لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا: جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کارەساتبار دەبێت

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر جەنگ لە نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل هەڵگیرسێت ئەنجامەکەی (کارەساتبار) دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوودا مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل گەیشتۆتە لوتکە.

لە ئەنجامی ئەو ترسە و تۆپباران و بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکتر، دەیان هەزار هاووڵاتی لە هەردوو وڵات ئاوارەبوون.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 25-6-2024، ڵۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، سەرقاڵی گفتووگۆی دیپلۆماسین لەگەڵ حیزبوڵا و بەرپرسانی ئیسرائیل تاوەکو مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ کەمبکەنەوە و رێگە بۆ خەڵک خۆشبکەن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.

گوتەکانی ئۆستن لەکاتێکدایە، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکای کرد و لەلایەن وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە پێشوازی لێکرا.

ئۆستن گوتی، "دنەدانەکانی حیزبوڵا هەڕەشە لە پەلکێشکردنی ئیسرائیل و خەڵکی لوبنان بۆ ناو جەنگێک دەکات کە خۆیان نایانەوێت".

یواڤ گالانت رایگەیاندووە، "ئیسرائیل سوورە لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی لە باکوورەوە، ئەوەش بۆ ئامادەبوون بۆ هەر سیناریۆیەک کە ئەگەری روودانی هەیە.

گالانت ئەوەشی بە ئۆستن گوتووە، پێویستە ئەمریکا کار لەسەر ئەوە بکات، هەژموونی هەرێمیی ئێران کەمبکاتەوە و رێگە نەدات ئەو کۆمارە ئیسلامییە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

پاتریک ئێس رایدەر، جەنەراڵی ئەمریکیش لەبارەی هاریکاریی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، هاریکاریمان "پۆڵایینە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار