مەسعود پزیشکیان، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات بۆسەر کەرتی غەززە
4 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێران سهركۆنهی هێرشەكانی ئەمدواییەی ئیسرائیلی كرد بۆ سەر كەرتی غەززە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی تەمووزی 2024، مەسعود پزیشكیان پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس ئەنجامدا و لە پەیوەندیەكەدا، سهركۆنهی هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر خان یونس لە كەرتی غەززە كرد.
پزیشكیان لە پەیوەندیەكەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، كە پرسی فەڵەستین پرسێكی سەرەكیە بۆ جیهانی ئیسلامی و دەشڵێت،" پرسی فەڵەستین یەكێك لە ئەولەویتەكانی كابینەكەم دەبێـت".
سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە کوشتار لە کەرتی غەززە باسی لەوە کردووە، وڵاتهكهی بە هاوكاری لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ئیسلامی و هاوسێكانی كار بۆ گەیشت بە ئاگربەست و راگرتنی كوشتار لە كەرتی غەززە دەكات، دڵنیاییدا كە "کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ئیسرائیل تاکە چارەسەرە بۆ پرسی فەڵەستین".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران بە ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس وتووە، درێژەدان بەو كارە دڕندانەیانە بەڵگەی ئەوەن كە ئیسرائیل دەیەوێت درێژە بەتاوانەكانی بدات و خەڵكی بێتاوانی فەڵەستینی بكوژێت بە ئامانجی شكانی رۆحیەتی بەرگری فەڵەستینەكان.