فڕۆکەکەی جێگری سەرۆکی مەلاوی دیارنەماوە
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیار بوو فڕۆکەکەی جێگری سەرۆکی مالاوی لە فڕۆکەخانەی شارى مزوز لە باکووری وڵاتەکە بنێشێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10 ی حوزەیرانی 2024، نوسینگەی سەرۆکی مالاوی رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، فڕۆکەکەی جێگری سەرۆک دیارنەماوە و هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکە دەستیپێکردووە.
نوسینگەی سەرۆک ئاماژە بەوەشدەکات، فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی مالاوی، کە ساولۆس چیلما، جێگری سەرۆکی تێدابووە، لە رادارەکانەوە دیارنەماوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە بەگەشتێک لە شارى لیلیۆنگۆی پایتەختەوە فڕیوە.
هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیارنەمانی فڕۆکەکەی جێگری سەرۆک، لازارۆس شاکوێرا، سەرۆکی مالاوی گەشتەکەی بۆ دوورگەکانی بەهاما هەڵوەشاندووەتەوە.
سەرۆکی مالاوی فەرمانی بە تیمەکانی فریاگوزاری کردووە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکە و رزگارکردنی سەرنشینەکان چڕبکرێنەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیاربوو کاتژمێر 10 بۆ 11 پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، فڕۆکەکەی جێگری سەرۆکی مالاوی لە فڕۆکەخانەی شارى مزوز لە باکووری وڵاتەکە بنێشێتەوە.