داوا دەکرێت لێپرسینەوە لە سامانە زۆرەکەی حەلبووسی بکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆ ڕایگەیاند، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەهۆی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی وڵاتەوە لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی عێراق بكات، دەشڵێت، دەبێت لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانە زۆرەكەی بكرێت.

عائد هیلالی ڕایگەیاندووە، تا ئێستا حەلبووسی بەهەمان خەیاڵی پلە و پۆستی پێش دوورخستنەوەی لە پەرلەمان دەژى، لێدوانەكانی ئەم دواییەشی ئاماژەن بۆ ئەوەی تووشی حاڵەتێكی سەرلێشێواوی بووە و خەریكە پێگەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات، حەلبووسی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم لێدوانانەوە بەشێك لە دەسەڵاتەكان بەدەستبهێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتنێك لەنێوان حەلبووسی و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك پەرلەمان، بە مەبەستی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان هەمووار بكاتەوە و چانسی سوودانی بۆ دووبارە بوون بە سەرۆكوەزیران نەهێڵێت.

وتیشی: نابێت حەلبووسی لەبیری بچێت، كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە داواكراوە، بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی ساختەكارییەوە، قسەكانیشی لەسەر بودجە  دوورە لە ڕاستییەوە، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەهۆی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی وڵاتەوە لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی عێراق بكات.

باسی لەوەشكرد، حەلبووسی لەسەر حیسابی پارەی گشتی زۆر دەوڵەمەند بووە، دەبێت لێیى بپرسرێت: ئێوە ئەم پارەیەتان لە كوێوە دەست كەوتووە، هەروەها دەبێت دادگا لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانە زۆرەكەی بكات.

لە كۆتاییدا وتی: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری عێراق بە پەلە لێپرسینەوە لە حەلبووسی بكات لەسەر سامانە گەورەكەی، نابێت بە ئازادیی لە دەرەوە بێت، چونكە تۆمەتبارە بە تاوانی ساختەكاری، ئەم بابەتەش لە دژی سەلمێنراوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش دەبێت دادگایی بكرێت.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار