ئیسرائیل به‌ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ڕازی بووه‌ 

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

داوا لە ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس کراوە ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2024، لە دەوحە و قاهیرە وتووێژی بەپەلە دەست پێ بکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە و بەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتن بکەن. 

ئەمڕۆ  هه‌ینی، 9ی ئابی 2024، نووسینگه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، دوای پێشنیازه‌ سێقۆڵییه‌كه‌ی نێوان جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال تەمیم سانی، میری قه‌ته‌ر، ئیسرائیل ڕازی بووه‌ شاندی دانوستانكاری خۆی له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ بنێرێته‌ شوێنی دیاریكراو بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حه‌ماس و تاوتوێكردنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شه‌وی پێنجشه‌ممه‌، 8 ئابی 2024، هه‌ر یه‌ك له‌ جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال تەمیم سانی، میری قه‌ته‌ر بەیاننامەیەکی هاوبەشییان لەسەر ڕەوش و بارودۆخی غەززە و خانەوادەی بارمتەکان بڵاو کردەوە و داوایان كرد دەستبەجێ ئەو نەهامەتییانە ڕابگیرێن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کاتی ئەوە هاتووە دەستبەجێ کۆتایی بە ئازاری درێژخایەنی خەڵکی کەرتی غەززە و بارمتەکان و خێزانەکانیان بهێنرێت، کاتی ئەوە هاتووە کە ئاگربەست بكرێت و بارمتە و دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێت.

ئەوەشیان خستەڕوو، ئێمە هەر سێکمان و تیمەکانمان چەند مانگێکە هەوڵمان دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی کە ئێسته‌ لەسەر مێزە و تەنیا پێویستی بە تەواوکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنەکەیە.

دەشڵێن، نابێت چیتر کات بەفیڕۆ بدرێت و نابێت هیچ لایەنێک بیانووی بۆ دواخستنی هەبێت، کاتی ئازادکردنی بارمتەکانە، کاتی دەستپێکردنی ئاگربەست و جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هاتووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، وەک ناوبژیوان، ئامادەین ئەگەر پێویست بکات پێشنیازی کۆتایی پێشکەش بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جێبەجێکردن بە شێوەیەک کە له‌ ئاست چاوەڕوانی هەموو لایەنەکان بێت.

باسلەوەشکراوە، داوامان لە هەردوولا کردووە لە ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئاب لە دەوحە و قاهیرە وتووێژی بەپەلە دەست پێ بکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە و بەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکەن.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە ڕێک خراوە کە بایدن لە 31ی ئایاری 2024 پێشکەشی کرد و بە بڕیاری 2735 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیریی کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار