وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ گوشار کردن لەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

دوای ئەوەی پێشنیازەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئاگربەست رەتکرایەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی گفتووگۆ لەبارەی ئاگربەستەوە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن بۆ جاری هەشتەم لە دوای شەڕی ئیسرائیل و غەززەوە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لەم سەردانەیدا بلینکن دەچێتە میسر، قەتەر، ئیسرائیل و ئوردون و بڕیارە چاوی بە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل و حەماس بکەوێت.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدایە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی تاهەتایی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل پێشکێشکردووە.

هاوکاتیشە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوەی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل کە هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە نیشانداوە.

لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، بلینکن ئەوە بۆ هەردوولا رووندەکاتەوە ئاگربەست چەند سوود بە هەردوولا دەگەیێنێت و رێگە لە مردن لە غەززە دەگرێت.

هەوڵی ئاگربەست بە نێوەندگیری میسر، قەتەر و ئەمریکا  لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، هەر لە مانگەکانی یەکەمی جەنگەکەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەردەوام شکستی هێناوە. ئەوەش لەبەرئەوەی هەردوولا یەکدی بەوە تۆمەتبار دەکەن مەرجەکانیان جێگەی قبوڵکردن نەبێت.

بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاگربەستەکە ئاگری نوێی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنانیش کە لەم دواییانەدا خەریکە بڵێسە دەسێنێت، خامۆشدەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار