مارین لوپێن لە دەسەڵاتی ماکرۆن وەک سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا کەمدەکاتەوە
5 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی
مارین لوپێن دەڵێت، ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانی وڵاتەکە لە هەڵبژاردنی کۆتایی ئەم مانگەدا بباتەوە، رێگە بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا نادات چەکداری فەرەنسا بۆ ئۆکراینا بنێرێت.
رۆژی پێنجشەممە 27-6-2024، مارین لوپێن، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی دەڵێت، "سەرۆکی هێزە چەکدارەکان پۆستێکی رەمزییە بۆ سەرۆکی فەرەنسا، ئەوە سەرۆکوەزیرانە کە توانای کۆنترۆڵکردنی هەیە". ئەمە لە کاتێکدایە دواین راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتەکەی لوپێن دەتوانێت 36٪ی دەنگەکانی فەرەنسا بباتەوە.
پارتەکەی ماکرۆن تا ئێستا تەنیا 19.5٪ی دەنگەکانی فەرەنسا دەباتەوە.
رۆژی یەکشەممە 30-6-2024، یەکەم گەڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. ئەوەش دوای ئەوە هات ماکرۆن لە سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی دۆڕانی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوروپا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە فەرەنسا کرد.
ماکرۆن یەکێک لە بەهێزترین سەرکردە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەوروپایە و لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناشەوە، گەورەترین بەرهەڵستیی رووسیای کردووە و بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە نابێت رووسیا جەنگەکە بباتەوە. لە دواین هەڵوێستیدا ماکرۆن گوتی، "ئەگەر رووسیا بڕیاری دابێت زیاتر بڕوات" ئەویش هێزی سەربازی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت.
لوپێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرەنسیدا رایگەیاندووە، ئەگەر جۆردان باردێڵا، بەربژێری جوڵەی نیشتمانی ببێتە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، ئەوا دەسەڵاتی ماکرۆن وەک سەرۆکی فەرەنسا کەمدەبێتەوە.
دەڵێت، جۆردان خواستی وانییە دژایەتی ماکرۆن بکات، بەڵام ماکرۆن هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە، چونکە سەرۆک ناتوانێت هێزی سەربازی بنێرێت بۆ ئۆکراینا.
ئەگەر بەرەی نیشتمانی بیباتەوە، ماکرۆن ناچاردەبێت بەربژێری سەرۆکوەزیرانە 28 ساڵەکەی پارتەکەی لوپێن هەڵبژێرێت؛ ئەمەش یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2002 کە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە دوو پارتی جیاواز بن.