وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: وەڵامی گونجاومان دژی ئێران دەبێت

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی وڵاتەکەی لە راپۆرتی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دەربارەی بڕیاری ئێران بۆ دانانی سانتریفیوژی نێ لە وێستگەی ناوەکی "فێردۆ" دەربڕی و رایگەیاند ئەمریکا وەڵامی گونجاومان دەبێت.

رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، "ئێران وەک وەڵامدانەوە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، بەخێرایی ژمارەیەکی نوێ سانتریفیوژی IR_6 ی لە دامەزراوەی ناوەکی "فێردۆ" دامەرزاندووە".

مەتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندنێکدا وتی، "راپۆرتی ئەمڕۆی ئەژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم ئەوە ئەخاتەڕوو ئێران دەیهەوێت بەردەوام لە پەرەپێدان بە بەرنامە ناوەکییەکانی خۆی بە شێوازێک کە وا دەرئەکەوێت ئامانجی ئاشتیخوازانەی لە پشت نییە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی پلانی پێشتری لە پشتە و بە پێچەوانەی بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامییە کە باس لەوە ئەکەن چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران مەبەستی ئاشتیخوازانەی لە پشتە  و وا دەرئەکەوێت کۆماری ئیسلامی مەبەستی تری هەبێت لە چالاکییە ئەتۆمی و ناوەکییەکانی.

ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا وتی :" ئەگەر ئێران ئەم بەرنامەیەی خۆی جێبەجێ بکات و سانتریفیوژەکان دامەرزێنێت، وەڵامی گونجاومان بۆی ئەبێت".

مەتیۆ میلەر هەروەها وتی :" ئێران ئەبێ دەستبەجێ و بێ هیچ بیانوییەک لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم هاوکاری بکات و پێبەند بێت بەو سنوور دارکردنانەوە کە بۆی دیاری کراوە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی، تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی خۆی لەو چوارچێوە یاساییەی بۆ دانراوە جێبەجێ نەکات، ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، بەردەوام ئەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ناچارکردنی ئێران بە وەڵامدانەوە بە چالاکییەکانی.

مەتیۆ میلەر هەروەها وتی :"ئێمە هاوئاهەنگی تەواومان هەیە لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان و ئامادەین ئەگەر پێویست بکات و لە ئەگەری ئەوەی ئێران وەڵامدەرەوە نەبێت بە ئاژانس، گوشارەکانمان بۆ سەر ئێران زیاتر ئەکەین و وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستمان هاوئاهەنگن لەگەڵمان".

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند:" ئێران رۆژەکانی 9  و 10ی حوزەیران، ئاژانسی ئاگار کردۆتەوە  لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە 3 بۆ 4 حەوتووی داهاتوودا، 174 سانتریفیوژی IR-6    لە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فێردۆ دادەمەرزێنێت.

ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە ٥ی حوزەیرانی 2024،  بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد دەستبەجێ وەڵامی ژمارەیەک لە پرسیارەکانی پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم بداتەوە دەربارەی سەرچاوەی گەردیلەی یۆرانیۆمی دۆزراوە لەو وێستگانەی پێشتر رانەگەیەندرابوون.

ئێران لە رابردوودا بە ناڕەزایەتی بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ساڵی 2022 ئاستی یۆرانیۆمی پیتنراوی خۆی گەیاندە 60 لە سەد کە نزیکە لە ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ چەکی ئەتۆمی.

بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی ٥ی حوزەیران بە 20 دەنگی بەڵێ و 12 دەنگی سپی پەسەند کرا. چین و رووسیا دژی ئەم بڕیارنامەیە بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار