رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان دەكەن لە سزادان رزگاریان دەبێت
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە کوردستان ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان دەكەن لە سزادان رزگاریان دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەمووزی 2024، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی، لەوانە حاڵەتە ترسناکەکانی کوشتن، دەستدرێژی، لێدان و ئاگرتێبەردان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
رێکخراوەکە نیگەرانی خۆى دەربڕیوە بەهۆى بوونى ژمارەیەکی کەمی ماڵى داڵدەدان کە بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ناوچەکەدا بەردەستە، راپۆرتەکە لەسەر بنەمای 57 چاوپێکەوتن لەگەڵ کرێکارانی مرۆیی و بەرپرسان و 15 کەسی رزگاربووە.
رێکخراوەکە، لە راپۆرتەکەیدا داوای دابینکردنی بودجەی زیاتری بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، بەربەستى سەرەکی بەردەم رزگاربووان ئەوەیە "دەبێت خۆیان سکاڵای تاوانکاری لەسەر هێرشبەرەکەیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم سکاڵایە پێویستە بۆ ئەوەى لەماڵى داڵدەدان بپارێزرێن.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەشڵێت، ساڵی 2023 لانی كەم 30 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ساڵی 2022 ژمارەی ئەو ژنانەی كە كوژراون 44 ژن بووە، بەڵام رێكخراوە ناحكومییەكان دەڵێ رەنگە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتریش بێت.
ڕاپۆرتەکە لە زاری توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە نووسراوە، ژنان نایانەوێت بچنە دادگا چونکە لێیان دەپرسن، ،چیتکردووە واى لە بەرامبەرەکەتکردوە بەمشێوەیە مامەڵەت لەگەڵبکات؟، و راپۆرتەکە دەڵێت، نابێت ئەو پرسیارەبکرێت.
لەم بارەیەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "لایەنگری"ی نێوان هەندێک لە دادوەرەکانی لە بەرژەوەندی پیاوان سەرکۆنە کردووە، کە سزاى هەندێک تاوانباریان وەکو پێویست و بەگوێرەى گەورەیی تاوانەکە نەداوە.