ئەو 4 هاوڵاتییە ئیسرائیلییەوە ئەمڕۆ لە لایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کران کێ بوون؟

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نوئا ئارگامانی تەمەن 26 ساڵ

ڤیدیۆی رفاندنی ئەم کچە ئیسرائیلییە لە فێستیڤاڵی مووزیک پێشتر زۆر لە میدیاکان باسی لێوەکرابوو.

ئەم کچە ئیسرائیلییە کاتی رفاندنی لە لایەن هێزەکانی حەماسەوە هاواری ئەکرد " مەمکوژن".

لەو ڤیدیۆییەدا، ئاوینتان یا، هاوڕێ کوڕەکەی نوئا، دەبینرێت کە ئەویش لە لایەن هێزەکانی حەماسەوە رفێندراوبوو.

دایکی ئەم کچە ئیسرائیلییە کە هاوڵاتییەکی چینی- ئیسرائیلییە و شێرپەنجەی مێشکی هەیە، پێشتر لە ڤیدیۆییەکدا باسی لەوە کردبوو بێ هیوایە لەوەی جارێکیتر کچەکەی ببینێتەوە.

ئەو لەو ڤیدیۆیەدا وتبووی :" کاتێکی زۆرم نەماوە".

نوئا خوێندکاری زانکۆی بێن گۆرینی ئیسرائیلە.

ئالمووگ مائێر جان تەمەن 21 ساڵ

ئالمۆگ مائێر، یەکێکە لە دانیشتوانی " ئوور یەهوودا"، بەر لەوەی بە بارمتە بگیردرێت لە مەسێجێکی دەنگیدا بە دایکی وتبوو :" لە هەموو شوێن دەنگی مووشەک دەبیسترێت.

نازانم چی قەوماوە، دایکەگیان خۆشم ئەوێی".

دایکی لە ئەسینا بە هەواڵنێرەکانی وتبوو، ژیانی بووە بە دۆزەخ، دواین وێنەیەک کە لە کوڕەکەی بینیویەتی ئەو گرتە ڤیدیۆ بووە کە لە لایەن حەماسەوە بڵاو کراوەتەوە و ئالمووگ لەگەڵ خۆیان ئەبەن.

ئۆریت ، دایکی ئالمووگ ئەڵێت، کوڕەکەی ئەو کاتەی رفێندرا، لە سەر زەوی راکشابوو و ترساوە.

تایمزی ئیسرائیل نووسیبووی، ئالمووگ مائیز سێ مانگ پێش هێرشی 7ی تشرینی حەماس، سەربازی تەواو کردبوو.
 
ئەندرێ کۆزۆلۆڤ تەمەن 27 ساڵ.

ئەندرێ کۆزۆلۆڤ هاوڵاتییەکی رووسی- ئیسرائیلی بوو کە لە لایەن حەماسەوە لە  7 تشرینی یەکەمدا رفێندرا

ئەم هاوڵاتییە رووسی- ئیسرائیلییە پاسەوانی ئەو فێستیڤاڵی مووزیکە بوو کە لە نزیک "کیبۆتس" بەڕێوە ئەچوو و لە لایەن حەماسەوە هێرش کرایە سەری.

ئەو کاتەی حەماس هێرشی کرد، کۆزۆلۆڤ لە گەڵ باوکی و هاوڕێکانی لە پەیوەندیدا بوو و دەیگوت شوێنێکی نییە خۆی تێدا بشارێتەوە.

دوای 3 حەوتوو بنەماڵەی ئاگادار کرانەوە بە بارمتە گیراوە.

ئاندرێ لە سەن پێترێزبۆرگی رووسیا لە دایکبووەو ساڵ و نیوێک پێش ئەوەی بە بارمتە بگیردرێت لە رووسیاوە چبووە ئیسرائیل، لە شارۆچکەی " ڕیشۆن لێتسیۆن" لە باکووری " تێل ئەڤیڤ" ئەژیا. 

دایکی ئەم هاوڵاتییە رووسی- ئیسرائیلییە دوای رفاندنی کوڕەکەی لە لایەن حەماسەوە لە رووسیاوە خۆی گەیاندە ئیسرائیل.

شلۆمی زیۆ تەمەن 40 ساڵ

شلۆمی زیۆ بە هەمانشێوەی ئاندرێ یەکێک بوو لە پاسەوانەکانی ئەو فێستیڤالی  مووزیکە کە لە نزیک " کیبۆتس" بەڕێوە ئەچوو لە نزیک سنوورەکانی كەتی غەزە و حەماس هێرشێ کردە سەری.

ئەم هاوڵاتییە ئیسرائیلییە لە کاتی هێرشی حەماسدا لە پەیوەندیکدا لەگەڵ یەکێک لە خوشکەکانی وتبووی، لە هەموو شوێنێک تەقە ئەکرێت و دەنگی مووشەک ئەبیسترێت.

دوایین پەیوەندی ئەم هاوڵاتییە 40 ساڵ تەمەنە ئیسرائیلییە لەگەڵ خوشکەکانیدا بووە کە لە کاتی قسەکردندا هەڵهاتووەو هەناسەبڕکەی بووەو وتبووی، دواتر پەیوەندیتان پێوە ئەکەمەوە.

شلۆمی زیۆ لەگەڵ ژنەکەی لە ناوچەی " ئەلکووش"ی ئیسرائیل لە سنوورەکانی لوبنان ئەژین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار