لێدوانی بەرپرسسانی باڵای ئێران گومانی مردنی نەسروڵڵا زیاتر دەكات

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئێران گومانی مردنی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان زیاتر دەكات، كە بەوتەی ئیسرائیل لە هێرشێكدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان كراوەتە ئامانج.

 

هەرچەندە ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان، هەواڵەكان لەسەر چارەنوسی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان دژ بەیەك بڵاوبوونەوە، میدیای ئیسرائیل دەڵێن لەوكاتەدا كە بارەگای سەرەكیی حزبوڵڵا لە بەیروت بۆردومان كراوە نەسروڵڵا لەوێ بووە، بەرپرسێكی ئەمەریكاش ڕاستەوخۆ دوای ئەو لێدوانە وتی ئەگەر نەسروڵڵا لەو بینایەدا بووبێت ئەستەمە ڕزگاری بووبێت.

هەرچەندە میدیای ئیسرائیل و ڕۆژئاوا باس لە كوژرانی ئەمینداری حزبوڵڵا دەكەن، بەڵام تائێستا بەفەرمی ئەو هەواڵە لەلایەن حزبوڵڵاوە نە ڕەتكراوەتەوە و نە پشت ڕاست.

ئەوەی گومانی خستوەتە سەر مردنی حەسەن نەسروڵڵا، لێدوانی، عەلی لاریجانی ڕاوێژكاری عەلی خامنەیی، كە دەڵێت "بەرەی مقاوەمە سەركردە و كادری بەهێزی هەیە، هەر سەركردەیەك كە دەمرێت جێگرەوەی هەیە".

لاریجانی دەشڵێت "تیرۆركردن چارەسەری كێشەی ئیسرائیل ناكات".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە "گورزەكەی ئیسرائیل لە باشوری بەیروت، تاوانی جەنگە و ئەمەریكا و ئیسرائیل بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرن".

لە نوێترین هەڵوێستدا ئەمەریكا لەبارەی هێرشەكە دەڵێت ئاگادار نەكراونەتەوە و لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوە دەكەن ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە شەرمەزاركەرە، روسیاش دەڵێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری شەڕێكی نوێدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار