تالب سامی، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کێ بوو؟

3 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

درەنگانی شەوی سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024 سوپای ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کردە سەر گوندی جۆیا لە باشووری لوبنان و چوار فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا بەهۆی ئەم هێرشەوە کوژران. یەکێک لەو فەرماندە باڵایانە، " تالب سامی عەبدوڵڵا" بووە، لەم راپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت تالب عەبدوڵڵا کێ بووەو چ دەور و نەخشێکی لەناو حزبوڵڵادا بووە.

تالب سامی کێ بوو؟

تالب سامی عەبدوڵڵا، لە دایکبووی 1969، کە بە " ئەبووتالب" دەناسرا، یەکێک بوو لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنان.

ماڵپەڕی "ارم نیوز"ی ئیماراتی دەربارەی ئەم فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا نووسیویەتی، ئەبووتالب، فەرماندەی " لیوای النصر" ی حزبوڵڵابووە، لیوایەک کە بەرپرسایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵای لە ناوچە سنوورییەکانی  لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل گرتۆتە ئەستۆ. ناوچەی کشت و کاڵی "شبعا" کە بە دەست ئیسرائیلەوەیە، ناوچەیەک بووە کە "لیوای النصر" چالاکی تێدا بووە.
ئەبووتالب، دیارترین فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵا بووە کە لە ماوەی هەشتی مانگی رابردوودا و دوای پەرسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل، لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە.

کێشە و ناکۆکی و شەڕی ناوەناوەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل وەک درێژکراوەی کەرتی غەزە دەبیندرێت. حزبوڵڵا ئەڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت گوشارەکان لە سەر فەلەستینییەکان کەم بکاتەوە لە کەرتی غەزە، بە درۆن و مووشەک هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش لە وەڵامدا، بنکە و شوێنەکانی حزبوڵڵا ئەکاتە ئامانج. بە هۆی وەڵامدانەوەو هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس لە هێزەکانی ئەم گرووپە میلیشیایە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن کوژراون.

کۆبوونەوەیەکی گرینگ کراوەتە ئامانج
ژمارەیەک لە میدیا عەرەبییەکان لەوانە "ارم نیوز" و "العربیە" باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل لەم هێرشەدا بە درۆن کۆبوونەوەیەکی گرینگی فەرماندەکانی حزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، کۆبوونەوەکە بە بەشداری " تالب سامی عەبدوڵڵا" و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حزبوڵڵا بەڕێوەچووە کە لەو هێرشەدا لانیکەم 4 فەرماندەی حزبوڵڵا کوژراون.
میدیاکانی لوبنان باس لەو ئەکەن، جگە لە "تالب سامی" 3 فەرماندەیتری حزبوڵڵا بەناوەکانی، عەلی سەفوان، محەممەد سەبرا، حسێن محەممەد حەمید لەو هێرشەدا کوژراون. ئەوانە ٣ فەرماندە بوون کە وێڕای تالب سامی عەبدوڵڵا لەم کۆبوونەوەدا بەشدار بوون. 

پەیوەندی لەگەڵ قاسم سلێمانی
تالب سامی، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران بوو. 
لیوای "سیدالشهدا" یەکێک لە گرووپە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بە بە دەرکردنی راگەیاندنێک، سەرەخۆشی کردووە بە بۆنەی کوشتنی "تالب سامی"ەوەو وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی قاسم سلێمانی ناوی بردووە.

بەپێی دوایین ئاماری دامەزراوەی لوبنانی " زانیاری نێونەتەوەیی" (International Information)  لە 8 مانگی رابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم ٤٤٤ کەس لە لوبنان کوژراون.  334 کەسیان ئەندامی حزبوڵلا، 18 کەسیان سەر بە رێکخراوی تەندروستی ئیسلامی حزبوڵڵا، 18 کەسیان سەر بزووتنەوەی " امل" هاوپەیمانی حزبوڵڵا، 7 کەس لە بەشی فریاگوزاری خێرا، 3 هەواڵنێر، 1 کەس سەر بە سوپای لوبنان، یەکێک لە ئەندامانی حزبی سووری نەتەوەگەرانی کۆمەڵایەتی لەم هێرشانەدا کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار