زانایان گورگێکیان لە سبیریا دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 44 هەزار ساڵە
5 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی
زانایان لاشەی بەستووی گورگێکیان لە سبیریا دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 44 هەزار ساڵە.
گورگەکە لە زانکۆی فیدراڵی باکووری رۆژهەڵات لە شاری ئاکوتسکی رووسیا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
گورگەکە لە ساڵی 2021دا لە لایەن دانیشتوویەکی یاکوتیاوە دۆزراوەتەوە.
ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەدا بەردەوام زەوییەکە بەستوویەتی، بەڵام ئێستا بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە لە چەند ناوچەیەک بەفر دەتوێتەوە.
بەهۆی بەستووییەوە، گورگەکە شێوەی خۆی لەدەست نەداوە و ئەندامەکانی جەستەی و شێوەی گشتیی لاشەکەی و مووەکەی گیانی بە تەواوی ماونەتەوە.
زاناکان هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێگەی ئەو گورگەوە لە سیستمی خۆراکیی سروشت تێبگەن لەو ماوەیەدا.
هەروەها دەیانەوێت ڤایرۆس و بەکتریای نوێ لە جەستەی گورگەکەدا بدۆزنەوە، ئەوەش چونکە بەشێک لە بەکتریا و ڤایرۆس بۆ هەزاران ساڵ لە کەشی سارددا دەژین.
رۆبێرت لۆزی، لێکۆڵەری ئاژەڵ و مرۆڤی دێرین لە زانکۆی ئەلبێرتا کە بەشێک لە تاقیکردنەوەکە پێکدەهێنێت لەبارەی گورگەکەوە دەڵێت، "بەڕاستی جێگەی شۆکە".
ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەمە تەنیا ئاژەڵی چاخی پلایستۆسینە کە دۆزرابێتەوە".
لە دوای لێکۆڵینەوە لە ددانێکی گورگەکە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە گورگەکە نێر بووە و تەمەنی گەورە بووە کە لە ناوچەیەکی سارد و تەختدا راویکردووە.
هەروەها لەوانەیە پاشماوەی بەشێک لەو ئاژڵانەی گورگەکە خواردوونی لە نێوان ددانەکانی و گەدەیدا مابێتەوە، بۆیە دەتوانن لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەوانیش بکەن.
زاناکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەر هەر کامێک لەو زیندەوەرە بچووکانەی لە لاشەی گورگەکە دەدۆزرێنەوە نوێ بن بۆ زانست، دەکرێت لە داهاتوودا دۆزینەوەی نوێ لە زانستی پزیشکیدا بەرهەمبێنن.
13:41