جەنەڕاڵ مایکل مێنیهان کە بەرپرسێکی باڵای هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە لە یاداشتێکی ناوخۆییدا نووسیویەتی "هیوادارم هەڵەبم. هەستێکم هەیە کە دەڵێت ساڵی 2025 لەگەڵ چین دەچینە جەنگەوە". لەدرێژەی قسەکانی دەڵێت : "شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە 2025 لەیەککاتدا پاڵنەر و دەرفەتیشی دەبێت". دڵناییشی دا لەوەی، هەڵبژاردنەکانی تایوان لە ساڵی 2024 هۆکارێک دەدات بە سەرۆکی چین بۆ جوڵەکردن. جەنەڕاڵەکە پێیوایە، کێبڕکێی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا، کە بڕیارە هەمان ساڵ بەڕێوەبچێت، دەرفەتێک بۆ چینیش دەڕەخسێنێت. جەنەڕاڵە ئەمەریکییەکە ، داوا لە هێزەکانی دەکات کە مەشق و راهێنان بکەن بۆ شەڕکردن، بەتایبەتی بە چوونە مەیدانەکانی تەقەکردن و ئامانجی سەرەکیان لە راهێنانەکان، پێکانی "سەر"ـی بەرامبەر بێت. جێی باسه دوای هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئەمریکا ترسی هەیە هەمان سیناریۆ لە تایوانیش دوباره ببێتەوە، کە چین بەبەشێکی دانەبڕاوی وڵاتەکەی دادەنێت و دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی بکات، گرژییەکانی ئەمریکا و چین زیاتر بوو پاش سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ دوورگەکە.
هاوڵاتی ئیدارەی روبەڕوبوونەوەی کارەساتە سورشتییەکان لە ئەفغانستان بڵاویکردەوە,162 کەس بەھۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە و ھاووڵاتیان توانای کڕینی سوتەمەنییان نییە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما تا رادەی بەستن دابەزیوون. .شفیعوڵڵا ڕەحیمی، وتەبێژی ئیدارەی روبەڕوبوونەوەی کارەساتە سورشتییەکان وتی: لە 10ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا 162 کەس بەهۆی ساردی کەشوهەواوە گیانیان لەدەستداوە کە 84 کەسیان هەفتەی ڕابردوو مردون". وتیشی، ئەم مانگە روبەڕوی خراپترین شەپۆلی سەرما بوونەتەوە بە درێژایی زیاتر 15ساڵی رابردوو، بەشێوەیەک پلەکانی گەرما لەچەند ناوچەیەک گەیشتوونەتە 34 پلە لە ژێر سفرەوە ئەو رەوشەش لەکاتێکدایە بەھۆی بڕیاری بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، زۆرێک لە رێکخراوە مرۆییەکان کارەکانیان لە ئەفغانستان راگرتووە و ئەوەش ژیانی ھاووڵاتیانی سەختتر کردووە.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا وتی، پۆڵەندا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ناردنی 60 تانکی تر بۆ ئۆکرانیا جگە لە 14 تانکی لیۆپاردی دروستکراوی ئەڵمانی کە پێشتر ڕایگەیاندوە دەینێرێت. دوێنێ پێنجشەممە ماتیوز مۆراویکی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، پۆڵەندا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ناردنی 60 تانکی تر بۆ ئۆکرانیا جگە لە 14 تانکی لیۆپاردی دروستکراوی ئەڵمانی کە دەینێرن. وتیشی ،کە پۆڵەندا یەکەم دەوڵەتە کە نزیکەی نیو ساڵ لەمەوبەر 250 تانکی جەنگی پێشکەش بەئۆکراینا کردووە . باسی لەوەشکرد کە شکستی ئۆکرانیا مانای شکستهێنانی هەموو جیهانی ئازادە، وتی: "ئەگەرنەمانەوێت جیهان بدۆڕێت، ئەوا دەبێت زۆر کراوە و ئازا بین لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا". ئەمەشلەکاتێکدایە، ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند تانکی ئەبرامس دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا لەکاتێکدا ئەڵمانیاو کەنەداو ئیسپانیاو نەرویجیش گوتیان تانکی لیۆپارد 2 دابین دەکەن بۆ ئۆکرانیا.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی هەینی داوای لەباڵیۆزی ئەڵمانیا لە مۆسکۆ کرد هاڵوێستی ئەڵمانیا لەسەر شەڕی بەردەوامی ڕوسیاو ئۆکرانیا ڕوونبکاتەوە. ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە پەیامێکدا لە تێلگرام ڕایگەیاند،"وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا (ئانالێنا بایربوک) دەڵێت وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە شەڕدایە لەگەڵ ڕووسیا هەر ئەو وەزارەتەش دەڵێت وڵاتەکەی بەشێک نییە لە ململانێکان". وتیشی، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەم لێدوانە ناکۆکانە ، پێویستە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە ڕووسیا ڕونکردنەوە بدات" ئەم قسانەی وەزیری دەروەی ڕوسیا لە کاتێکدایە،ڕۆژی چوارشەممە، ئانالێنا بایربوک، لە دانیشتنی ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ قسەی کرد و وتی: ئەڵمانیا لە ئێستادا لە شەڕدایە لەگەڵ ڕووسیا. هاوکات،ڕۆژی پێنجشەممەش وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کەدابینکردنی پشتیوانی بۆ کیڤ نابێتەهۆی ئەوەی ئەڵمانیا ببێتە بەشێک لە لایەنە بەشداربووەکانی ململانێی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا. جێگەیباسە، له 24ـی 2ی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتن سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.
هاوڵاتی لە ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکادا لە سۆماڵ، سەرکردەیەکی دیاری داعش کوژرا، کە رۆڵی گەورەی ھەبوو لە پارەدارکردنی تیرۆریستان لە سەرانسەری جیھاندا. لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئۆپراسیۆنێکیان لە باکوری سۆماڵ ئەنجامداوە کە بەھۆیەوە ١٠ تیرۆریستی داعش کوژراون کە لە نێویاندا "بیلال سودانی" سەرکردەی دیاری داعش ھەبووە. ئۆستن لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، بیلال سودانی بەرپرس بووە لە فراوانکردنی چالاکییەکانی داعش لە ئەفریقا و رۆڵی گەورەشی ھەبووە لە پارەدارکردنی تیرۆریستان لە سەرانسەری جیھان بە ئەفغانستانەوە. وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیشیکردەوە لەوەی لەو ئۆپراسیۆنەدا ھیچ ھاووڵاتییەکی مەدەنی و سەربازێکی ئەمریکی نەبووەتە قوربانی و ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئەمریکییەکان لە تیرۆریستان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەکەی. کۆشکی سپیش رایگەیاند، ئەمریکا حکومەتی سۆماڵی لە وردەکارییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە ئاگادار کردووەتەوە.
هاوڵاتی دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی پێشوی ویلایهته یهكگرتوهكانی ئهمهریكا ڕایگهیاند، دهكرێت شهڕ و ململانێكانی ئۆكرانیا به رێكهوتن یهكلایی بكرێتهوه و نهك به ناردنی ملیۆنان دۆلار وهك هاوكاری بۆ كیێڤ. دۆناڵد ترهمپ سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا له پێگهی تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی (Truth Social)، نووسیوویهتی: "ناكۆكییهكان له ئۆكرانیا له رێگهی رێككهوتنهوه كۆتایی پێدههێنرێت، نهوهك به ناردنی چهك، هاوكاریی و ملیارهها دۆلار بۆ كیێڤ". هەروەها دەشڵێت، "ئهگهر من له ئێستادا سهرۆكی ئیدارهی ئهمریكا بومایه، له ماوهی 24 كاتژمێردا به ئاشتیانه چارهسهری ململانێكانی ئۆكرانیا و روسیام دهكرد". دۆناڵد ترهمپ پێشتریش له لێدوانێكدا لهبارهی كارهكانی ئیدارهی جۆو بایدن سهرۆكی ئێستای ئهمریكا سهبارهت به ئۆكرانیا ڕایگهیاندبو، "پێویسته به ڕێككهوتنێك كۆتایی به ململانێكان بهێنن، نابێت ملیۆنان دۆلار هاوكاری بنێردرێت بۆ كیێڤ ". سهرۆكی پێشوی ئهمریكا باسی لهوهشكردبو، "بههۆی ڕێوشوێنهكانی ئهمریكاوه، ئهگهری ههیه شهڕ و ململانێكان بۆ شهڕێكی جیهانی بگوازرێنهوه و لهبری تانك، چهكی ئهتۆمی بهكاربهێندرێت". ههروهها ڤیكتۆریا نۆلاند جێگری وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا بۆ كاروباری سیاسی، لهمبارهیهوه رایگهیاندبوو، واشنتن ئامادهیه سزاكان بهسهر رووسیادا كهمبكاتهوه، بهمهرجێك رووسهكان له تهواوی خاكی ئۆكرانیا بكشێنهوه.
هاوڵاتی دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی بایدن ڕایانگەیاندووە بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەروبەندی ساڵیادی لەشکرکێشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا گەشتێک بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکات، بەڵام هێشتا هیچ پشتڕاست نەکراوەتەوە. بەپێی وتەی یەکێک لەو بەرپرسانەی باسی لەگەشتەکەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، یەکێک لەو وڵاتانەی کە دەکرێت جۆ بایدن سەردانی بکات پۆڵەنەدایە کە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکیەکانی ناتۆ و وەک ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوەی چەک وکەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکرانیایە. هاوکات ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی و وردەکاریەک لە بارەی گەشتەکەوە نەخراوەتە ڕوو، لەبارەی سەردانیکردنی جۆ بایدن بۆ ئۆکرانیاش ئاماژەی بەوەداوە کە بەدوری نازانێت لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا سەردانی ئۆکرانیا بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە یاریدەدەرانی بایدن چەند هەفتەیەکە پلان دادەنێن بۆ چۆنیەتی ئامادەکاریەکانی ساڵیادی لەشکرکێشی وداگیرکاری ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، کە بەپێی زانیاریەکان دەکرێت بایدن لەو یادەدا وتارێک پێشکەش بکات. هاوکات بڕیاریشە لە مانگی داهاتوودا کامالا هاریس، جێگیری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەوروپا بکات و لە کۆنفرانسی ئاشتی میونشن لە ئەڵمانیا بەشدار بێت، بەپێی زانیاریەکانیش تەوەری سەرەکی گفتوگۆی سەرکردەکانی جیهان لە کۆنفرانسەکە جەنگی داگیرکاری سەر ئۆکرانیایە.
هاوڵاتی بەپێی هەواڵێکی میدیای فەرمی یەکێتی ، ماوەی هەشت مانگە هاووڵاتییەك لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە خەبات رفێندراوەو چارەنوسی نادیارە. بەپێی هەواڵەکە ئەیوب نەجمی تەمەن 29 ساڵ، دانیشتووی قەزای خەباتە و پیشەی دوكاندارە، ماوەی هەشت مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەوە رفێندراوە و تاوەكو ئێستا بێسەر و شوێنە. لەوبارەیەوە دایكی ئەیوب نەجم رایدەگەیەنێت: "كوڕەكەم هیچی نەكردووە، نیوەڕۆیەك رفێندرا، تاوەكو ئێستا نازانین لەكوێیە؟ زیندوە؟ یان مردووە؟". دەشڵێت: "حكومەت بەرپرسیارە لە گیانی كوڕەكەم".
هاوڵاتی وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداری لە بەرزبونەوەی ڕێژەی بەدخۆراکی دەدات لە نێوان منداڵ و دایکاندا لە ئەفغانستان ئەمڕۆ پێنجشەممە وتەبێژێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕێژەی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان بەرزبۆتەوە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتەی کە بە درێژایی ساڵ دوچاری کەمی خۆراک و بەرگەی برسێتی توند دەگرێت. دەست بەسەرداگرتنی تاڵیبان لە مانگی ئابی 2021 بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس لەو وڵاتە دوچاری هەژاری و برسیەتی ببنەوە دوای ئەوەی یارمەتیە دەرەکییەکان بە نزیکەیی لە شەوێکدا وەستان. فیلیپ کرۆپف، وتەبێژی ئاژانسی خۆراک لە کابۆل وتی: "نیوەی ئەفغانستان بە درێژایی ساڵ، بە بێ گوێدانە وەرز، بەرگەی برسێتی توند دەگرێت و ڕێژەی بەدخۆراکیش لە تۆمارێکی بەرزدایە ". وتیشی،" حەوت ملیۆن منداڵ هەیە (لە خوار تەمەنی 5 ساڵ) لەگەڵ دایکیاندا کە توشی بەدخۆراکی بوون ، لە وڵاتێکدا کە ژمارەیان 40 ملیۆن کەسە". ئەو وتی، ئەفغانیەکان لە ئێستادا لە برسا نامرن، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکیان نەماوە بۆ ئەوەی چیتر ڕوبەڕوی ئەو قەیرانە مرۆییە ببنەوە. هاوکات، دەزگا نێودەوڵەتییەکان یارمەتییەکانی پشتگیری خۆراک و پەروەردە و تەندروستییان بۆ ئەفغانییەکان دابین کردووە، لەوانە هۆکارەکانی گەرمکردنەوەو، پارە بۆ سووتەمەنی و جلوبەرگی گەرم بەڵام پێدانی ئەم یارمەتییانە و کاری ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە دوای بڕیاریکی تاڵیبان کە ڕێگری لە کارکردنی ژنان دەکات لە گروپە ناحکومییە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەی بەشێکی زۆر لەو دەزگا و ڕێکخراوانەو بەشێکییان تەواوی کارەکانیان لەو وڵاتە ڕاگرتووە.
هاوڵاتی گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ: "رەوانەکردنی چەک بە تانکەوە لەلایەن ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپاوە بۆ ئۆکراینا، وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە". دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەبارەی بڕیاری ژمارەیەک وڵاتی خۆرئاوا لەنێویاندا، ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ رەوانەکردنی تانک بۆ ئۆکراینا بۆ میدیاکاران دواو ڕایگەیاند، "هەموو جۆرە کارێکی (لەم جۆرەی) ناتۆ و ئەو وڵاتانە وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە". گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ بە ئاماژەدا بەوەی کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدانین رەوانەکردنی چەک و تانک لەلایەن ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپاوە بۆ ئۆکراینا بە واتای بەشداربوون لە پێکدادانەکان نێیەت، گوتی: "هەموو جۆرە کارێکی (لەم جۆرەی) ناتۆ و ئەو وڵاتانە وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە و چەندین جاریش جەختمان لەوە کردووە و ئەمە رەت دەکەینەوە". ئەم قسانانەی پیسکۆڤ لە کاتیکدایە ، دوێنێ چوارشەممە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئەو پشتیوانییە سەربازییەی کە پێشکەش بە ئۆکراینای دەکات بەهێزتر دەکات و بڕیاریان داوە تانکی لیۆپارد-2 رەوانەی ئەو وڵاتە بکەن. هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن راگەیاندووە کە تانکی ئابرامس 31 بە ئۆکراینا دەدەن. هاوکات ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپایش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، تانکی لیۆپارد-2 رەوانەی ئۆکراینا بکەن.
نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر دۆخی ئابوریی جیهان هۆشداریی دەداتە و جەخت دەکاتەوە مەترسیی گەورە لەسەر دۆخی ئابوریی لە ئارادایە. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاوی کردوەتەوە؛ لەماوەی ساڵانی رابردودا چەند شۆکێکی گەورە دۆخی ئابوریی جیهانی گرتوەتەوە کە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و بەرزبونەوەی لەناکاوی رێژەی هەڵاوسان نمونەی ئەو شۆکە ئابورییانە بون. لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕو؛ چاوەروان کراوە ئاستی گەشەی ئابوری بەشێوەیەکی بەرچاو خاوبونەوە بەخۆیەوە ببینێت و بۆ 1.9 دابەزێت لەکاتێکدا کە لە ساڵی 2022 گەیشتبوە %3. لەبارەی ئەو رێکارانەی کە حکومەتەکان دەبێت بیگرنەبەر بۆ روبەروبونەوەی دۆخی نەخوازراوی ئابوری، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاندوە؛ نابێت وڵاتان پەنا ببنە بەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی (سک هەڵگوشین) چونکە ئەوە دەبێتە هۆی زیاتربونی نادادپەروەری و لێکەوتە نەرێنییەکانی دۆخی دارایی زیاتر دەکات.
بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران رایگەیاند؛ 40 وڵات دەستیان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوە و سعودیە بە ملیارد دۆلاری بۆ زیانگەیاندن بە کۆماری ئیسلامی ئێران تەرخان کردوە. یەحیا رەحیم سەفەوی، روێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند؛ بە هەوڵەکانی سوپای پاسداران پلانی وڵاتانی جیهان بۆ ناڕەزایەتیی و زیانگەیاندن بە کۆمار ئیسلامی لە ئێران کۆنتڕۆڵ کراوە. ئەو وتوی؛ لەو ناڕەزایەتییانەدا زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان رۆڵیان گێڕاوە دژی دەسەڵاتی ئێران و هەوڵیانداوە وڵاتەکە بەرە پارچە کردن و دابەشبون بەرن. بە وتەی رەحیم سەفەوی لایەنگرانی سیستمی پاشایەتی و وڵاتی سعودیە بە ملیارد دۆلار پارەیان تەرخان کردوە بۆ زیانگەیاند بە ئێران بەڵام شکستیان هێناوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی جەوان کە سەر بە سوپای پاسدارانە بڵاوی کردوەتەوە زیانی مادیی ناڕەزایەتییەکان پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە یەک ملیارد و 380 ملیۆن دۆلار بوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ بەغدا بەرەو پاریس بەجێهێشت. هەرچەندە تا ئێستا نوسینگەی سەرۆک وەزیران هەواڵی سەردانەکەی بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بە کەناڵی سۆمەریەنیوزی راگەیاندووە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ5شەممه بەغدای بەرەو فەڕەنسا جێهێشت. سەرۆک وەزیرانی عێراق کە سەردانەکەی ئەمڕۆ دەبێتە هەشتەمین گەشتی دەرەوەی وڵات لە دوای دەستبەکاربونی حکومەتەکەی کە تەمەنی ناگات 100 رۆژ، لە پەیامێکدا ئاماژەی بە ئەوەکردبوو، ئامانجی سەردانەکەی بۆ فڕەنسا دروستکردنی دەرفەتێکی تازەیە بۆ دامەزراندنی هاوبەشی بەردەوام و ستراتیژی لە نێوان کۆمپانیاکانی هەردوو وڵاتدا. ئاماژەی بە ئەوەشکردبوو، باوەڕیان بە ئەوەیە دەبێت عێراق لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا پەیوەندییەکانی هاوکار و هاوسەنگی هەبێت و دوربێت لە جەمسەرگیری، هەروەها بەغدا دەیەوێت هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیهان پەرەپێبدات و کۆمپانیاکانی فڕەنساش لەپێشەوەی ئەوانەدان کە بەغدا بانگهێشتیان دەکات بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتدا.
هاوڵاتی لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا دەستیپێکردبوو، بەڵام دوایین پێشهاتەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە داناوە، بە دوور دەزانرێت کە بەرلە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، هەردوو وڵات لە ناتۆدا قبوڵ بکرێن. دوای لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکراینا، سوید و فینلەندا لە ترسی ئەگەری هێرشی روسیا بۆسەریان، داوای ئەندامێتی ناتۆیان کرد. بەڵام رەزامەندی هەنگاریا و تورکیای پێویستە. لە کاتێکدا کە بڕیارە هەنگاریا لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی پەسەندکردنەکە تەواو بکات، بەڵام تورکیا مەرجی ئەوەی داناوە کە لە رووی "شەڕ دژی تیرۆر" کە مەبەست لێی دژایەتیکردنی پەکەکە و فەتحوڵلاچیەکان و چەند پارتی چەپی دیکەیە، پێویستە ئەو دوو وڵاتە هاوکاری بکەن. لە کاتێکدا میکانیزمێکی سێ قۆڵی لە نێوان تورکیا، سوید و فینلاند دامەزرا و سوید هەندێک هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەنقەرە ناوە، بەڵام تورکیا بەوە رازی نییە. لە کۆتاییدا سووتاندنی 'قورئانی پیرۆز' لەلایەن ڕاسموس پالودان سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوە کە دژی ئیسلام و کۆچبەرانە، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە سوید و خۆپیشاندانی کوردان لە ستۆکهۆڵم کە بوکەڵەیەکی هاوشێوەی ئەردۆغان بە قاچ هەڵواسرا، کاردانەوەی توندی ئەنقەرەی لێکەوتەوە و دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "سوید نابێت چاوەڕێی پشتیوانی ناتۆ لە ئێمە بکات". لە ئەنجامدا کۆبوونەوەی میکانیزمی هاوبەشی نێوان سێ وڵات دوای پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی رابردوو بۆ ماوەیەکی نادیار دواخراوە. دواتر پێکا هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلەندا رایگەیاند کە وڵاتەکەی پێویستە بژاردەی پەیوەستبوون بە ناتۆ بەبێ سوید لەبەرچاو بگرێت. لەم قۆناغەدا پرسیاری زۆر لە ئارادایە کە گفتوگۆکان چۆن و کەی بەردەوام دەبن، ئایا هەردوو وڵات پێکەوە دەبنە ئەندام یان بەجیا و ئایا تورکیا بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام بدرێن، رەزامەندی لەسەر ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا دەردەبڕێت یان نا؟ پۆڵ لیڤین، سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی تورکیا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی تورکی، مالپەڕی دویچە ڤێلای ئەڵمانی، رایگەیاند کە پێی وایە بەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە رێکخراوی ناتۆدا کارێکی زەحمەت بێت. لیڤین وتیشی: "ئەگەر دوایین هەواڵ سەبارەت بە بڕیاری میکانیزمی سێ قۆڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەیان راست بێت، ئمانای ئەوە دەگەیەنێت کە پرۆسەکە لە ئێستادا بە تەواوی راگیراوە. پێدەچێت ئەردۆغان بڕیاریدابێت کە زیاتر لە شەڕ سوودمەند دەبێت نەک رێککەوتن. لانیکەم دۆخەکە تاوەکو دوای هەڵبژاردن ناگۆڕێت و رەنگە ئێستا سوید و فینلەندا سەرنجیان لەسەر رێگریکردن لە کۆتاییهێنان بە پرۆسەکە بێت، نەک بەخێراکردنی پرۆسەکە." سەلیم کونەرئاڵپ، باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە سوید بۆ هەمان ماڵپەڕ لەم بارەیەوە قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو، ئەستەمە بەر لە هەڵبژاردنی مانگی ئایار تورکیا گلۆپی سەوز بۆ فینلەندا و سوید هەڵبکات و وتی، "ئەندامێتی ناتۆ لەم قۆناغەدا بۆ ئەو دوو وڵاتە کارێکی بەپەلە نییە." کونەرئاڵپ دەڵێت، "کاتێک سوید و فینلەندا داوایان کرد ببنە ئەندامی ناتۆ، دۆخی روسیا لە ئوکراینا زۆر بەهێزتر بوو لەوەی ئێستا هەیە، نیگەرانی جددی لە هەموو ئەوروپا هەبوو کە شەڕەکە تەنها لە ئۆکرانیادا سنووردار نابێت. بەڵام ئێستا وا نییە. روسیا نەیتوانی بە تەواوی دەست بەسەر ئۆکراینادا بگرێت و بۆیەش روسیا لاواز دەردەکەوێت و ئەوەش بەشێک لە نیگەرانیەکانی سوید و فینلەندای رەواندووەتەوە."
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کە سەربازەکانی لە سۆلیدار لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کشاونەتەوە، نزیکەی دوو هەفتە پاش ئەوەی سوپای ڕووسیا گوتیان دەستیان بەسەر ئەو شارۆچکەیەدا گرتووە. سێرهی چێرڤاتی، وتەبێژی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵات بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند، سوپای ئۆکرانیا لە شارۆچکەی خوێی کانزایی سۆلدار کشایەوە بۆ "پاراستنی گیانی کارمەندان هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا". وتیشی "هێزەکانمان ئەرکی سەرەکی خۆیان جێبەجێ کرد: ڕێگە نەدەن دوژمن بە شێوەیەکی سیستماتیک بە ئاڕاستەی دۆندسکدا بکشێت". باسی لەوەشکرد،"هێزەکانی ڕوسیا هیچ سەربازێکی ئۆکرانیایان لەو ناوچەیە بە بارمتە نەگرتووە". قسەکانی سیرهی یەکەم پشتراستکردنەوەی ئۆکرانیایە کە هێزەکانی ڕوسیا دەستیان بەسەر ئەو شارۆچکەیەدا گرتووە . کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە سۆلدار هێزەکانی ڕووسیا هەنگاوێک لە باخموت نزیک دەکاتەوە، بەڵام شیکەرەوە سەربازییەکان دەڵێن گرتنی شارۆچکەکە زیاترسیمبولیە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر شەڕەکە نابێت. جێگەیباسە، زۆرێک لە سەربازانی ڕووسیا لە دەوروبەری سۆلدار سەر بە گروپی واگنەرن ،کە بەڵێندەرێکی سەربازیی تایبەتی ڕووسیان.