پارتی چەپ و میانڕۆکان بۆ بەربەستدانان لەبەردەم راستڕۆکانی فەرەنسا یەکیانگرت

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

پارتە چەپەکان و پارتی میانڕۆی فەرەنسا هاوپەیمانێتییەکیان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا لە دژی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری بەرەی نیشتمانی دروستکردووە.

داوا لە گەلی فەرەنسا دەکەن بەربەست لەبەردەم چوونە سەر دەسەڵاتی راستڕۆکان دابنێن.

دوێنێ یەکشەممە 30-6-2024، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، پارتی بەرەی نیشتمانی کە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە بە سەرۆکایەتی مارین لوپێن پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و توانی 33٪ی دەنگەکان بباتەوە.

لە بەرامبەردا هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەلی چەپ توانی 28٪ی دەنگەکان و پارتی ئونسێمبڵ بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن، توانی 20٪ی دەنگی گەلی فەرەنسا بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

هەرچەندە بە گوێرەی ئەم ئەنجامانە دەبێت پارتی بەرەی نیشتمانی لە گەڕی دووەمدا 50 کۆ یەکی 577 کورسییەکەی پەرلەمانی فەرەنسا بباتەوە، بەڵام پارتە چەپ و میانڕۆکان ئێستا چوونەتە پاڵ یەک و داوا لە لایەنگرانیان دەکەن دەنگیان بکەن بە یەک.

چوونە پاڵ یەکی هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەل و ئینسێمبڵ بەو جۆرەیە، هەریەک لەو دوو پارتە ئامادەن لە بازنە جیاوازەکاندا ئەگەر بەربژێرەکەیان دەنگی کەمی هێنابوو و بەربژێری پارتەکەی دیکە دەنگی زیاتری هێنابوو، ئەوا بەربژێرەکەی خۆیان دەکشێننەوە تاوەکو بەربژێرە دەنگ زۆرترەکە بتوانێت بەسەر بەربژێری راستڕۆکاندا سەرکەوێت.

لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا 271 کورسیی پەرلەمان یەکلابووەتەوە، واتە 271 بەربژێر لە بازنە جیاوازەکاندا توانیویانە هەر لە گەڕی یەکەمدا 50 کۆ یەکی دەنگەکان بکاتەوە و پێشی بەربژێرەکانی دیکە بداتەوە.

پارتی راستڕۆ لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە فەرەنسا لایەنگری لەدەستداوە و باوی نەماوە، بەڵام مارین لوپێن بە سوودوەرگرتن لە توڕەیی شەقامی فەرەنسا لە ئیمانوێل ماکرۆن، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و چوونی کۆچبەری زۆر بۆ فەرەنسا، توانی ئەو بیرکردنەوە نەرێنیانە لەسەر راستڕۆکان لابەرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار