بانکی جیهانی: ئابووری ئێران زیاتر دەڕووخێت

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بانکی جیهانی، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیران بڵاوی کردووەتەوە، پێش بینی ئەوەی کردووە گەشەی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی (GNP)ئێران لە ساڵانی داهاتوودا کەمتر دەبێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە، گەشەی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی ئێران لە شەش مانگی دووهەمی 2024 و شەش مانگی یەکەمی 2025 دائەبەزێت بۆ 3.2%. لە حاڵێکدا پێشتر وا بەراورد کرابوو کە ئاستی بەرهەمهێنای نەتەوەیی ئێران لە ساڵی رابردوودا نزیک لە %5 بووە.

بانکی جیهانی هەروەها پێش بینی ئەوەی کردووە لە ساڵانی داهاتوودا ئابووری ئێران گەشەیەکی کەمتری ئەبێت و لە 6 مانگی دووهەمی 2025 و شەش مانگی یەکەمی 2026 ئاستی گەشەی ئابووری ئێران ئەگاتە 2.6 لەسەد و دواتر دادەبەزێت بۆ 2.4 لەسەد.

ئابووری ئێران لە ساڵی 2018 ەوە  دابەزینی گەشەی بەرهەمهێانی خاوی نەتەوەیی بە خۆیەوە دیوە. ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی زانیارییەکانی بانکی جیهانی ئابووری ئێران لە ساڵی 1982 بە بەرزترین ئاست واتە 23.2لە سەد گەیشت. دوای ئەوە جگە لە ساڵی 1990 هیچکات نەگەیشۆتە سەر 10 لە سەدەوە.

بانکی جیهانی لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە ئەکات، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی لە ئێران، کە پشت بەستووە بە هەناردەکردنی نەوت، دەبێت بە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران زۆر زیاتر لە ئێستا تێک بشکێت. 

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و لە ئێستادا لە چەند دەروازی سنوورییەوە بازرگانی بەردەوام هەیە لە نیوان ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق. خراپتربوونی باری ئابووری ئێران ، کاریگەری لە سەر بازاڕەکانی کوردستان و عێراق هەیە. 

گەمارۆ ئابوورییەکان، لە چەند ساڵی رابردوودا کاریگەری لەسەر ئابووری ئێران داناوە. لە ساڵی 2023 دا تمەن نزیک بە 50% بەهای خۆی لەدەستداوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە غاز و کارەبای بەرهەمهێناوەو هەناردەی کردووە، بەڵام لە ئێستادا بۆ دابینکردنی بەشێک لە کارەبا و غاز، پشت بە  وڵاتی تورکەمەنستان ئەبەستێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار