ژمارەی کوژراوەکان لە لوبنان و غەزە ٤٣ هەزار کەسی تێپەڕاند
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا٤١ هەزار و ٨٠٢ کەس كوژراون و ٩٦ هەزار و ٩١٠ کەس بریندار بوون، هەروەها، وەزارەتى تەندروستى لوبنان دەڵێت، بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە زیاتر لە هەزار کەس کوژراون.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٤١ هەزار و ٨٠٢ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٩٦ هەزار و ٩١٠كەس.
ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٢٣ كەس لە غەزە كوژراون.
لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی لوبنان بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە هەزار و٤٠٠ کەس و نزیکەی ٧ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەزە دەستیپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.
هاوکات، ماوەی سێ هەفتەیە ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی لوبنان دەکات و هێرشەکانی بۆ سەر موڵگەکانی حزبوڵای لوبنانی بەردەوامی هەیە.