هاوڵاتی رۆژی شەممە پارێزگاری دیموکراتەکانی ویلایەتی نیویۆرک ڕایگەیاند، نیویۆرک بووە شەشەمین ویلایەتی ئەمریکا کە بڕیاری بەپەینکردنی لاشەی مردووی مرۆڤی پەسەندکرد، ئەمەش لەپێناو سودگەیاندن بە ژینگە وکەمکردنەوەی کاریگەریەکانی لەسەر زەوی. کەتی هۆچول، پارێزگاری ویلایەتی نیویۆرک بڕیاریدا کە ڕێگەبدرێت بە پەیەنکردنی لاشەی مرۆڤی مردوو لە نیویۆرک، ئەمەش بەهۆی ئەوەی شێوازەکانی دیکەی ناشتنی مردوو و سوتاندن کاریگەریەکی خراپیان لەسەر ژینگە هەیە ودەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە. لەم شێوازەدا لاشەی کەسی مردوو لەگەڵ چەند پێکهاتەیەکی دیکە تێکەڵ دەکرێن وەک پوش، چیلکە ودار وچەند ماددەیەکی دیکەدا بۆماوەیەکی کەم گەرم دەکرێت و دەکرێت بە پەین کە دواتر دەتوانرێ بۆ نەمام چاندن سودی لێوەربگیرێتەوە، لەپاش پرۆسەکە پەینەکە دەدرێتەوە بە کەسوکاری مردووەکە بۆ بەکارهێنانی لە چاندنی نەمام وڕووەکێکدا. هاوکات پێش ویلایەتی نیویۆرک، لە ساڵی ٢٠١٩ واشنتۆن یەکەم ویلایەتی ئەمریکا بوو کە بە یاسایی کرد، هەریەک لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، ئۆریگۆن، ڤێرمۆنت و کالیفۆرنیاش بەدوایدا بڕیارەکەیان پەسەندکرد..
هاوڵاتی ژمارەی قوربانیانی ئەو لافاوەی لە هەفتەی پێشوەوە فلیپینی گرتۆتەوە گەیشتە ٥١ کەس و زیاتر لە ١٩ کەسیش بێسەروشوێنن. ئاژانسی وەڵامدانەوەی کارەساتی نەتەوەیی ڕۆژی دووشەممە گوتی، بەلایەنی کەمەوە 22 شار و شارۆچکە دۆخی لەناکاویان ڕاگەیاندووە لافاو لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە شەپۆلی بارانبارین لێیداوە دروست بووە ،تەنها لە هەرێمی میندانای باکوور ٢٥ کەس گیانیانلەدەستداوە ڕاشیگەیاند زۆربەیان بەهۆی خنکان و ڕۆچونی زەوییەوە بوەو ژمارەیەکیشیان ماسی گربوون . وتیشی، زیاتر لە 8,600 کەس لە پەناگەی فریاکەوتن ماونەتەوە باسی لەوەشکرد، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 4500 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و لەگەڵ ڕێگاوبان و پردەکان و هەندێک ناوچەیش هێشتا کارەبایان نییە. ئاژانسی وەڵامدانەوەی کارەساتی نەتەوەیی ئەوەشی ڕونکردەوە حکومەت خواردن و پێداویستی ناردوو بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە و کەلوپەل و پەناگە بۆ ئەو کەسانە دابین کراوە کە ماڵەکانیان ژێر ئاو کەوتون. هاوکات زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەھۆی بارانبارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون لە ناوچەی میندانا و باکووری فلیپین تۆمارکراوە.
هاوڵاتی لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو هەلیکۆپتەر لە ئوسترالیا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە دۆخێکی مەترسیداردان. دووشەممە لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو هەلیکۆپتەرلە دەوروبەری کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆیی ئوسترالیا لە نزیک هێڵی گەشتیاری بەناوبانگی کەناری سەرەکی لە کەناری گۆڵد لە باشووری بریسبان چوار کەس گیانیان لەدەستدا. گاری وۆرێل، لێکۆڵەری پۆلیسی کوینزلەند، بە پەیامنێرانی گوت: "ئەو دوو فڕۆکەیە، کاتێک بەیەکدا کەوتن، لە کەناری دەریاکە کەوتونەتە خوارەوە. سێزدە کەس لەسەر دوو هەلیکۆپتەرەکە بوون، بە وتەی جەینی شێرمان، لە خزمەتگوزاری ئامبولانسی کوینزلاند لەو ژمارەیە چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسیش برینداری سەختیان هەیە وو شەش کەسیش برینی بچوکیان هەبووە و سەرجەمیان براونەتە نەخۆشخانە. هاوکات ئەنگوس میچێل، سەرۆکی کۆمیساری فەرمانگەی سەلامەتی گواستنەوەی ئوسترالی (ئەی تی ئێس بی) لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەسەرهۆکاری پێکدادانەکە دەستی پێکردووە.
هاوڵاتی لە ئەنجامی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر زیندانی سیوداد خوارێز لە سنووری ئێل پاسۆ لە تێکساس 10 پاسەوان و چوار زیندانی کوژران . نوسینگەی داواکاری گشتی ویلایەتی چیهواوا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە نزیکەی کاتژمێر 7ی بەیانی ئۆتۆمبێلیکی زرێپۆشکراو هێرشی کردۆتە سەر زیندانەکەو تەقەیان لە پاسەوانەکان کردووە جگە لەو کوژراوانە 13 کەسی دیکە برینداربوون و بەلایەنی کەمەوە 24 زیندانیش هەڵهاتوون. وتیشی ، لە ئێستادا زیندانەکە کۆنتڕۆڵ کراوەو لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە. بهگوێرهی سهرچاوه رۆژنامهوانییهكانیی مهكسیك، رووداوهكه بهشێوهیهك روویداوه، ژمارهیهك چەکدار هێرشیان كردووهته سهر زیندانهكه و تەقەیان لە پاسەوانەکان کردووە، لە کاتێکدا کە بنەماڵەی زیندانییەکان چاوەڕێی چوونە ژوورەوەی زیندانەکە بوون بۆ ئەوەی بە بۆنەی سەری ساڵەوە سەردانی کەسوکارەکانیان بکەن. ئهوهش خراوهتهڕوو، "مەبەست لەو هێرشە ئاسانکاریی بوو بۆ هەڵهاتنی کۆمەڵێک زیندانی." هاوکات بەپێی ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتی ئەو ویلایەتە، کەمێک پێش هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی سەر زیندانەکە، پۆلیسی ئەو ناوچەیە هێرشی کراوەتە سەرو دوای بەدواداچوون توانییویانە چوار پیاو دەستگیر بکەن. جێگەیباسە، توندوتیژی لە زیندانەکانی مەکسیکدا زۆر جار ڕودەدات، پێکدادانەکان بە بەردەوامی لە نێوان باندە ڕکابەرەکاندا هەیە، لە مانگی ئابدا پشێوی لە ناو هەمان بەندیخانەدا کەوتەوەوسەرئەنجام 11 کەسی گیانیان لەدەستدا.
هاوڵاتی لە کۆنسێرێکدا لە کامپالای پایتەختی ئۆگەندا لە مۆڵێکدا بەهۆی قەرەباڵغیەوە ٩ کەس گیانیان لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی کامپالا، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە وخنکاون زۆربەییان منداڵ ونەوجەوانن، لەناو مۆڵەکەدا قەرەباڵغیەکی زۆر درووستبووە وخەڵکەکە بەپێچەوانەی یەکترەوە رۆشتوون. نزیکەی ٥ لەوانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن و ژێر پێ کەوتوون و خنکاون، هەروەها بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات لەدوای پەتای کۆرۆنا، ئەمە یەکەم کۆبونەوە وئاهەنگی سەری ساڵ بووە لە ئۆگەندا، پۆلیسی کامپالا ڕایگەیاندووە کە خەڵکێکی زۆر لە مۆڵەکەدا کۆبونەوە بۆ بینینی یاریە ئاگرینەکان وئاهەنگی سەری ساڵ، هەر بۆیە ئەم ڕووداوەی لێکەوتۆتەوە و هەروەها ئاماژەی بەوەداوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
هاوڵاتی دوێنی لەدوای وتارەکەی ڤلادیمێر پوتین بۆ سەری ساڵی نوێ، ڤلادیمێر زیلێنسکی لە پەیامێکدا بۆ ڕووسیەکان وتی، پوتین وڵاتەکەتان لەناو ئەبات، ڤلادیمێر پوتین لەپشت سوپاکەی خۆی حەشارداوە نەوەک سەردکردایەتیان بکات. لەدوای هێرشە موشەکیەکانی ڕووسیا بۆسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لەدواین ساتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ سەرۆکی ڕووسیا و ئۆکرانیەکان پەیامی تووندیان ئاڕاستەی سەرۆکی رووسیا کرد و روسیایان بەوە تۆمەتبارکرد کە خەڵکی سڤیلیان کردۆتە ئامانج لەکاتێکدا ئۆکرانیەکان کۆببونەوە و ئاهەنگی سەری ساڵیان دەگێڕا. سەرەڕای هێرشە موشەکیەکانی ڕۆژی شەممە کە تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا، ڕوسیا هێرشە موشەکیەکانی بۆسەر کیەڤی پایتەخت لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دەستیانپێکردەوە وبەردەوام بوون، بەپێی ڕاگەێندراوی کاربەدەستانی ئۆکرانیا لە هێرشەکانی ڕۆژی یەک شەممە نزیکەی ٤٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کامیکازی درووستکراوی ئێرانیان خستۆتە خوارەوە. هەر لەبارەی هێرشە موشەکیەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەندری نێبیتۆڤ، بەرپرسی پۆلیسی کیێڤ وینەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بڵاوکردەوە کە خستبوویانە خوارەوە و بە ڕووسی لەسەری نوسرابوو " سەری ساڵی نوێتان پیرۆز"
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد دادگای نێودەوڵەتی بۆچوونێک سەبارەت بە دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشکەش بکات، هاوڵاتیانی فەڵەستین دەستخۆشیان لەم بڕیارە کرد و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش توڕەی خۆی دەربڕی. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند کە دەنگدانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و داواکردنیان لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ پێدانی بۆچونێک لەسەر دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە بڕیارێکی "چەپەڵە". وتیشی : "جولەکەکان لەسەر خاکی خۆیان داگیرکەر نین و داگیرکەر نین لە ئۆرشەلیمی پایتەختی هەتاهەتایی ئێمە و هیچ بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ئەو ڕاستییە مێژووییە بگۆڕێت". هاوکات، فەڵەستینییەکان پێشوازیی و دەستخۆشییان لەم بڕیارە کرد. نەبیل ئەبو ڕودەین، وتەبێژی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ملکەچی یاسا بێت، و لێپرسینەوە لە تاوانە بەردەوامەکانی لە دژی گەلەکەمان بکرێت". هەروەها حسێن ئەلشێخ بەرپرسی باڵای فەلەستین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، دەنگدانەکە "دەرخەری سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی فەلەستینە". لە دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا 87 ئەندام هەبوون کە دەنگیان بە پەسەندکردنی داواکارییەکە دا، ئیسرائیل و ئەمەریکا و 24 ئەندامی دیکە دەنگی نەخێریان دا، و 53 نەندامیش بێلایەنبوون. جێگەیباسە دادگای نێودەوڵەتی کە بنکەی لە لاهایە و بە دادگای جیهانیش ناسراوە، دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە کە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان و نەتەوەکاندا دەکات. بڕیارەکانی پابەندکەرن، هەرچەندە دادگای نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنیان نییە
وڵاتێکی دیکەى ئەوروپا چوە ناو ناوچەی شنگن و لەمەودوا مامەڵە بە دراوی یۆرۆ دەکات. کرواتییا کە ماوەى 10ساڵە بوەتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، لە نوێترین هەنگاودا بڕیاری دا بە درکار بە دراوی یۆرۆ بکات. وڵاتی کرواتیا بەم هەنگاوەی ماڵئاوایی لە دراوی نیشتیمانیی خۆی کرد کە دراوی (کونا) کرد و بەوەش یەکێکی دیکە بە وڵاتانی ئەوروپا زیاد دەکات کە کار بە دروی یۆرۆ دەکەن. کرواتیا یەکێکە لە وڵاتە سنورییەکانی کیشوەری ئەوروپا و روبەرێکی گەورەی سنوری ئاویی هەیە و بە پەیوەستبونی بە ناوچەی شنگن سودمەند دەبێت لە چەندین پێودانگی نوێ. لە کۆی 27 ئەندامی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی رابردو 19 وڵات دراوی یۆرۆیان وەک دراوی سەرەکیی بەکارهێناوە و کرواتیا دەبێت بە بیستەمین وڵات کە دراوی یۆرۆ دەبێت پارە و دراوی وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ کۆبونەوەکانیان لەگەڵ سوریا بەردەوام دەبێت و بەم زوانە کۆبونەوەی دوەمی نێوان ئەو دو وڵاتە لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا بەڕێودەچێت. مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریی لە رێورەسمی سوێندخواردنی لویز ئیناسیۆلولا داسلڤای سەرۆکی بەرازیل رایگەیاند؛ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا پەیوەندیەکی تەلەفونیی ئەنجام داوە و باسیان لەکۆبونەوەی دوەمی وڵاتەکەیی وسوریا کردوە. بە وتەی چاوشئۆغلو و هە دوو لایان هاوڕابون لەسەر ئەنجامدانى کۆبونەوەیان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدابەڵام تائێستا کات وشوێنى کۆبونەوەکە بەدیاریی کراوی دەستنیشان نەکراوە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتیشی، پارێزگاری لە سەروەریی سنورەکانیان لەگەڵ سوریا دەکەن و بەردەوام دەبن لەکۆبونەوە لەگەڵ حکومەتى سوریا ودەیانەوێت لەسەر ئاستی باڵاتردا پەیوەندیەکانیان بەردەوام بێت. ئەوە لەکاتێکدایە رۆژى سێشەمەى رابردو کۆبونەوەى وەزیرانى بەرگرى یروسیا و تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ بەرێوەچو.
هاوڵاتی سەرۆکی تایوان پێشنیاری یارمەتی چین دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا،و ڕایگەیاند چالاکیە سەربازییەکانی چین لە نزیک دوورگەکە بەسوود نین بۆ بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن ڕۆژی یەکشەممە پێشنیاری کرد کە "یارمەتی پێویست" پێشکەش بە چین بکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەشەنەسەندن لە کەیسەکانی COVID-19. وتیشی، چالاکیە سەربازییەکانی چین لە نزیک دوورگەکە بەسوود نین بۆ بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. باسی لەوەشکرد، لەسەر بنەمای پێگەی چاودێری مرۆیی، ئێمە ئامادەین هاوکاری پێویست پێشکەش بکەین بۆ یارمەتیدانی ئەوکەسانیەی توشی پەتاکە بوون و بەهیوای بەڕێکردنی ساڵێکی نوێ تەندروست و سەلامەت بۆ هەموو لایەک" مانگی پێشوو چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لە یاساکانی دا کرد بۆ ڕوبەڕوبونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای هەڵوەشاندنەوەی توندترین ڕێوشوێن و کەرەنتینە لەو وڵاتەدا ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بێ پشکنین توشی ڤایرۆسەکە ببن و بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبێتەوە ، هەندێک لە شارەزایانی تەندروستی نێودەوڵەتی پێیان وایە ڕۆژانە بە ملیۆنان خەڵک توسی ڤایرۆسەکە دەبن. هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین لەگەڵ لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو جارێکی تر داوایانکرد بە شێوەیەکی رێکخراو بەشدارییان پێبکەن لە داتاکانی پەیوەست بە رەوشی کۆرۆنا. ھەروەھا لێپرسراوانی تەندروستی جیھانی داوایان لە لێپرسراوانی چین کرد زانیارییان پێبدەن لە بارەی ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرەو تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە. جێگەیباسە ئەمریکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور، هیندستان، ئیتالیا، ژاپۆن و تایوان ژمارەیەکی زۆر وڵاتانی جیهان داوای تاقیکردنەوەی کۆڤید ١٩ دەکەن لە گەشتیارانی چین پێش گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نوێی ڤایرۆسەکە هەیە لە وڵاتەکانیان
هاوڵاتی وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە تەقینەوەیەک لە دەروازەی فڕۆکەخانەی سەربازی لە پایتەختی ئەفغانستان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. ئهمڕۆ شهممه 1ـی كانوونی دووهمی 2023، عەبدول نەفی تاکوور، گوتهبێژی وهزارهتی ناوخۆی حکومەتی تاڵیبان به دهزگاكانی راگهیاندنی راگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازی کابوول روویداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون. وتیشی، هۆکاری تەقینەوەکە لە دەروازەی ئەو بنکەیەی تەنیشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول ڕوون نییە هەروەها بێئەوەی ئاماژە بە ژمارەیان بدات،وتی :"ژمارەیەک لەهاونیشتمانیانمان لەو تەقینەوەیەدا شەهید و بریندار بوون" دانیشتوانی ناوچەکە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە گوێیان لە تەقینەوەیەکی بەرز بووە پێش 8ی بەیانی لە بەرەی سەربازی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول . ڕاشیانگەیاند، کە ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیراوەو و هەموو ڕێگاکان داخراون جێگەیباسە حکومەتی تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەو کاتەوەی دەسەڵاتییان گرتۆتە دەست لە مانگی ئابی 2021ەوە ئاسایشیان باشتر کردووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر تەقینەوە و هێرشی بۆمبی لەو وڵاتە ئەنجام دراوە کە کە بەشێکی زۆریان لەلایەن لقی ناوخۆی داعشەوە بانگەشەیان بۆ کراوەو ئەنجام دراون.
هاوڵاتی چن گانگ یەکێکە لە یاریدەدەرە بڕواپێکراوەکانی سەرۆکی چین و لە ساڵی ٢٠٢١ وەک باڵوێزی چین لە ئەمریکا کاری کردووە. لەبارەی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی نوێی چین، لەیەکم لێدوانیدا چن گانگ وتی، دەستپێشخەر دەبێت وەک نوێنەری چین لە ئاستەنگیە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتیدا. چن گانگ کە ئێستا وەک وەزیری دەرەوەی نوێی جین دەستنیشانکراوە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پۆستی گرنگی هەبووە لە وەزارەتی دەرەوەی چین، لەوانەش وەکز وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦، لە ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ وەک ئەفسەری پرۆتۆکۆڵەکان کاریکردووە لە وەزارەتی دەرەوەی چیندا.
هاوڵاتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی داوا لە لێپرسراوانی چین دەکات بەشێوەیەکی رێکخراو ئامارەکانی کۆرۆنا بخەنەڕوو. رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین لەگەڵ لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو جارێکی تر داوایانکرد بە شێوەیەکی رێکخراو بەشدارییان پێبکەن لە داتاکانی پەیوەست بە رەوشی کۆرۆنا. ھەروەھا لێپرسراوانی تەندروستی جیھانی داوایان لە لێپرسراوانی چین کرد زانیارییان پێبدەن لە بارەی ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرەو تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە. جەختیشیان لەوە کردەوە کە "گرنگی چاودێریکردن، و بڵاوکردنەوەی داتاکان لەکاتی خۆیدا پێویستە، بۆ یارمەتی چین و کۆمەڵگەی جیهانی بۆ داڕشتنی پلانیک بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسیداری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەو گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست ". تەندروستی جیھانی لەسەر پەرەسەندنی کۆڤید-19 لەو وڵاتە بڕیاری داوە ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوەیەک ئەنجام بدات. ئاژانسەکە دەڵێت بانگهێشتی زانایانی چینی کردووە بۆ پێشکەشکردنی زانیاری ورد لەسەرپەرەسەندنی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەو ژمارەی توشبون و مردن و ڕێژەی پێدانی ڤاکسین. هاوکات،ئەمریکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور، هیندستان، ئیتالیا، ژاپۆن و تایوان هەمووی داوای تاقیکردنەوەی کۆڤید ١٩ دەکەن لە گەشتیارانی چین پێش گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نوێی ڤایرۆسەکە هەیە لە وڵاتەکانیان. هاوکات ئەو سەرنشینانەی لە چینەوە دەگەنە ئینگلتەرا پێویستە تاقیکردنەوەیەکی نەرێنی ئە ڤایرۆسە پێشکەش بکەن .
هاوڵاتی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی بێلاڕووس دەڵێت پێناچێت ئەو موشەکە ئۆکرانییەی کە هاتە ناو ئاسمانی بێلاڕووسەوە و خرایە خوارەوە " بە ڕێکەوت " بووبێت. ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس وتی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە موشەکێکی ئێس – 300 ی ئۆکرانی زەوی بۆ ئاسمانییان لە نزیک گوندی هارباچا لە هەرێمی برێست خستۆتە خوارەوە، ئەو ناوچەیەش 15 کم لە سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیاوە دوورە ئەلیکساندەر ڤۆلفۆڤیچ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی بێلاڕووس بە ڕۆژنامەی سپۆتنیک بێلاڕووسی وت " کیێڤ بە پەرۆشەوەیە بۆ وروژاندنی ململانێیەک لە ناوچەکەدا ئیتر بە هەر شێوەیەک بێت. نموونەش بۆ ئەمە ڕووداوەکەی ئەمدواییانە بوو کە موشەکە ئێس – 300 ەکەی ئۆکرانیا تێکشکێندرا." وتیشی " هۆکارێکی کەم هەیە بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین کە بە ڕێکەوت موشەکەکە هاتۆتە ئاسمانمانەوە". لە هەمان کاتدا کرێملین وتی کە زۆر نیگەرانە لە ڕووداوەکە وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ بانگهێشتکردنی شارەزایانی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە "دەوڵەتی تیرۆریستی ڕوسیا" ناکەن بۆ یارمەتیدان لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و ئەوەشی وت " مافی بێ مەرج بۆ بەرگری و پاراستنی ئاسمانی خۆی پاراستووە"، وتەبێژێکی سەربازی ئۆکرانی گوتی ڕووداوەکە "ئەنجامی بەرگری ئاسمانی"بووە . سەرەڕای ئەوەش بێلاڕووس بانگێشتی باڵیۆزی ئۆکرانیای کرد لە مینسک و بە فەڕمی ناڕەزایی دەربڕی دژی " ڕووداوە مەترسیدارەکە." و داوای دەستبەچێ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕوداوەکە کرد.