ئۆکراینا 27 هەزار زیندانی بۆ بەشداریکردن لە جەنگ ئازاد دەکات

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

ئۆکراینا بەهۆی کەمی و قەیرانی ژمارەی سەربازەوە لە ئۆکراینا بڕیاریداوە 27 هەزار بەندکراو کە گونجاون بۆ شەڕکردن لە بەرەکانی جەنگی وڵاتەکە لە دژی رووسیا ئازادبکات.

ئەمە یەکەم جارە لە دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە جەنگ ئۆکراینا روو لە بەندینخانەکانی بۆ کۆکردنەوەی سەرباز لە سوپای وڵاتەکەدا بکات.

بڕیارەکە مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی ئۆکرایناوە پەسەند کرا.

بە گوێرەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا، 42 هەزار زیندانی لە بەندینخانەکانی ئۆکراینادا هەن؛ وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە دەڵێت، نزیکەی 27 هەزار زیندانی گونجاون بۆ ئەو ئەرکە.

ئۆکراینا هیچ ژمارەیەکی دیار و روون لەبارەی ژمارە و شوێنی سەربازەکانی لە جەنگەکەی دژی رووسیادا بڵاوناکاتەوە، بەڵام فەرماندەکانی جەنگ لە ماوەی رابردوودا بە ئاشکرا ئاماژەیان بە قەیرانی کەمیی ژمارەی سەربازانی ئۆکراینا باسکردووە.

رێککەوتن لەگەڵ سەربازەکان بەو جۆرەیە، دەبنە سەرباز بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان و هیچ پاداشتێکی مادی وەرناگرن، بەڵام ئەگەر مان و نەمردن، دەتوانن ئازاد بن.

سەربازێک دەڵێت، "هاندانێکی زۆر لە نێوان زیندانییەکاندا هەیە کە دەیانەوێت وەک پاڵەوانێک بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، نەک وەک زیندانییەک".

زیندانییەکی دیکە دەڵێت، "کارێکی گێلانەیە لەم بەندینخانەیەدا دانیشیت و هیچ نەکەیت، هەمیشە ویستوومە شتێک بۆ ئۆکراینا بکەم و لە سوپادا ناوم بنووسن، ئەوە ئەو هەلە هاتە پێشەوە".

ئەم پێشنیازە هەموو بەندکراوەکانی ئۆکراینا ناگرێتەوە؛ ئەوانەی بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی، هەراسانکردنی سێکسی، کوشتنی دوو کەس یان زیاتر دەستگیرکراون یاساکە نایانگرێتەوە.

ئەو زیندانیانەش کە بڕیارە ئازادبکرێن، پێش ئەوە پشکنینی دۆخی مێشک و لایەنی دەروونی و تەندروستییان بۆ دەکرێت.

ئازادکردنی زیندانییان لەلایەن ئۆکرایناوە لەکاتێکدایە، جەنگ لە دوو مانگی رابردوودا سەختتر بۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئایاردا رووسیا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر خارکیڤ و رووبەرێکی گەورەی کۆنترۆڵکردەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار