توركیا سنوورەكانی لەگەڵ سوریا داخست

5 مانگ لەمەوپێش



مەهران رەمەزان

هاوڵاتی، سلێمانی

حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنووریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لە 1ی تەمووزی 2024 لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنوریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان.

ئاژانسەکە دەشڵێت، هێزەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا روبەڕوی پەلاماری چەكداری دەبنەوە، ئەوەش دوای ئەو كردەوە توندوتیژیانەی بەنابەرە سورییەكانی لە توركیا كردە ئامانج.

سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوو، توركیا دەروازە سنوریە سەرەكییەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا داخستووە، دوای ئەوەی هێزەكانی روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانی سوری توڕە، بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سوریا لەتوركیا.

لەم بارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆباڵی "پلانی ئاژاوە"ی نایە ئەستۆی گروپەكانی پەیوەست بە رێكخراوە تیرۆرستیەكان، بەڵێنیشدا ئەو "دەستە پیسانە" ئاشكرابكات كە لەپشتی روداوەكانی ئەم دواییەوەن.

سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، دەزانین كێیە ئەم جۆرە گەمانە دەكات لەگەڵ بەزیوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی، ئێمەو برا سوریەكانمان ناكەوینە ئەو بۆسە پیسە, رادەستی كاری تێكدەرانەی رەگەپەرستی نابین.

ئەردۆغان ئاماژەی باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە 670 هەزار سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا، دوای ئەوەی توركیا بە درێژایی دەیەی رابردوو كاری لەسەر بنیادنانی  ناوچەی ئارام كردووە.

چارەسەری كێشەی پەنابەران بەشێوەیەكی مرۆیی و ئەخلاقی دەكرێت بەجۆرێك تەریبی دۆخی ئابوری توركیا بێت, كە میوانداری زیاتر لە سێ‌ ملیۆن پەنابەری جەنگی سوریای كردووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا،  هەینی رابردووش وتی، دەكرێت كۆبونەوە لەگەڵ ئەسەد هاوكاربێت لە گێڕانەوەی پەیوەندیە دووقۆڵییەكان، توركیا لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بچڕاندو پشتیوانی یاخیبووەكانی كرد، كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەدەن.

لەم بارەیەوە دوێنێ سێشەممە، 2ی تەمووزی 2024، عەلی یرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا لە تویتێکدا رایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەكەی 474 كەسی تێوەگلاویان لەو هێرشانە دەستگیركردووە، كە رەوەندی سوری لەسەرانسەری توركیا كردووەتە ئامانج، كە شەوی یەك شەممەی رابردوو ئەنجامدرا.

وتیشی، موڵك و ماڵ ئۆتۆمبیلی سوریەكان رووبەڕوی كاری تێكدەرانەو سوتاندن بووەوە لە ویلایەتی قەیسەری ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیكردنی پیاوێكی سوری بۆ سەر منداڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.

هەر لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستەڕوو، كارە توندوتیژیەكان گەیشتووەتە هەرێمەكانی، هاتای و غازی عەنتاب و قۆنیاو بۆرسەو ناوچەیەك لە ئەستەنبوڵ، كە تیایدا ژماریەك هاوڵاتی سوری برینداربوون.

ئەوەش وایكرد، سەدان هاوڵاتی سوری توڕە بڕژێنە سەر شەقامەكانی چەندین ناوچە لە باكوری خۆرئاوای سوریا, كە چەكدارە یاخیبووەكان كۆنتڕۆڵیان كردووەو توركیا هەزاران سەربازی لەو ناوچانە بڵاوكردووەتەوەو, كردوویەتی بەناوچەی هەژموونی خۆی، بەجۆرێك رێگە بە رژێمی سوریا نادات بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.

هاوکات لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێكی ناوچەكە سنوریەكان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، توركیا لەوەڵامی ئەو كردەوانەدا دەروازەی"باب ئەلهەوا"ی سنوریی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە، كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی و گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە سێ‌ ملیۆن هاوڵاتی, هاوشانی "باب ئەلسەلام"و دەروازە بچوكەكانی تر.

جێگای ئاماژەیە، شاری عەفرینی سنوریی، بووە شانۆی توندترین پێكدادان، كە تیادا لایەنی كەم چوار كەس لە تەقەی نێوان خۆپیشاندەرە چەكدارەكان و هێزەكانی توركیادا كوژران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەناوچەكانی تریش بەریەككەوتن و پێكدادانی چەكداری روویداوەو هاوڵاتیانیش لەچەند شارۆچكەیەك بە بەرد پەلاماری هێزەكانی توركیایان داوەو، ئاڵای توركیا لەسەر هەندێك لە نوسینەگەكان پارچە پارچە كردووە.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە، چەندین بەرپرسی توركیا ئەو ئاڵۆزیانەیان لە سوریا بە وروژاندن و كاری ئیستفزازی ناوبردووە.

وەزارەتی دەرەوەیی تورکیا ئەوەی خستۆتەڕوو، هەڵەیە رووداوە خەمناكەكان كە لە ولایەتی قەیسەری روویداوە، بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری وروژاندن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەكانمان.

سەرچاوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، درەو

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار