جێگری سکرێری گشتیی حیزبوڵا: تاوەکو ئاگربەست نەکرێت و سوپای ئیسرائیل لە غەززە نەچێتە دەرەوە لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل ناوەستین

4 ڕۆژ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان دەڵێت، تاوەکو ئاگربەستی تەواوەتی لە غەززە رانەگەیێنرێت، پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناوەستێت.

نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئاگربەست لە غەززە بکرێت، بێ قسە واز لە شەڕ دێنین.

باس لەوەش دەکات، بەشداریکردنی ئەوان لە شەڕی دژی ئیسرائیل بۆ هاریکاریکردنی حەماس بووە، ئەگەر شەڕیش نەمێنێت، ئیدی پێویست بە هاریکاری ناکات.

ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبوڵا دەڵێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە رووبدات و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە نەکشێنەوە، ئەوا چارەنووسی پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناڕوون دەبێت.

قاسم لە گفتووگۆیەکی 40 خولەکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، هەموو کاردانەوەیەکی ئەوان پەیوەستە بە بەردەوامی یان وەستانی جەنگ، دروستبوونی ئاگربەست یان پێچەوانەکەی؛ تاوەکو ئەو شتانەش دڵنیا نەبنەوە، ئەمان ناتوانن هەڵوێستی راستیی خۆیان دڵنیابکەنەوە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا کە گفتووگۆی ئاشتی و ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل تێکچوو و لەلایەن هەردوولاوە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا رەتکرایەوە، پێکدادانی حیزبوڵا و ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل زیادیکردووە.

هەر لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حیزبوڵای لوبنان بە نزیکەیی رۆژانە ئاڵووگۆڕی هێرشی مووشەکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە.

بەهۆی ئەو گرژیانەوە دەیان هەزار هاووڵاتی لە گوند و شارۆچکەکانی سەر سنووری هەردوو وڵات ئاوارەبوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار