مەرگی رەئیسی، بووە بە هۆی راگرتنی رێککەوتننامەی هەمەلایەنەی نێوان ئێران و رووسیا

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە هەواڵنێرییەکانی راگەیاندووە " رێککەوتننامەی هەمەلایەنەی هاوکاری نێوان ئێران و رووسیا" بە شێوەی کاتی راگیراوە، بەڵام باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە مۆسکۆ ئەم هەواڵە رەت ئەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵی "ڕیانووستی" هەواڵنێری فەرمی رووسیا رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیران لە زاری " زەمیر کابۆلۆڤ" بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بڵاوی کردەوە، رێککەوتننامەی نوێی نێوان ئێران و رووسیا، دەربارەی هاوکاری هەمەلایەنەی نێوان دوو وڵات لەبەر ئەوەی هاوبەشە ئێرانییەکان کۆمەڵێک کێشەیان لەبەردەمە، بە شێوەی کاتی راگیردراوە.

ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە هەواڵنێرییەکانی وتووە:" ئەمە بڕیارێکە لە لایەن رێبەرانی دوو وڵاتەوە دراوە... رەوتی هاوکاریکردنی نێوان دوو وڵات بە شێوەی کاتی راگیراوە لەبەر ئەوەی هاوبەشە ئێرانییەکان کۆمەڵێک کێشەیان لەبەردەمە".

زەمیر کابۆلۆڤ، کە نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری رووسیایە بۆ کار و باری ئەفغانستان و بەڕێوەبەری بەشی دووهەمی ئاسیایی وەزارەتی دەرەوەی رووسیایە، لە وتووێژێکیتر لەگەڵ ناوەندی هەواڵی رووسی "تاس" هەر لەم بارەوە وتوویەتی، لەبەر ئەوەی تاران هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لەبەردەمە، رێککەوتننامەی هاوکاری نێوان دوو وڵات هەڵپەسێردراوە.

ئەم بەرپرسە باڵا رووسییە هەروەها وتوویەتی :" ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی دوایین گۆڕانکارییەکانی رێککەوتننامەکە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتە دەستمان، پێشنیارەکانی خۆمان خستە بەردەمیان و لە ئێستادا لەبەردەم لایەنی ئێرانیدایە.

بەڵام لەو رووەوە کە رێبەری ئێران لە ئێستادا سەرقالی خۆ ئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ، چاوەڕوانین ئەوان ئەم رەوتە کامڵ بکەن".

دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ماڵپەڕی خوێندکارانی ئێران (ایسنا) نووسیویەتی، زەمیرکابۆلۆف رایگەیاندووە کە بەئەنجام گەیاندن و کامڵکردنی رێککەوتننامەیەکی هەمەلایەنەی هاوکاری نیوان ئێران و رووسیا، بە هۆی مەرگی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشتری ئێران، بە شێوەی کاتی راگیراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار