لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 117میلیۆن کەس ئاوارە بوون

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کۆمیساریای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کار و باری پەنابەران (UNHCR) رۆژی پێنج شەممە 13ی حوزەیران لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەناچار ئاوارە بوون گەیشتۆتە 117 میلیۆن و 300 هەزار کەس.

فیلیپۆ گراندی، کۆمیسەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کار و باری پەنابەران بە میدیاکانی راگەیاند:" ئەو کەسانەی ئاوارە بوون، پەنابەر، پەناخواز، ئاوارەی ناوخۆ و ئەو کەسانەن کە بە هۆی شەڕەوە، یان بە هۆی ئازار و ئەشکەنجە و کێشەی جیاوازەو ئاڵۆزترەوە لە وڵاتەکەی خۆیان هەڵهاتوون.

گراندی لە وتەکانیدا جەختی کردەوە:" جەنگەکان سەرەکیترین هۆکاری ئاوارەبوونی خەڵک بوون".

کۆمیساریای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کار و باری پەنابەران لە راپۆرتەکەی خۆیدا دەربارەی رەوتی جیهانی ئاوارەبوونی ناچاری رایگەیاند، لە 12 ساڵی رابردوودا ، هەموو ساڵێک ژمارەی ئەو کەسانەی بەناچار ئاوارە ئەبن، رووی لە زیادبوونە.

ئەم دامەزراوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو باوەرەیە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە چوار مانگی یەکەمی 2024 ئاوارە بوون، روو لە زیادبوونەو پێدەچێت ژمارەی ئەو کەەسانەی ئاوارە بوون تا کۆتایی ئاپریلی ئەمساڵ 120 میلیۆن کەسی تێپەڕاندبێت.

گراندی بە ئاماژە بە جەنگە نوێیەکان وتی :" بە داخەوە تا گۆڕانێک لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا روو نەدات، بەردەوام ئەم ژمارەیە روو لە زیادبوون ئەبێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار