ناسا سپەیس ئێکسی راسپاردووە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لەناوبەرێت
5 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی
ناسا کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسکی راسپاردووە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لەناوبەرێت. ئەمە لەکاتێکدایە وردە وردە تەمەنی ئەو وێستگەیە بەرەو کۆتا دەچێت.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایەگەیاندووە، کە ئامێرێک دروست دەکات توانای هەیە وێستگە ئاسمانییەکە کە کێشی 480 تۆنە بەربداتەوە ناو زەریای هێمن.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئەم مانگە ناسا رایگەیاند، بە بڕی 843 ملیۆن دۆلار رێککەوتنێکیان لەگەڵ سپەیس ئێکس بۆ ئەو مەبەستە کردووە.
وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 1998 دەست بە ناردنی بۆ بۆشایی ئاسمان کرا و لە ساڵی 2000 کارەکانی تەواوبوو. هەموو 90 خولەک جارێک لە بەرزی 400 کیلۆمەتر لە ئاستی دەریاوە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە.
لەو کاتەوە هەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان بەردەوام مرۆڤی تێدا نیشتەجێبووە و بووەتە لانکەی هەزاران لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی نوێ.
هەرچەندە بەهۆی زیادبوونی تەمەنییەوە بەبێ کاری مرۆڤیش بەردەبێتەوە سەر زەوی، بەڵام ئەوە مەترسی گەورە دروست دەکات بەتایبەت ئەگەر بە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی مرۆڤدا بدات.
ناسا تاوەکو ئێستا چەندین رێگەی بۆ لەناوبردنی وێستگە ئاسمانییە پیرەکە لێکداوەتەوە، بەڵام هیچیان سەری نەگرتووە. لەم دواییەدا بڕیاری داوە بیداتە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسک.