بنیامین ناتانیاهو: لە قۆناخی کۆتایی لەناوبردنی تەواوەتی سوپای تیرۆرستی حەماس نزیکبووینەتەوە
5 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی
ناتانیاهو دەڵێت، لە کۆتایی لەناوبردنی تەواوەتی چەکدارانی حەماس لە غەززە نزیکبوونەتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە تاوەکو لەناوبردنی یەکجاریی ئەو بزوتنەوەیە کۆتایی بە جەنگ ناهێنن.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-7-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئیسرائیلی گوت، “لە سەردانێکم بۆ لای هێزەکانمان لە غەززە گەڕاومەتەوە.
هەموو دەستکەوتە دیارەکانمانم لە شەڕەکەمان لە رەفەح بەرچاوکەوت. خەریکە دەگەینە قۆناخی کۆتایی لەناوبردنی سوپای تیرۆرستانی حەماس”.
لە قسەکانیدا ناتانیاهو جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجەکانیان هاوشێوەی پێشوو گەڕاندنەوەی بارمتەکانی ژێردەستی حەماس، دڵنیابوونەوەیە لەوەی حەماس چیدیکە هەڕەشە نییە دژی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە ئاوارەکان لە باکوور و باشووری ئیسرائیلە.
پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باکووری غەززە بکات، ناتانیاهو رایگەیاند، رەفەح دواین پەناگەی پارێزراوی حەماسە.
قسەکانی سەرۆکوەزیرانەکەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، قۆناخی سەختی شەڕی حەماس لە غەززە کۆتاییهاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد دەتوانن هێزەکەیان بۆ سەرنج خستنەسەر سنووری باکووری وڵاتەکەیان لەگەڵ لوبنان بەکاربێنن.