10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆدا تێپەڕی
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکۆژی گوندی کۆجۆی سەر بە قەزای شنگال تێپەڕی کە لەلایەن داعشەوە سەدان کوردی ئێزدی کوژران و سەدانی دیکەش ڕفێنران.
دوای 12 ڕۆژ لە کارەساتی شنگال داعش هێرشی کردە سەر گوندی کۆجۆ تاوانێکی دیکەی گەورەی دژ بە کوردانی ئێزدی ئەنجامدا لە ڕۆژی 15-08-2014، چەکدارانی داعش هەزار و 250 کەسی خەڵکی گوندی کۆجۆیان دەستبەسەر کرد و خەڵکیان لەناو 18 گۆڕی بەکۆمەڵدا گولـلەباران کرد و نزیکەی 850 کەسیان ڕفاند.
چۆن ڕوویدا؟
دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە ڕۆژی 03-08-2014، چواردەوری گوندی کۆجۆیان گرت و گەمارۆیاندا و ڕێگەیان نەدا خەڵکەکەی بچنە دەرەوە، تاوەکو ڕۆژی 15ـی ئەو مانگە چوونە ناو گوندەکە و سەرجەم خەڵکی گوندەکەیان دەستبەسەر کرد.
پێشتر نزیکەی هەزار و 750 کەس لەناو گوندی کۆجۆدا دەژیان، لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر شنگال ژمارەیەک خێزان گوندەکەیان بەجێهێشتبوو، هەموو ئەوانەی مابوون هەزار و 250 کەس بوون و لە قوتابخانەی گوندەکەدا کۆکرابوونەوە و لهقاتی خوارهوهی قوتابخانەکە پیاوان و لە قاتی دووهمیش ژنان و منداڵان دانرابوون، چەکدارانی داعش مۆبایل و پاره و زێڕ له خهڵكەکە دهستێنن، تهنانهت بازنه و ملوانكهی ژنهكانیش، دەستکرا بە جیاکردنەوەی خێزانەکان لە یەکتر و ئیتر قوتابخانە دوا وێستگەی یەکتر بینینیان بوو، هەر بۆیەش ئێستاش قوتابخانەی گوندی کۆجۆ، لە ناوەندنێکی زانستییەوە بووە بە مۆزەخانەی قوربانییەکانی ئێزدییەکان.
لە قوتابخانەوە بۆ کۆمەڵکوژی پیاو و بەتەمەنەکان لە ئۆتۆمبێلی کیا بەزۆر سەردەخەن، چهكدارهكان پێیان وتوون دهیانبهن بۆ چیای شنگال و ئازادیان دەکەن، بهڵام لە دەورووپشتی گوندهكه، ئۆتۆمبێلهكان ڕادهگرن و پۆل پۆل ڕیزیان دهكهن، ژمارەیەک چەکداری داعش وەستابوون و ههرجاره و ژمارەیەکیان گولـلهباران دهكردن، چهند چهكدارێكیش وێنه و ڤیدیۆی دیمهنهكهیان دهگرت.
کۆجۆ چەند کەسی تێدابوو گوندی کۆجۆ بە دووری 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شنگال و لەکاتی هێرشەکەدا داعش لە کۆی هەزار و 250 کەس زیاتر لە 400 کەسی کۆمەڵکوژ کرد و لە 18 گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەورووپشتی گوندەکەدا زیندەبەچاڵی کردن، 19 کەس بە برینداری لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاربوون و 852 گەنج و کچ و ژن و منداڵ ڕفێنران و بۆ مووسڵ و سووریا بران.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 کەس لە ڕفێنراوانی گوندی کۆجۆ لە دەستی داعش ڕزگارکراون. لە گوندی کۆجۆ گۆڕستانێکی گەورە بۆ ناشتنی قوربانییان دروست کراوە کە 517 گۆڕی تێدا ئامادە کراوە، تا ئێستا تەنیا 358 ڕووفات دەرهێنراون.