ئەو تاوانبارەی سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی لە رووسیا کوشت زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرا
5 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
پاش سێ ساڵ و چەندین دانیشتنی دادگە، دواجار دادوەر سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر کەسێک بەناوی ڤیکتۆر میرسکۆی سەپاند، کە سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا کوشت.
بەگوێرەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانی ڤیکتەر میرسکۆی بکوژی سێ هاوڵاتییە کوردەکە، کێشەکە لەسەر مانگایەک بووە، کە بکوژ ویستویەتی مانگاکە لەو خێزانە کوردە بکڕێت، بەڵام ئەوان پێیان نەفرۆشتووە و مانگاکەیان سەربڕیوە، بۆیە میرسکۆی لە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە سکاڵا لە دژی یەکێک لە ئەندامانی خێزانە کوردەکە بەناوی گولیستان تۆمارکردووە، بەڵام پۆلیس لایەنی خێزانە کوردەکەی گرتووە.
ڤیکتۆر میرسکۆی دوای کوشتنی سێ هاووڵاتییە کوردەکە، هێرش دەکاتە سەر بنکەی پۆلیسی ناوچەکە و کارمەندێکی پۆلیس بریندار دەکات.
لە کاتی گەڕانی هێزە ئەمنییەکانی رووسیا بەدوای تۆمەتباردا، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە، دواتر بەبرینداری دەستگیری دەکەن.
هەروەها تاوانبار لە بەردەم دادوەر دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و پەشیمان نەبووەتەوە لە کوشتنیان، تەنیا گوتوویەتی، کوشتنی منداڵە تەمەن پێنج ساڵەکە بەڕێکەوت بووە.
جێگای ئاماژەیە، شەوی 16 لەسەر 17ی ئەیلوولی 2021 لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا، سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی نیشتەجێی گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا بەناوەکانی گولیستان ئیبراهیمۆڤای تەمەن 59 ساڵ، نادیر تەمەن 19 ساڵ و عەزیزی 5 ساڵان، کە سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵبوون، لە لایەن کەسێکی بەڕەچەڵەک رووس، بەناوی ڤیکتەر میرسکۆی کوژران.