەو نزیکەی دوو مەتر بونە. ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، تەقەکردنەکانمان بە مەبەستی خستنە خوارەوەی درۆنەکان بووە.بەڵام نەیوت کە درۆنەکان خراونەتە خوارەوە یان نا ،بەڵام، ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاویکردەوە، سوپای کۆریای باشور نزیکەی سەد جار تەقەیان لە درۆنەکان کردووە بەڵام نەیانتوانیوە هیچیان بخەنە خوارەوە. لی سیۆنگ ئاماژەی بەوەشدا، کۆریای باشور وەک وڵامێک فڕۆکەی ناردووە بۆ کۆریای باکور بە مەبەستی وێنە گرتن و پشکنین، چونکە پێیان وایە مەبەست لە هاتنی فڕۆکەکانی کۆریای باکوریش بۆ پشکنین بووە. هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی کە لە فڕۆکەخانەی ئینچیۆن و گیمپۆ دەردەچوون، دوای داوایەکی سەربازی ڕاگیرابوون و لە ئێستادا کراونەتەوە. هاوکات سەبارەت بەم ڕوداوە کۆریای باکورهیچ وڵامێکی نییە و بێدەنگە . جێگەی باسە ئەمساڵ کۆریای باکوور ژمارەیەکی زۆر تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام داوە کە هەندێک لەشارەزایان بەهەوڵێک ناویدەبەن بۆ باشترکردنی چەکەکانی و فشار خستنەسەر ڕکابەرەکان بۆ  بۆ لابردنی سزاکان لەگفتوگۆکانی داهاتوودا،و بەرپرسانی کۆریای باشوریش دەڵێن کۆریای باکور نزیکەی ٣٠٠ درۆنی هەیە.  

ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت چارەسەری کێشەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ تاران ئەنجامی نابێت. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دوشەممە ؛ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپای تۆمەتبارکرد بە دەستوەردان و هاندانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و وتیشی ئەو هەنگاوانە بە بێ زیان نابێت بۆ ڵاتانی رۆژئاوا. کەنعانی وتی؛ ئەگەرچی وڵاتانی رۆژئاوا جەختیان لەوە کردوەتەوە ئامانجیان لە پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتییەکان روخانی دەسەڵاتی وڵاتەکە نییە بەڵام تاران ئەو هەڵسوکەوت و دەستوەردانانە فەرامۆش ناکات. وتەبێژی وەزارەتی دەرە وتیشی؛ ئێران هاوکاریی دەستەی ئاشکراکردنی روداوەکانی ناوخۆی وڵاتەکە لە نەتەوەیەکگرتوەکان ناکات و هەڵوێستی تاران لەسەر ناڕەزایەتییەکان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بە رەگەزنامە بەریتانیی لە ناڕەزایەتییەکان پشتڕاست کردوە و ئاماژە بەوەشکراوە بە گشتی لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی بیانی لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران دەستگیر کراون. کەنعانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ریاز و تاران رایگەیاند؛ هەنگاوی باش بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بە هاوکاریی و نێوەندگیریی عێراق نراوە و بارودۆخەکە گونجاوە بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە بەغداد بەڕێوبچێت. لە بەشیکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، ناسر کەنعانی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە بە پێی پێگەکەی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت چونکە چارەسەری کێشەکانی ناوچە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ تاران ئەنجامی نابێت.