دوو راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: ئەگەر ترەمپ بیباتەوە ئۆکراینا و رووسیا ناچار دەکات بچنە سەر مێزی گفتووگۆی ئاشتی
5 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی
دوو راوێژکاریی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمساڵی ئەمریکا پلانێکیان پێشکێشی ترەمپ کردووە، کە دوای بوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا گوشار لە ئۆکراینا بکات گفتووگۆی ئاشتی لەگەڵ رووسیا دەستپێبکات و ئەگەر وانەکات ئەمریکا چەکی بۆ نانێرێت.
کێز کێڵۆگ، جەنەراڵی خانەنشینی ئەمریکا و راوێژکاریی ترەمپ بۆ بواری ئاسایش لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ئەگەر ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە، دەیکات بە مەرج لەسەر ئۆکراینا، کە ئەگەر چەکی ئەمریکای بوێت، دەبێت بچێتە ناو گفتووگۆی ئاشتییەوە لەگەڵ رووسیا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا هۆشداری دەداتە رووسیاش، کە ئەگەر ئەو گفتووگۆ ئاشتانە رەتبکەنەوە، ئەمریکا هاریکارییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاددەکات.
پلانەکە کێڵۆگ و فرێد فڵێتز، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا داویانەتە ترەمپ و فلێتز دەڵێت، پلانەکە بەو جۆرەیە، لەکاتی گفتووگۆکانی ئاشتیدا ئاگربەست لە جەنگەکەد ادەکرێت.
فلێتز دەڵێت، وەڵامی ترەمپ بۆ پلانەکە ئەرێنی بووە و باس لەوە دەکات، "نازانم رازی بوو بە پلانەکە یان رازی بوو بە وشە بە وشەی، بەڵام دڵخۆشین بەو وەڵامەی وەرمانگرتووە".
5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و دوو بەربژێری سەرەکیش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکان.
کرێملن لەبارەی پلانەکەوە دەڵێت، هەر پێشنیازێکی ئاشتی لەلایەن ئەمریکاوە بکرێت دەبێت رەنگدانەوەی جەنگەکە بێت و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش هەمیشە بۆ گفتووگۆی ئاشتی کراوەیە.
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە، پێشبینی دەکرێت وەچەرخانێکی گەورە لە ئاڕاستەی جەنگی ئۆکراینا رووبدات و زۆرینەی ئەگەرەکانیش ئەوەن کە جەنگەکە بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێت.