وردەكاری بڕیارێكی دادگای هەولێر بۆ سزادانی چەند ئەندامێكی میتی توركیا
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای چەندین دانیشن ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر سزای زیندانی "هەتا هەتایی" بۆ دوو لە تاوانبارانی كوشتنی ئەندامێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كەنەكە دەركرد، بەوتەی پارێزەری دۆسیەكە"بكوژ و هەشت ئەفسەر و پلە باڵای میتی توركیا كە لە ڕۆژی كوشتنی ئەندامەكەی كەنەكە لە هەولێر بوون تا ئێستا دەستگیرنەكراون و فەرمانی گرتنیان بۆ دەركراوە".
هەژار كاكەیی، پارێزەری دۆسیەی كوشتنی دەنیز جەودەت ناسراو بە دەنیز هیڤی ئاشكرای كرد ئەمڕۆ سێشەممە "كۆتا دانیشتن بوو لەسەر دۆسیەی كوشتنی دەنیز، دادگا بە مادەی 2 لە یاسای بە رەنگاربونەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بۆ هەردو تاوانباری دەستگیركراو كە دەستیان لە تاوانی كوشتنەكەدا هەبوە و دانیان بە تاوانەكانیاندا نابوو دەرچوو، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری كوژراو، بەڵام ئێمە لە بڕیارەكەی دادگا ناڕازین و تانەی لێدەدەین و داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەكەین".
ئەو پارێزەرە وتیشی:" لەسەر هەمان كەیس دادوەر سزای حەوت ساڵ زیندانی دیكەی بەسەر هەردو تۆمەتباردا سەپاند و دۆسیەكانیش بریتیبون لە دۆسیەی سیخوڕیكردن، هەروەها ئەم دوو كەسە بكوژ نەبون و هاوكاربوون و بكوژی سەرەكی هەڵاتووە. لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان ناوە بەوەی كاریان بۆ میتی توركیا كردووە و چەندین باندی سیخوڕی تریان دروستكردووە، جگە لەم دو تاوانبارە فەرمانی گرتن بۆ نۆ كەسی دیكە دەرچووە كە ئەفسەر و پلە باڵای میتی توركیان و لە ڕۆژی كوشتنی دەنیز جەودەت لە هەولێر بوون و سەرپەرشتیاری دۆسیەكەیان كردووە".
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 18ی 9ی 2023، ئەندامێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، بە ناوی (دەنیز جەودەت) ناسراو بە (دەنیز هێڤی) بەرپرسی ئیداریی كەنەكە كاتێك خۆی بە تەنیا دەبێت لە نێو بارەگاكەیان كە دەكەوێتە بەرامبەر بینای فاملی مۆڵی هەولێر، لەلایەن كەسێكەوە لە دەرگا دەدرێت و بە كردنەوەی دەرگاكە بە چەكی دەمانچە دەكوژرێت، دوابەدوای روداوەكە بەماوەیەكی كەم دو كەس لەسەر ئەو ڕوداوە دەستگیركران و ڕاگەیەندرا كە دەستیان لە كوشتنی ئەو ئەندامەی كەنەكەدا هەبووە.
بەپێی زانیارییەكان تاوانبارانی سزادراو ناویان(ع. س.ع) و (ج. ئ) و بە ڕەچەڵەك كوردن و ناسنامەی توركیاو عێراقیان هەیە و لەپێش لێكۆڵەر دانیان بە تاوانەكەیان ناوە كە هاوكاری بكوژبون و كاری سیخوڕییان كردووە بۆ توركیا، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە لە پێش دادوەر وتەكانی پێشوویان ڕەتكردەوە.
تاوەكو ئێستا توركیا لەبارەی تێوەگلانی لە تیرۆركردنی "دەنیز هێڤی" هیچی ڕانەگەیاندوە وەك پارێزەرەكەی وتویەتی"سزادراوان دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە، كە سیخوڕییانكردوە بۆ توركیا.