چین ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە نیوەی نرخی کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەفرۆشێت
5 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی
کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چین لە مەکسیک لقیان کردووەتەوە و دەستیان بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کردووە. دەڵێن دەست بە ناردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمریکا دەکەن، ئەمەش هەڕەشەی گەورەی لەسەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا دروستکردووە بەهۆی کەمی نرخەکانیانەوە.
لە ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی نرخی یەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستکراوی ئەو وڵاتە 55 هەزار دۆلاری ئەمریکییە. کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لەو کاتەدا ناتوانن رکابەرییەکە بکەن و ئەگەری هەیە تووشی زیانی کارەساتبار بن.
شیرۆد براون، سیناتۆری سەر بە دیموکراتەکانی ئەمریکا لە نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، جار دوای جار چین کەلوپەلی هەرزان کە حکومەتی چین پارەی زیانەکەی دەدات بۆ تێکدانی بازاڕی ئەمریکا دەنێرێت. دەشڵێت، نابێت رێگە بدەین هەمان کار بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا بکات.
بە گوێرەی بەرپرسانی دیموکراتی ئەمریکا، چین رێککەوتنی ساڵی 2020ی ئیدارەی ترەمپ و چین بەکاردەهێنێت بۆ تێکدانی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا. رێککەوتنەکە وابوو، چین دەتوانێت ئۆتۆمبێلەکانی لە خاکی ئەمریکا بفرۆشێت بەو مەرجەی لە مەکسیک بیبەستێت.
دۆناڵد ترەمپ بە گۆڤاری تایمی گوتووە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، 100٪ی بازرگانیی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چین لە ئەمریکا قەدەخە دەکات، دەشڵێت "رێگە نادەم بازرگانییەکانی دیکەشمان بدزن".
بە گوێرەی ماڵپەڕی گلۆبەڵ داتا، چین لە ساڵی 2023دا بە دروستکردنی 10 ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل، 62٪ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهانی دروستکردووە. ئەمریکا بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 1 ملیۆن ئۆتۆمبێل تەنیا 10٪ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهانی دروستکردووە.
کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی بی وای دی هەراکەی ناوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاند کارگەیەکی ئۆتۆمبێل لە مەکسیک دەکاتەوە. ئۆتۆمبێلی جۆری سیگوڵی ئەو کۆمپانیایە لە چین تەنیا بە 12 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت و نرخەکەی لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور تەنیا 21 هەزار دۆلارە؛ ئەمە لەکاتێکدایە نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی ئەمریکا بە گشتی لە 55 هەزار دۆلاردایە.