سبەینێ یەکەم دیبەیتی نێوان ترەمپ و بایدن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمساڵی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

رۆژی پێنجشەممە 27ی ئەم مانگە، کاتژمێر 4:00ی سەر لەبەیانی بەکاتی هەولێر، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.

دیبەیتەکەیان 90 خولەک دەخایێنێت و بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین دیبەیتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت.

ترەمپی تەمەن 78 ساڵ و بایدنی تەمەن 81 ساڵ دووان لە پیرترین بەربژێرانی سەرۆکایەتی ئەمریکان و بایدن پیرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

چاوەڕواندەکرێت لە دیبەیتەکەدا رووبەڕووبوونەوەی قورس و قسەی رەق و نافەرمی زۆر بەکاربێت.

دۆناڵد ترەمپ لەو چوار ساڵەی کۆشکی سپی جێهێشتووە، زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر جۆ بایدن.

هەردوو بەربژێر بۆ کاتژمێر و نیوێک دیبەیت لەبارەی ئابووری، جەنگ، کۆچ و داهاتووی دیموکراسیی ئەمریکا دەکەن.

ئێستا لە راپرسییەکاندا ترەمپ و بایدن بە نزیکەیی وەک یەک وان، یەک هەڵەی بچووک یان دەربڕینێکی ناجۆر دەکرێت کاریگەریی گەورەی لەسەر تێڕوانینی گەلی ئەمریکا بەرامبەر ئەو دوو بەربژێرە هەبێت.

دۆناڵد ترەمپ و لایەنگرانی رەخنەی توند لە تەمەنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەگرن و باس لەوە دەکەن بایدن ناتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێرێتەوە بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، ریکۆردەکەی جۆ بایدن وەک پیرترین سەرۆکی ئەمریکا دەشکێنێت.

بە گوێرەی راپرسییەکی هاوبەشی نیویۆرک تایمز و سیەنا کۆلێج، 73٪ی دەنگدەرانی ئەمریکا لایان وایە بایدن زۆر پیرە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ تەنیا 3 ساڵ لە بایدن منداڵترە، بەڵام تەنیا 43٪ی دەنگدەران لایان وایە باش نییە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.

مایکرۆفۆنی بەردەم هەریەک لە بەربژێرەکان لە کار دەخرێت ئەگەر نۆرەی خۆیان نەبوو بۆ قسەکردن، هەروەها لە ستۆدیۆکەدا هیچ ئامادەبوویەکی لێ نابێت تاوەکو دەنگە دەنگ و هەرا و هوریا بکەن لە دوای قسەکانی بایدن و ترەمپ.

دوایین جار ئەو دوو بەربژێرە لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکدی بووبنەوە 29ی ئەیلوولی 2020 بوو لە شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنیسی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار