وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا: رۆژانە نزیکەی 400 کۆچبەر لە بێلارووسەوە هەوڵی پەڕینەوەی نایاسایی بۆ ناو پۆڵەندا دەدەن

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

گرژییەکانی سەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلارووس تا دێت روویان لە زیادبوونە، ئەوەش لەبەر زیادبوونی ژمارەی کۆچبەری نایاسایی کە هەوڵدەدەن لە بێلارووسەوە بچنە نێو یەکێتی ئەوروپاوە.

هەریەک لە یەکێتی ئەوروپا بە گشتی و پۆڵەندا بە تایبەت مینسک و مۆسکۆ بەوە تۆمەتباردەکەن، لە رێگەی ناردنی کۆچبەرەوە بۆ سەر سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا، دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە.

بەرپرسانی پۆڵەندا دەڵێن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنوورەکانیان زیادیکردووە.

هەفتەی رابردوو سیزاری تۆمچیک، جێگری وەزیری بەرگری پۆڵەندا رایگەیاند، "هەموو رۆژێک، 300 بۆ 400 هەوڵی نایاسایی بۆ پەڕینەوە بە سنووری [پۆڵەندا] تۆماردەکەن".

دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پلانی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامی بە پانی 200 مەتر بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ بێلارووس راگەیاندووە.

هاوکات بڕیارە ژمارەی سەربازانی سەرسنوور کە ئێستا 5,500 دانەی لێیە زیادبکرێت  و نزیکەی 2 ملیار و 550 ملیۆن دۆلاریش بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەری نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە خەرجکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سەربازێکی پۆڵەندی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، کە لە 28ی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن کۆچبەرێکەوە بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر.

تەسک جەختی لەوەشکردووەتەوە، رووسیا دەستی لە زۆربوونی ژمارەی کۆچبەران لەسەر سنووری وڵاتەکەی هەیە و بەڵگەش ئەوەیە 90٪ زیاتری ئەوانەی لە بێلارووسەوە پەڕیونەتەوە پۆڵەندا ڤیزای رووسیایان هەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار