راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆیتەرز: ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت حکومەتێکی خۆجێیی بە سەرۆکایەتی سەرۆک خێڵەکان لە غەززە دروستکەن؛ حەماس هەڕەشەیان لێدەکات

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

وردە وردە بە گوێرەی ئیسرائیل، حەماس بە تەواوەتی لەناودەچێت و لە توانا سەربازی و بەڕێوبەرییەکانی دادەماڵرێت.

ئەمریکا، هاوپەیمانانی و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ حەماس لە غەززە دەدەن.

بە گوێرەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، پلانی سەرەکی ئەوەیە، بەشێک لە خێزانە باڵادەست و بەناوبانگەکانی غەززە حکومەتێکی خۆجێیی لە غەززە پێکبهێنن و بەڕێوەی ببەن و لەگەڵ ئیسرائیل هاوئاهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامیان هەبێت.

رۆیتەرز لە راپۆرتێکی بنکۆڵکارییدا دەڵێت، سەرۆکی خێڵ و بنەماڵە بەناوبانگەکانی غەززە دەترسن لەوەی رۆڵی بەڕێوبەریی غەززە بگرنە دەست؛ ئەمە لەکاتێکدایە لە نیوەی جەنگەکەوە ئیسرائیل لە گفتووگۆدایە لەگەڵیاندا.

تەحانی مستەفا، توێژەری دۆزی فەڵەستین دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی ئەو ترسە تۆڵەکردنەوەی حەماسە لەو بنەماڵانە، چونکە لەوە دەترسن ئەگەرچی حەماس بە شێوەیەکی فەرمی لە غەززەدا باڵادەستیی نەمێنێت، لەسەر شەقامی غەززە هەر جێ پێی دەمێنێت و دەتوانێت گورزیان لێ بووەشێنێت.

رۆیتەرز گفتووگۆی لەگەڵ 5 لەو سەرۆک خێڵ و بنەماڵانەی غەززە کردووە و هەموو دەڵێن رەتیانکردووەتەوە غەززە بەڕێوەببەن.

ئاژانسە بەریتانییەکە لەبارەی ئاستی هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوەی حەماس لەو بنەماڵانە ئەگەر بڕیاری بەڕێوەبردنی غەززە بدەن، گفتووگۆی لەگەڵ ئیسماعیل سەوابتە، سەرۆکی میدیایی حکومەتی حەماس کردووە، ئەو بەرپرسە لە وەڵامدا دەڵێت، پێی وایە تۆڵەسەندنەوەکە زۆر سەخت دەبێت.

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لەو بارەیەوە قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێت، هەوڵی زۆریان داوە لەگەڵ بنەماڵەکانی غەززە لێک نزیکببنەوە، بەڵام حەماس هەوڵەکانیانی هەڵوەشاندووەتەوە.

گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی دوای 17 ساڵ بۆ غەززە ئەمریکا خواستی وایە دەسەڵاتی فەڵەستینی کە ئێستا کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بەڕێوەدەبات بگەڕێنێتەوە غەززە، بەڵام ناتانیاهو لەگەڵ ئەم بیروڕایەدا کۆک نییە.

هۆکاری بە دڵ نەبوونی ئەو رێگەچارەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، خەڵکی غەززە بە حوکمی دەسەڵاتی فەڵەستینی رازی نین؛ ئەمە بە گوێرەی راپرسییەکی ناوەندی فەڵەستینی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و راپرسی کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە.

ناتانیاهو دەیەوێت لە ناوخۆی غەززەدا حکومەتێکی خۆجێیی پێک بهێنێت کە قایل بن بەوەی بە ئاشتی و ئارامی لە پاڵ ئیسرائیلدا بژین بەبێ هێرشکردنە سەر یەکدی و کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل.

هاوکات خواستی وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری ئاسایشی غەززە بکەن و پلانی بنیاتنانەوەی غەززە جێبەجێ بکرێت.

لەو بارەیەوە دوو بەرپرسی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان گوتووە، ناتانیاهو لەم کاتەدا هیچ بژاردەیەکی دیکەی بە دەستەوە نییە جگە لە گێڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ ناوچەکە.

ئەمریکا هەوڵی جیددی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ باشترکردنی سیستمی بەڕێوبەرییەکەی و نەهێشتنی گەندەڵی لە ژێر دەسەڵاتەکەدا داوە و ئامادەی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.

مانەوەی حەماس بە گوێرەی رۆیتەرز، لە کاتێکدا دانیشتووانی غەززە بەشێکیان دڵیان لە حەماس بەرامبەر ئەو جەنگە نا بەرامبەرەی هەڵیگیرساند تۆراوە، بەشێکیان لە داخی ئەو توندوتیژییەی ئیسرائیل بەرامبەری کردوون بیرێکی پەڕگیریان بۆ دروستبووە و زیاتر لە حەماس نزیکبوونەتەوە.

هەربۆیە حەماس ئەگەر دەسەڵاتیش لە غەززە نەگرێتەوە دەست، هێشتا توانای بۆ چالاکی جۆراوجۆر دەمێنێت لە ناو غەززەدا.

حەماس تاوەکو ئێستاش هێزی سەرەکییە لە غەززە و هەژموونی بەسەر بازرگانان و خەڵکەکەشدا هەیە.

بە گوێرەی گوتەی چوار دانیشتووانی غەززە کە رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵیاندا کردووە، حەماس دەستی بە هەڕەشەکردن لە بازرگان و سەرۆک خێڵەکان کردووە و ژمارەیەک ئەندامی ئەو خێڵانەشی کوشتووە.

جگە لە ئەندامی سەرۆک خێڵەکان، بەرپرسانی حەماس ئەو کەسانەش دەستگیردەکەن کە سۆزیان بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی هەیە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ حەماس ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی خۆی بە تۆمەتی هاوئاوازی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکردووە.

دەسەڵاتی فەڵەستینی رایگەیاند، سێ ئەفسەریان دەستگیرکراوە کە هاریکاریی مرۆییان گەیاندووەتە باکووری غەززە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار