عێراق دەنگۆی گواستنەوەی سەركردەكانی حەماس بۆ بەغدا رەتدەكاتەوە
10 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
حكومەتی عێراق, دەنگۆی گواستنەوەی بارەگای سەركردایەتی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بۆ بەغدای پایتەخت رەتدەكاتەوە، كە ماوەیەكە لە میدیا ناوخۆیی و جیهانیەكان باس دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، فادی شەمەری, راوێژكاری سیاسی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی شەرقل ئەوسەتی رایگەیاند، هیچ نوسینگە و بارەگایەكی حەماس لە بەغدا نەكراوەتەوە و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەیەنەوە کە باس لە کردنەوەی بارەگای حەماس دەکەن لە عێراق.
هاوكات سەرچاوەیەكی تری نزیك لە حكومەتی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، گواستنەوەی سەركردەكانی حەماس خالید میشعەل و ئیسماعیل هەنیە بۆ بەغدا زۆر دوورە لە راستییەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، رۆژنامەی زە ناشناڵی ئەمریكی لە راپۆڕتێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، مانگی رابردوو ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی بزوتنەوەی حەماس و نوێنەرانی هەردوو حكومەتی عێراق و ئێران، گفتوگۆیان لەبارەی گواستنەوەی بارەگاو سەركردەكانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ بەغدا کردووە.
هاوكات هەندێك میدیای عێراقیش بڵاویانكردووەتەوە، نوسینگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی بزوتنەوەی حەماس لە بەغدادی پایتەختی عێراق, بە رەزامەندی فەرمی حكومەتی عێراق كراوەتەوە.
