حزبوڵڵا بە زیاتر لە 100 مووشەک و دەیان درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممە 13ی حوزەیران، چەند جار زەنگی ئاگادار کردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە شارەکانی باکووری ئیسرائیل لێ دراوەو دوانیوەڕۆی پێنج شەممە 40 مووشەک لە سنوورەکانی لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراوە.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە راگەیاندووە، حزبوڵڵای لوبنان بەربڵاوترین و گەورەترین هێرشێ درۆنی کردۆتە سەر ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم جەنگەوە.
کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئیسرائیل ( کان تی ڤی) چەند گرتە ڤیدیۆیەکی لە خستنەخوارەوەی درۆنەکان بڵاو کردۆتەوە لە شارەکانی ئیسرائیل، بە تایبەت لە " سەفد" لە 12 کیلۆمەتری سنووری ئیسرائیل- لوبنان.
هەروەها بەشی خزمەتگوزاری خێرای ئیسرائیل رایگەیاند بە هۆی بەرکەوتنی پارچەوە 2کەس بریندار بوون و لە چەند ناوچەیەک ئاگر کەوتۆتەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، سەرکەوتوو بوون لە خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەکەکان.
هاوکات حزبوڵڵای لوبنان، کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن، رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردۆتە سەر 9 بنکەی سەربازی ئیسرائیل.
دوای ئەوەی درەنگانی شەوی سێ شەممە 11ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵا و ٤ فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵا لەوانە "تالب سامی" ناسراو بە " ابوطالب" کوژران، حزبوڵڵا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل تۆختر کردۆتەوەو ئەمڕۆ دووهەم رۆژی هێرشە چڕەکانی حزبوڵڵا بوو بۆ سەر ئیسرائیل بە درۆن و مووشەک.
تەلەفیزیۆنی "المنار" کەناڵی فەرمی حزبوڵڵا راگەیاند زیاتر لە 100 مووشەکیان هاوکات بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە.
بە مووشەکی کاتیۆشا و فەلەق 6 بنکەی سەربازی ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج. حزبوڵڵای لوبنان دوای 7ی تشرینی یەکەم و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە هێرشی حەماس، رایگەیاند بۆ پشتیوانی لە حەماس بەردەوام ئەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل.