هاوڵاتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوای کەمکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لەلایەن وڵاتانەوە بەتایبەت چین، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆرۆنا وەکو مەترسییەکی جیهانی ماوەتەوە و پێویستە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوە و فریاکەوتنی خێرا لەلایەن رێکخراوە تەندروستییەکانەوە پەیڕەوبکرێن و بەردەوامبن. دکتۆر تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئەنجوومەنی گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ فریاگوزاری و سەلامەتی لەبارەی مەترسی و پرسی کۆرۆنا لە سویسرا کۆبونەوەو لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند، هاووڵاتییان لەڕێگەی ڤاکسین و تووشبوون بە نەخۆشییەکە بەرگرییان بۆ کۆڤید-19 پەیداکردووە بەڵام هێشتا مەترسی ئەو ڤایرۆسە ماوەو پێویستە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوە و فریاکەوتنی خێرا لەلایەن رێکخراوە تەندروستییەکانەوە پەیڕەوبکرێن و بەردەوامبن. وتیشیان،''وڵاتان ئامێر و خزمەتگوزاریی تەندروستیی باشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید-19 هەیە و بەراورد بە سەرەتای پەتاکە جیاوازییەکی زۆر هەیە، بەڵام هێشتا نیگەرانین لە دۆخی زۆرێک لە وڵاتان و بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان.'' جەختیانلەسەر ئەوەشکردەوە ، "هەرکەسێک پشکنینی کۆرۆنای پۆزەتیڤبێت ئەوا پێویستە دەستبەجێ دەرمان وەربگرێت و رێکارە خۆپارێزییەکان جێبەجێبکات". هاوکات،بە گوتەی بەڕێوەبەری رێکخراوەکە، لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 170 هەزار کەس بە کۆڤید-19 گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش تەنیا لە هەفتەی رابردوو 40 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.  

ئەمریکا رایگەیاند؛ بەهۆی پشتیوانیی لە روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا ژمارەیەک ناوەند و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سزا دەدات. وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد؛ حەوت کۆمپانیا و دامەزراوەی سەر بە سوپای پاسدارانی پاسدارانی خستوەتە لیستی سزاکانیەوە کە دەستیان هەیە لە بەرهەمهێنان و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا. وەزارەتەکە هۆشداریی داوە هەرجۆرە بازرگانیی یان پەیوەندییەک لەگەل ئەو ناوەند و دامەزراوانەی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و بە سەرکێشیی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەم دەدرێت. وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی (داما) و (ئەوجی پەرواز) و (پەرئاوەری پارس) و هێزەکانی سوپای پاسداران، ناوەندی توێژینەوەی سوپای پاسداران و پیشەسازیی (قودس)ی ئەو سوپایە و ناوەندی توێژینەوەی پیشەسازیی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی خستوەتە لیستی سزاکانییەوە.   

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئیرانیش بەشداری لە دانوستانەکانی تورکیا و سوریادا دەکات کە بە نیوەندگیری روسیا ئەنجام دەدرێن. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سپوتنیکی روسی سەرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، روسیا بە راستی دەیەوێت پەیوەندیەکانی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی سوریا ئاسایی بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش روسیا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات. لاڤرۆڤ دەڵێت، " قسە لەسەر ئەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە کۆبونەوەکانی تایبەت بە هەوڵی لێکنزیکردنەوەی سوریا و تورکیادا بەشداری بکات." وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی ئاستانا کرد کە ئێرانیش بەشداری تێیدا کردووە و وتی، " هاوشێوەی ئاستانا کە پرسی سوریا پەیوەندی بە ئیرانیشەوە هەیە، مۆسکۆ بەشداریکردنی ئێران لە پرۆسەی لێکنزیککردنەوەی تورکیا و سوریادا بە پرسێکی لۆژیکی دەزانێت کە کاتی هات، بەرپرسانی سەربازی، دیپلۆماسی ئێرانیش بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکەن."

بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند ئیدارەی وڵاتەکە بەدوای گۆڕینی رژێمی ئێرانەوە نییە چونکە ئەزمونی خراپی گوڕینی رژێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوە. رۆبەرت مەڵی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لە تەلەفیزیۆنی (بی بی سی) راگەیاندوە؛ دەبێت پشتگیریی خەڵکی ئێران بکرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بەڵام واشنتۆن بەدوای ئەوەوە نییە رژێمی ئەو وڵاتە بگۆڕێت. مەڵی لەو چاوپێکەوتنەدا وتویەتی: ئەمریکا دەبێت کارێک بکات کە هەمو جیهان دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران ببیستێت و پێویستە بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی دڵنیاکەرەوە بنێت. ئەو وتوشیەتی: ئەمریکا هەوڵی گۆڕینی رژێمی ئێران نادات چونکە ئەزمونی ناخۆشی لەگەڵ گۆڕینی رژێمەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لێدوانی مەڵی لە کاتێکدایە، رۆژی رابردو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ جگە لە هەوڵە سیاسییەکان بژاردەی سەربازیی لەسەر مێزە بەرامبەر دەسەڵاتی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. مەڵی کە بۆ ماوەی سێ ساڵە وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لەو پۆستەدایە لێدوانەکانی لە رابردودا و بە تایبەت دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، نیگەرانیی چالاکوانانی کورد و ئێرانی لێکەوتوەتەوە.

هاوڵاتی خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور ئیدانەی ناردنی تانکی " ئێم ١ ئەبرامز"ی ئەمریکی دەکات بۆ ئۆکرانیا، هەروەها ئاماژە بەوەدەکات ئەوە " بەزاندنی هێڵی سورە" لە لایەن ئەمریکاوە. کیم یۆ جۆنگ، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هاوکاریانەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا پەرەدانە بەو جەنگەی کە بە پلان بۆ لەناوبردنی مۆسکۆ داڕیژراوە، هەروەها جەختیشی لە  قوڵبوونەوەی هاوپەیمانێتی نێوان کۆریای باکور وڕوسیا کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاند کە لەبەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەوەستێتەوە لەسەر بەهێزکردنی  بەرنامەی چەکی ئەتۆمی وموشەکی وڵاتەکەی. هاوکات  کیم یۆ جۆنگ لە بەیاننامەیەکدا، کە یەکەم لێدوانی گشتی بوو لە چەند مانگێکی ڕابردوودا وتی: نیگەرانی جددی دەردەبڕم لە پەرەسەندنی دۆخی جەنگ لەلایەن ئەمریکاوە بە دابینکردنی کاڵای سەربازی بۆ ئۆکرانیا بۆ هێرشی زەمینی، هەروەها وتیشی ئەمریکا تاوانبارێکی سەرەکیە کە هەڕەشە و تەحەدای جددی لەسەر ئاسایشی ستراتیژی ڕوسیا دروست ئەکات و ناوچەکە دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە، هاوکاریەکانی ڕۆژئاواشی بە ویستی فراوانخوازی وبەفراوانکردنی هەژمونی ڕۆژئاوا لەقەڵەم دا. کۆریای باکور و سوریا دوای ڕوسیا تاکە وڵاتن تاوەکو ئێستا دانیان بە هەردوو هەرێمی  دابڕاو  وسەربەخۆیی  لۆهانسک ودۆنێتیسکدا نابێت، هاوکات کۆریای باکور ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ ئاوەدانکردنەوەیان. ئەم لێدوانانەی کۆریای باکور و تۆمەتبارکردنی ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە ئەمریکا کۆریای باکوری بە ناردنی تەقەمەنی وتۆپخانە بۆ ڕوسیا لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا تۆمەتبارکردبوو، بەڵام کۆریای باکور هئەو بانگەشانەی ڕەتکردۆتەوە. هاوکات ئەم لێدوانانەی کیم یۆ جۆنگ، دوای ئەوە هات کە ئەمریکا بڕیاری ناردنی تانکی ئێم ١ ئەبرامز وئەڵمانیاش تانکی لیۆپارد ٢ ی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد لە پاڵپشتی ئۆکرانیا دژی لەشكرکێشی ڕوسیا.  

هاوڵاتی پۆڵەندا  لەژیر کاریگەری و گۆڕانکاریەکانی جەنگی ئۆکرانیادا، بڕیاریدا  خەرجی سەربازی لە داهاتی ناوخۆ لە ٢.٥٪ بۆ ٤٪ بەرز بکاتەوە. ماتیۆس مۆراویسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، جەنگی ئۆکرانیا وامان لێدەکات زووتر وخێراتر خۆمان چەکدار بکەین، هەربۆیە لە هەوڵێکی بێ وێنەدا لە داهاتی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ خەرجی سەربازی بەرزدەکەینەوە بۆ ٤٪. هەروەها ماتیۆس مۆراویسکی ئاماژەی بەوەشدا، بەرزکردنەوەی خەرجیە سەربازیەکانی پۆڵەنەدا بەوڕێژەیە، بەو مانایە دێت بەرزترین ڕێژەیە لەناو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا کە لەبەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا بەرزکرابێتەوە. هاوکات لەماوەی هەفتەی ڕابردووشدا، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا داوای لە ئەڵمانیا کردبوو ڕێگە بەوڵاتەکەی بدات کە تانکی جەنگی لێۆپارد ٢ بداتە ئۆکرانیا، پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ١١٦ تانکی ئەبرامز لە ئەمریکا دەکڕێت و لە وەرزی بەهاریشدا یەکەم کاروانی ناردنی تانکەکان دەست پێدەکات.   لەسەرەتای لەشکرکێشی ڕوسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و سەرجەم وڵاتانی دیکە بودجەی سەربازیان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە، بەجۆرێک وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەندام لەناتۆ بودجەی سەربازیان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەبڕی ٢.٥٪ بەرزکردەوە، هەروەها وڵاتێکی وەک فەڕەنساش بۆ حەوت ساڵی داهاتوو بودجەی سەربازی وڵاتەکەی لە ٢٩٥ ملیار یۆرۆوە بۆ ٤١٣ ملیار بەرزکردەوە.  هاوکات هەریەک لە وڵاتانی فینلەندا وسوید داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ بەرزکردەوە گەرچی تا ئێستا ئەو دوو وڵاتە لە ناکۆکیەکی وقوڵدان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانیان بەتایبەت وڵاتی تورکیا.  

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات خواردنی شیرەمەنیی لە وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ بۆ نیوە کەمی کردوە و سفرەی زۆربەی خێزانەکانیش بە بێ گۆشت و مریشکە. رۆژنامەی (هەم میهەن)ی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، خواردنی شیرەمەنییەکان لە ئێران بۆ نیوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دابەزیوە. رۆژنامەکە نوسیویەتی: بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی توانای کڕینی لە ناو خێزانەکاندا بەشێویەی بەرچاو دابەزاندوە و لە سفرەی هەندێک خێزاندا گۆشت و مریشک نەماوە و ئەوەش وا دەکات وەچە خستنەوە و تەنانەت ئەو منداڵانەی بڕیارە لەم دۆخەدا لەدایک بن تەندروستیان بکەوێتە مەترسییەوە. ئامارەکانی حکومەتی ئێران باس لە هەڵاوسانی ئابوریی 50% دەکەن لە کاتێکدا بە پێی نوێترین ئامار رێژەی هەڵاوسان لە 18 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە بە تایبەت لە پارێزگای سیستان و بەڵوچستان گەیشتوتە زیاتر لەو رێژەیە و هەندێکجار لە 78% نزیک دەبێتەوە. وەزارەرتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کردوە؛ نزیکەی 16%ی منداڵە تەمەن شەش ساڵانەکانی ولاتەکە توشی بەدخۆراکی و کەمیی خۆراک بونەتەوە و 800 هەزار منداڵیش لە تەمەنی گەشەدا توشی کەمی وزە و پڕۆتین بونەتەوە.

هاوڵاتی میتی فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە سەردانیک گەیشتە ئۆکرانیا و لە شاری میکۆلایڤ لە باشوری ئۆکرانیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ئەو سەربازانەیان کرد کە لە جەنگی ئۆکرانیا برینداربوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان. لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، بە یاوەری بەرپرسانی ئۆکرانیا و نوێنەرایەتی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ناوچە ڕوخاو و زیانلیکەوتووەکانی شاری میکۆلایڤ کرا، لە نێویاندا بینایەکی نیشتەجێی سەربازەکان کە تێیدا ٣٧ سەرباز بەهۆی هیرشێکی موشەکی ڕوسیاوە کوژران، هاوکات سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیاش لە شاری میکۆلایڤ کرا. لە میانەی سەردانەکەدا، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا و زیانەکانی کە بەر شارەکە کەوتووە دوپاتکردەوە و لە بەرەوپێشچوون و دۆخی شارەکەش ئاگادارکرایەوە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیاوە.   هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی، لە پەیامێکیدا کە لە ئەپی تێلێگرام بڵاویکردۆتەوە لەبارەی پڕۆسەی چاکبوونەوەی سەربازکانەوە ڕایگەیاند، " گرنگە نەک تەنها بایەخ بە چاکبوونەوەی جەستەیی سەربازەکان بدەین، بەڵکو پێیوستە بایەخ بە چاکبوونەوەی باری دەرونیشیان بدەین". هاوکات لە پەیامەکەیدا زیلێنسکی، سوپاسی هەموو ئەو کارمەندە پزیشکیانەی کرد کە گرنگی بە چاکبوونەوەی سەربازەکان دەدەن و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆخواستن. ئامانج لەسەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، پاڵپشتی بوژاندنەوەی شارەکە وئاگاداربوون بوو لە دۆخی میکۆلایڤ، هاوکات ئەم سەردانەی میتی فرێدریکسن لەکاتێکدایە کە ئۆکرانیا لەگەڵ روسیا پێدەنێتە ٣٤١  ڕۆژی جەنگەکەی نێوانیان و پێشبینیش دەکرێت جەنگەکە لە وەرزی بەهاردا قوڵتر ببێتەوە و قوربانیەکی زیاتری لێبکەوێتەوە، بەپێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.  

ئەمریکا رایگەیاند بۆ رێگریی لە ئێران بژاردەی سەربازیی لەسەر مێز ئامادەیە و هەوڵەکانیش بۆ کۆتایی بە شەڕەنگێزیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەردەوامە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر، لە قاهیرە رایگەیاند؛ بۆ واشنتۆن گرنگە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دژی ئەو کار و کردەوانەی ئێران بوەستنەوە کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە. بلینکن وتی: ئەگەرچی باشترین رێگە بۆ چارەسەریی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران رێگای دیپلۆماسییە بەڵام بۆ رێگریی لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەمو بژاردەیەک دژی تاران دەگیرێتە بەر و یەکێک لەو بژاردانەش کاردانەوەی سەربازییە کە لە سەر مێزی ئەمریکایە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە: وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت بۆ راگرتنی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. بڕیارە بلینکن دوای گەشتەکەی رۆژی دوشەممەی بۆ میسر، سەردانی ئیسرائیل بکات و سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکانیشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پرسی ئێران و هەوڵەکانی لە ناوچەکەدا دەبێت.  

دوورگە جێ ناکۆکەکان کە لە دەریای چینی رۆژهەڵاتە، ژاپۆن بە سینکاکو و چینیش بە دیائۆیو ناویان دەبات لە پێنج دوورگە و سێ بەردەڵان پێک هاتوون، کە هیچ کەسی تێدا ناژی، لەمێژە، هەریەک بەبەشێک لەخاکی خۆی لەقەڵەمی دەدات، دیسان بەهۆیەوە، کێشە و ململانێنی نوێ لەنێوان هەردوڵات سەریهەڵدایەوە. بەپێی راگەیەندراوی بارەگای ناوچەی یازدەهەمینی ئاسایشی کەناردەریا لە قەزای ناها سەربە پارێزگای ئۆکیناوا باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، چوار کەشتی سەربە ئاسایشی کەناراوەکانی چین، سنوورە نیشتمانییە ئاوییەکانی ژاپۆنیان بەزاندووە. کەشتییەکانی چین کە تا نزیک دوورگەکانی مینامیکۆژیما و ئۆستوری لە ناوچەی دوورگەکانی سینکاکو کە ناوچەی جێ ناکۆکە چوون و لە کەشتی راوچیانی ماسی نزیک بوونەتەوە. دوا بە دوای ئەم بەزاندنی سنوورە، هێزەکانی ئاسایشی کەناردەریای ژاپۆن رەوانەی ناوچەکە کراون و کەشتییەکانی چینی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە جێبهێڵن.

هاوڵاتی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باشوور رایگەیاند کە لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوونەخاوەن چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە پێشخستنی تواناکانی رێگریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە. یانس ستۆڵتێنبێرگ رایگەیاند لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوون بەخاوەنی چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە، پێشخستنی تواناکانی رێگریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە و تاکوو هەڕەشەی ئەتۆمی رووسیا، چین و کۆریای باکوور بەردەوام بێت، وازهێنانی ئەمریکا و فەڕەنسا کە ئەندامن لە ناتۆ لە چەکی ئەتۆمی مەترسی زیاتر دروست دەکات. وتیشی، "تاکوو وڵاتە بەهێزەکانی هاوشێوەی رووسیا خاوەن چەکی ئەتۆمی بن و وەبەرهێنانی مەزن بکەن بۆ ئەمە، چین بەردەوام بێت لە ئاراستەکردنی ژمارەی چەکەکانی و چالاکییەکانی کۆریای باکوور بەردەوام بن، دەردەکەوێت کە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی هێشتا چەند گرنگە". ئەوەشی ڕونکردەوە،"مەبەست لە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە ناتۆ و هاوبەشەکانی وەک کۆریای باشوور هەرچەند خاوەن چەکی ئەتۆمیش نەبن، کەڵک وەردەگرن لە فراوانکردنی ڕێگرییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا. ئەمەیش باشترین رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان".  

روسیا و ئێران بۆ بەکارنەهێنانی دۆلار، رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی مامەڵەکردنی هاوبەش بە دراوە نیشتیمانییەکانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. هەردو بانکی ناوەندیی روسیا و ئێران رێککەوتنی نێوانیان بۆ پێکەوەبەستنی سیستمە بانکییەکانیان و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان بە دراوی نیشتیمانیی ئەو دو وڵاتە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ و تاران، لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەژمونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و لەکاتێکدایە کە مۆسکۆ بەدەست چەندین سزای سەپێنراوی ئەمریکییەوە دەناڵێنێت. بە پێی رێککەوتنەکە دەبێت زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە بە روبڵی روسی و تمەنی ئێران ئەنجام بدرێت. میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە 806 بانکی جیهان پێکەو دەبەسترێنەوە کە 700 بانکیان روسی و 106 بانکی دیکەیان لە 13 وڵاتی دیکەی جیهانە. بانکی ناوەندیی روسیا، لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی رونکردوەتەوە؛ بەپێی رێککەوتنەکە گواستنەوە داراییەکان یان حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی روسیا سەرپەرشتی دەکرێت و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە رێکدەخرێت.    

هاوڵاتی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی BBCیدا رایگەیاندوە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بە جۆرێک "هەڕەشەی لێکردوە" پێش ئەوەی ئۆکرانیا داگیر بکات، پێی وتوە "بە موشەک، خولەکێک دەخایەنێت". لە فیلمە دۆکیۆمێنتارییە سێ بەشییەکەی BBCدا، جۆنسن پەیوەندییە "زۆر درێژخایەن" و "نائاساییەکەی" لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا دوای سەردانەکەی بۆ کیێڤ لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022 دەگێڕێتەوە. جۆنسن وتی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا پوتینی ئاگادار کردۆتەوە  کە داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی زیاترکردنی سزاکانی ڕۆژئاوا وبڵاوکردنەوەی هێزی زیاتری ناتۆ لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا. هەروەها هەوڵیداوە بە پۆتین بڵێت کە ئۆکرانیا ناچێتە پاڵ ناتۆوە" بۆ داهاتوویەکی پێشبینیکراو". بەڵام جۆنسۆن گوتی: لە خاڵێکدا هەڕەشەی لێکردم و گوتی: "بۆریس نامەوێت ئازارت بدەم بەڵام، بە مووشەک تەنیا خولەکێک دەخایەنێت" . فیلمە دیکۆمێنتارییەکە باس لە پەرەسەندنی ناكۆكی و دابەشبون لە نێوان سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا و روسیا دەکات لە ساڵانی پێش داگیرکردنی ئۆکرانیا. هەروەها لەو دۆکیۆمێنتاریەدا، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا باس لەوەدەکات کە چۆن توڕە بوە لە هەڵوێستی رۆژئاواییەکان لەوکاتەدا و دەڵێت، "ئەگەر دەزانن سبەی روسیا هێرشی داگیرکەری بۆ سه‌ر ئۆکرانیا ده‌ستپێدەکات، بۆچی شتێکم پێنادەن کە بتوانم پێی بوەستێنم؟، ئەگەر ناتوانن بیدەن بە من، ئەوا وازی لێبهێنن".

ئەو دادوەرەی دەستی لە سەپاندنی سزای سێدارە و زیندانیی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێراندا هەبو، لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی خەڵات کرا. لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بەخشرایە ئەبولقاسم سەڵەواتی، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی سزای سێدارەی زۆبەی چالاکوانی سیاسی کورد و ئێران بوە ئەو دادوەرە سزای سێدارەی بەسەر شیرین عەلەم هولی چاکوانی کورد، فەرزدا کەمانگەر مامۆستا و چالاکوانی کورد و محەمەدعەلی زەمانی و زانیار مورادی دا سەپاندوە و سەرجەمیان لەسەر دەستی ئەو دادوەرە لەسێدارە دراون. سەڵەواتی کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاترین دەرکەوتنی بەهۆی سزای قورسی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکاندا بوە سزای سێدارەی بەسەر سامان سەیدی، هونەرمەندی  شاری کرماشان و محەمەد قوبادلودا سەپاندوە.

هاوڵاتی بەلایەنی کەمەوە 50 کەس لە دوو ڕووداوی گواستنەوەی جیادا لە  پاکستان گیانیانلەدەستدا  هەمزە ئەنجوم نەدیم  یاریدەدەری بەڕێوبەری لاسبێلا  ڕایگەیاند،  ئەمڕۆ یەکشەممە پاسێک لە پردێک کەوتۆتە خوارەوە لە لاسبێلا کە ناوچەیەکی شاخاوییە لە باشوری پاکستان کە 44 سەرنشینی هەڵگرتبوو  وتیشی، تا ئێستا  تەرمی 40 کەس کە ژن و منداڵیان تێدایە دۆزراوەتەوە و چوار سەرنشینیش کە بەسەختی بریندار بوون ڕزگار کراون . ئەوەشی ڕونکردەوە هۆکاری ڕوداوەکە خێرای پاسەکە بووە کە کۆنترۆڵی لەدەستداوەو لە پردەکە کەوتۆتەخوارەوەو ڕاستەوخۆ گڕیگرتووە. ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئاگرەکەوە زۆربەی ئەو جەستانەی دۆزراونەتەوە تەواو شێواون کە ناناسرێنەوە هەربۆیە دوای پشکنینی DNA دەدرێنەوە دەستی خێزانەکانیان. هاوکات لە ڕوداوێکی تردا لە هەمان ڕۆژدا  بە لایەنی کەمەوە 10 خوێندکارگیانیانلەدەستداوە دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە باکوری ڕۆژئاوای پاکستان ژێرئاوکەوت. ڕووداوەکە لە دەریاچەی بەنداوی تاند لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا ڕوویدا وبەرپرسی پۆلیسی ناوخۆ قیسمەت خان گوتی 25 خوێندکار لەسەر بەلەمەکە بوون کە خوێندکاری  خوێندنگایەکی ئاینی لە باکوری ڕۆژئاوای ناوچەکە بوون ، بۆ سەیرانکردن  سەردانی دەریاچەکەیان کردووە. وتیشی،ئەو 10 منداڵەی بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 13 ساڵیدا بووە و تا ئێستا  9 منداڵی تر بێسەروشوێنن.