لە شارێکی ویلایەتی مەینی ئەمریکا پیاوێک تەقەی هەڕەمەکی بەناوی خەڵکدا دەکات و لەئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50 کەسی تریش بریندار دەکات.  لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە پیاوێک دەچێتە ناوچەیەکی حەوانەوە لە شاری لوسیتن لە ویلایەتی مەینی ئەمریکا کە رێستۆرانت وسەنتەری یاری بۆڵینگ و چەندین لایەنی تەرفیهی تر لەخۆدەگرێت، دەست دەکات بە تەقە کردن  و لە ئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50ی تریش بریندار دەکات.  میدیاکانی ئەمریکا ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە لەسەر ژمارەی قوربانییان و بەشێکیان ژمارەی کوژراوەکان بە 15 کەس و بەشێکی تریان بە 20 کەس دەخەمڵێنن و هەندێکی تریش دەڵێن نزیکەی 22 کەس کوژراون. پۆلیسی شاری لویستن کەسێکی دەستنیشانکردووە کە گومان دەکرێت تۆمەتباری رووداوەکە بێت بەناوی رۆبەرت کارد کە تەمەنی 40 ساڵە. لە بەڵگەنامەیەکی پۆلیسدا هاتووە کە رۆبەرت کارد لە هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی ماوەتەوە. تا ئێستا رۆبەرت کارد نەدۆزراوەتەوە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.  بەهۆی رووداوەکەوە پۆلیس داوای لە خەڵکی شارەکە کردووە لەماڵەوە نەیەنە دەرەوە و لە سەرجەم قوتابخانەکانیش بەهۆی رووداوەکەوە پشوو راگەیاندرا. ئەمریکا بەدەست دیاردەی چەک هەڵگرتن و کوشتنی هەڕەمەکییەوە دەناڵینێت و ساڵانە خەڵکێکی زۆر لەو جۆرە رووداوانەدا دەکوژرێن. بەپێی ئامارێکی سکای نیوز، بەشێوەیەکی تێکراێی لەساڵی 2014ەوە ساڵانە زیاتر لە 39 هەزار کەس لە ئەمریکا لە رووداوی تەقەکەکردندا کوژراون.

هاوڵاتی بزووتنەوەی حەماس دوو بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون.  خاچی سووری نێودەوڵەتیی پشتڕاستیکردەوە بزووتنەوەی حەماس دوو ژنی  بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە  غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون و ئەو ڕێکخراوە بەشداربوون لە پرۆسەی ڕزگارکردنیان و ئەمشەو لە غەزەوە گواستراونەتەوە. هەر لەو بارەیەوە وتەبێژی لیواکانی قەسامی سەر بە بزتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەو دو بارمتەیەی لە ماوەی رابردو لەلایەن ئیرسائیلەوە رەتکرایەوە وەریبگرنەوە بە ناوەکانی  نوریت ئیزحاک و یۆهید لیفشیتەزمان ،ئەمڕۆ ئازادکران و وەرگیرانەوە. ئەو وتەبێژە وتیشی" ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینیەوە ڕەتی دەکاتەوە پێشوازییان لەو بارمتانە بکاتەوە بەڵام ئێمە بڕیارماندا ئازادیان بکەین لەسەر بنەمای مرۆیی و تەندروستی." بەمەش ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان تا ئێستا دەگاتە چوار لە کۆی گشتی 222 کەس، پێشتریش  دایک و کچێکی بە ڕەگەز ئەمریکی-ئیسرائیلی جودیث و ناتالی ڕەنان ڕۆژی هەینی لە لایەن حەماسەوە ئازادکران. هاوکات بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردۆتەوە  نزیکەی 50 هاوڵاتی بیانی و دوو ڕەگەز کە لەناو بارمتەکاندان ئەگەری ئازادکردنیان هەیە بە نێوەندگیری قەتەر، سەرچاوەکان باسلەوەشدەکەن گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە ئازادکردنی تەواوی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی ناو بارمتەکانی لای حەماس بەڵام هێشتا هیچ پێشکەوتنێکیان نییە. هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای ئەو هێرشەی حەماس دەستیپێکرد کە لە 7ی ئەم مانگە ئەنجامیدا بۆ سەر ئیسرائیل و تێیدا چەکدارانی حەماس چوونە نێو وڵاتەکەو نزیکەی 222 بارمتەیان دەستگیرکرد هاوکات حەماس باس لە ئازادکردنی بارمتەی زیاتر دەکات لە بەرامبەر ئاگربەست و هاتنی هاوکاری زیاتر بۆ غەزە و ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە هەر ئاگربەستێک هەبێت لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چڕتر دەکاتەوە.  

هاوڵاتی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پرۆتۆکۆڵی بەشداری سویدی لە ناتۆ واژوو کرد. سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردەوە: "پرۆتۆکۆڵی بەشداری سوید لە ناتۆ، لە بەرواری ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن سەرککۆمار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژوو کرا و ڕەوانەی پەرلەمان کرا". دوای ئەوەی یاداشتنامەکە گەشتە دەست سەرۆکایەتی پەرلەمان دواتردەننێررێتە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش و بەرگری. دوای پەسندکردنی لەلایەن لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش و بەرگری رۆژێک بۆ دەنگدان لەسەر یاداشتنامەکە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دیاریدەکرێت و دەخرێتە دەنگدان. لە ماوەی رابردو بەهۆی رێکخستنی چالاکییەک و سوتاندنی قورئان تێیدا و پشتیوانیکردنی پۆلیس لە چالاکییەکە، ناکۆکی لەسەر بە ئەندامبونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ دروستبو، تورکیا کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە رازی نەبو واژۆ لەسەر پەیوەندیکردنی ئەو وڵاتە بکات. هاوپەیمانێتی باکوری ئەتلەسی "ناتۆ" لە 31 ئەندام پێکدێت و زۆربەیان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپان،  بۆ پەیوەندیکردنی وڵاتێکی نوێ بەو هاوپەیمانێتییە پێویستە هەر 31 ئەندامەکە رازی ببن، لە ئێستادا تەنها تورکیا و هەنگاری ماون واژۆ لەسەر پەیوەندیکردنی سوید بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە بکەن.    

هاوڵاتی باڵی سەربازی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ناسراو بە کەتائیبی قەسام رایگەیاند، بە هۆکاری مرۆیی، دوو بارمتەی ئەمەریکی کە دایک و کچێکن ئازادکردووە. رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە نێوەندگیری قەتەر، دوو بارمتەی ئەمەریکییان ئازاد کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی و هۆکاری مرۆیی. حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئازادکردنی ئەو دوو بارمتە ئەمەریکییە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هەوڵەکانی قەتەر، کە نێوەندگیری دەکات لە نێوان حەماس و ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون. ئەوەشی خستەڕوو، بە ئازادکردنی ئەو دیلانە دیانەوێت وەڵامی سەرجەم ئەو دەنگۆ ناڕاست و چەواشەکارییانە بدەنەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لەبارەی بزووتنەوەی حەماسەوە بڵاویدەکەنەوە. وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس راشیگەیاند، نزیکەی ٢٥٠ دیلیان لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە دەستبەسەرکردووە و لەو ژمارەیەش ٢٢ دیلیان بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلەدەستداوە، لەئێستاشدا ١٩٩ دیل لەلایان دەستەبەسەرە. رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی. لەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی موزیک بوو، لەو رۆژە و لە هێرشەکانی رۆژانی دواتر، ژمارەیەک زۆر هاوڵآتی لە هەڵگری رەگەزنامەی جیاواز بە بارمتە گرت، لە نێویاندا، هاووڵاتی و سەربازی ئیسرائیلیش هەیە. لەم پەیوەندەدا بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 13 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ هەزار و 785 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، پێوستە لایەنگرانی حەماس لە وڵاتەکەی دیپۆرتبکرێنەوە و دەشڵێت، لە نزیکەوە چاودێری ھەڕەشەکان دەکەن لە وڵاتەکەیاندا. نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر توانایان ھەبێت پێویستە بە زووترین کات لایەنگرانی حەماس لە ئەڵمانیا دیپۆرت بکەنەوە. ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەئێستادا لە نزیکەوە چاودێری ھەڕەشەکان دەکەن، بە تایبەتی دوای ‌ھێرشە تیرۆریستییەکەی برۆکسل، کە پەیوەندیی بە شەڕ و پێکدادانەکانی کەرتی غەززە ھەبوو. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی لایەنگری نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینیەکان ئەگەری دروستبوونی گرژی و ئالۆزی هەیە لەلایەن لایەنگرانی بزووتنەوەی حەماسەوە و چاودێری جموجۆڵەکانیان دەکرێت و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە لەئەگەری دروست بوونی پشێوەی بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت . پێشتریش ئاژانسی رۆیتەز لە زاری بەرپرسێکی ئەڵمانییەوە بڵاویکردەوە، لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەیە بە تایبەتی دیمەنە ئیسلامییەکان، چونکە ئەو هێرشەی لەم دواییانەدا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەنجامدرا ئەگەری هەیە پەیوەندی بە نیگەرانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردو یاری تۆپی پێی نێوان بەلجیکا و سوید بەهۆی روداوێکی تەقەکردن و کوژرانی دو هاوڵاتی سویدی راگیرا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاش لە بارەی روداوەکەوە وتی، "ئەوە کردەوەیەکی تیرۆرستی ترسنۆکانەبوە."  ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند. 

هاوڵاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی مانگی سوری میسر، سبەینێ شەممە یەکەمین کاروانی هاوکاری مرۆیی لە دەروازەی رەفەح-ەوە رەوانەی غەززە دەکەن. مارتین گریفیتس، هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سبەینێ شەممە یەکەمین کاروانی هاوکاری مرۆیی لە دەروازەی رەفەح دەگاتە غەززە و وتی:" لەگەڵ لایەنەکانی شەڕ لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە پارێزراوبێت و بە زووترین کات بگاتە دانیشتوانەکەی". ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاندوە، دیواری چیمەنتۆ له‌سه‌ر سنوره‌كان لابراون وەک ئامادەکارییەک بۆ کردنەوەی دەروازەی رەفح بۆ یارمەتیدان بۆ کەرتی غەززە. لای خۆیەوە ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ ده‌روازه‌ی ره‌فه‌حه‌وه‌ رایگه‌یاند، دانیشتوانی غه‌ززه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ئاو و كاره‌با له‌ دۆخێكی خراپ و سه‌ختدان. وتیشی"سه‌رباری رێككه‌وتن، ره‌نگه‌ كێشه‌ بێته‌ رێگه‌ی گه‌یاندنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ غه‌ززه‌". لایخۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، "وادەی هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە دیاری دەکرێت"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات. هاوكات نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە جنێڤ ئه‌مڕۆ هەینی رایگەیاند، دانوستانی پێشکەوتو لەگەڵ هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەنجام دەدەن بۆ دڵنیابون لەوەی کە هاوکارییەکان بەمزوانە دەست بە هاتنە ناو غەززە دەکەن. ڕۆژی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە ئاسمان و وشکانی هێرشیکردەسەر ئیسرائیل و پێنج هەزار مووشەکەی ئاڕاستەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد. لە وەڵامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی شمشێری ئاسنینی راگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا زیاتر لە 4137 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش 10 ‌هه‌زاری تێپه‌ڕاندوه‌. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئیسرائیلیش رایگه‌یاند، به‌هۆی جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، تا ئێستا 1400 ئیسرائیلی كوژراون و 4834 كه‌سیش برینداربوونه‌.  

هاوڵاتی هاوڵاتی باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیاز منصور ئیدانەی ئیسرائیلی کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشە کوشندەکەی نەخۆشخانەی العەرەبی لە غەززە و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهوی بە " درۆزن " ناوبرد بەوەی کە جیهادی ئیسلامی تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا خۆیان هێرشەکەیان ئەنجام داوە. نوێنەری فەڵەستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک لە بارەی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لایەن گروپێکی جیهادی ئیسلامییەوە ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەوە بوون  بەڵگەیان هەیە کە  پۆستێکی سڕاوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسە ( تویتەر) کە لە لایەن وتەبێژی ناتانیاهۆوە بڵاوکراوەتەوەو دواتر سڕاوەتەوە . ئەو باڵیۆزە دەڵێت، لە پۆستە سڕاوەکەی وتەبێژی سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆدا هاتووە کە ئەوان ئەنجامدەری هێرشە موشەکییەکەن بەهۆی ئەوەی بڕوایان وابووە کە بنکەیەکی گروپی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەکە بووە. ڕیاز منصور ناتانیاهۆی بە درۆزن ناوبرد و ڕایگەیاند کۆپییەکیان لە تویتەکە وەک بڵگە لەبەردەستدایە . لەدرێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت  وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند، " نەخۆشخانەکان چۆڵبکەن چوونکە نەخۆشخانەکان ئامانجن". وتیشی ، هەفتەی ڕابردووش نەخۆشخانەیەکیان کردۆتە ئامانج.   هاوکات لە وەڵامی ئەمانەدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ وتی، ئەو گوتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە کەرتی غەززە کردووە، "هەڵە و بێ بنەمان." دانیاڵ هەگاری وتیشی، لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشەکەی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 450 مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی کە بۆیان تەقێندراون، ئەوەی رۆژی سێشەممە 17-10-2023یش لە کەرتی غەززە روویدا یەکێک لەو نموونانە بووە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوبارەوە گوتی، ئەو مووشەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هەموو خەڵکە لەپشت نەخۆشخانەکەوە تەقێندرابوو و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەیە کە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لەنێوان خۆیاندا هەیانبووە و باسیان لە شکستهێنانی تەقاندنی مووشەکەکەیان کردووە.

هاوڵاتی سەرۆکی میسر بانگهێشتی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌ رۆژی شەممەی داهاتو لە قاهیرە و بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دۆخی فەڵەستین. نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، سه‌رۆك وه‌زیران بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێگەیشتوە بۆ بەشداریکردن لە "لوتکەی بەپەلە" کە ڕۆژی شەممە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت. هەروەها نوسینگه‌ی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆبونەوە و بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامی سەرکردەکان بۆ بانگەوازەکەی سیسی رەنگدانەوەی متمانەیەکی زۆرە بە سەرکردایەتییەکەی و رۆڵی دیار و بەرچاوی میسر لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی". بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ بانگێشتنامەی کۆبوونەوەکە بە هەریەک لە تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا گەیشتووە ، هاوکات به‌گوێری ماڵپه‌ڕی روسیا توده‌ی کۆبونەوەکە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت لە (21ی 10ی 2023)دا بۆ تاوتوێکردنی پرسی فەڵەستینە. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سەرکردەکانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدارده‌بن، کە تیایدا بابەتگەلێکی گرنگ کە جێگەی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە هەمویان گرنگتر پرسی فەڵەستین تاوتوێ دەکرێن.

هاوڵاتی  مۆسکۆ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی خێزانی ( داعشی )هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی  34 منداڵیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گێڕایەوە. بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی مافەکانی منداڵان،شەوی رابردوو، شەممە فڕۆکەیەک کە 34 منداڵی رووسیای تێدابووە، لە سوریاوە گەیشتووەتەوە رووسیا ولە فڕۆکەخانەی چکالۆڤسکی لە نزیک مۆسکۆ نیشتەوە. لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاش گەیشتنی فڕۆکەکە،ماریا لوڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵان لە رووسیا ڕایگەیاند، کە هەموو منداڵەکان “هەست بە باشی دەکەن” و لە نەخۆشخانەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەنێردرێنەوە بۆ لای کەسوکارەکانیان لە 10 هەرێمی جیای رووسیا. ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن بۆ گەڕانەوەی منداڵان لە سوریا بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی گروپێکی دیکە “بەم زووانە” دەگێڕدرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەڵگەنامە بۆ زیاتر لە 150 منداڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەسەدە و بەڕێوبەرایەتی خۆسەریدا. بەپێی راگەیەندراوەکە، منداڵانی گێڕدراوە پیکدێن لە 23 کوڕ و 11 کچ لە نێوان تەمەنی 4 بۆ 16 ساڵدا. لە ساڵی 2018ەوە رووسیا 513 منداڵی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گێڕاندۆتەوە، لەنێویاندا 382 منداڵیان لە سووریاوە بوون

هاوڵاتی تەنها لە حەوت ڕۆژی یەکەمی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆریان لە لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری ناوچەکە دەمێننەوە. بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جولیەت توما بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە حەوت ڕۆژی یەکەمی شەڕی غەزە ئاوارە بوون و ژمارەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات". ئەوەشی ڕونکردەوە ،" نزیکەی نیو ملیۆن لە دانیشتوانی غەزە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا  لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری ناوچەکە دەمێننەوە و ئاوارەبوون و بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئیسرائیلەوە غەززە " بەرەو وشکبوونەوە" دەچێت و وتیشی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەستیان کردووە بە دابەشکردنی ئاو. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند گروپێکی مرۆیی نێودەوڵەتی  بە توندی ڕەخنەیان لە و داوایەی ئیسرائل گرت کە داوای لە دانیشتوانی غەززە کردووە ناوچەکانیان چۆڵبکەن بەهۆی ئەنجامدانی "ئۆپراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی بۆ سەر ئەو ناوچەیە. بەڕێوبەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " گواستنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوچەیەکی جەنگی چڕدا بۆ شوێنێک کە هیچ خۆراک و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوونی تێدا نییە، کاتێک تەواوی خاکی غەزە گەمارۆدراوە، زۆر مەترسیدارە و مەحاڵە." سوپای ئیسرائیل داوای لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە کردووە ماڵەکانیان چۆڵبکەن و رووبکەن لە باشووری کەرتەکە بۆ ئەمەش دوو رێگەی دیاری کردبوو؛ لە کاتی رۆیشتنی کاروانی خەڵکی  فەلەستین بەرەو باشووری کەرتی غەززە، بە هەمان ئەو دوو رێگەیەی بۆیان دیاریکرابوو،  لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا، بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی فەلەستینیش، لەو بۆردوومانەدا 12 کەس کوژراون کە ژن و منداڵ بوون.  لەبارەی رووداوەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هاتەدەنگ و راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.  کات لە دانیشتوانی غەززە دەڕوات و سوپای ئیسرائیلیش داوایان لێدەکات ناوچەکە چۆڵبکەن و پەنا بۆ باشوری کەرتی غەززە نزیک سنورەکانی میسر ببەن، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە لە بەشی باکوری کەرتەکە دەژین، زۆربەی ئەو دانیشتوانەش لە ناوخۆی کەرتەکەدا ئاوارەبون، زۆربەیان لە مەودایەکی 583 کیلۆمەتر چوارگۆشەیدا جێگیر بون.        

هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەسالی 2020 چەند نهێنییەکی ئاشکرا کرد و دەڵێت، بڕیاربووە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل کارەکە ئەنجام بدەن، بەڵام ئیسرائیل لەدوا خولەکەکاندا کشاوەتەوە کە ئەوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بوو. لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد ئیسرائیل بەشدار نەبوو لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا، بەڵام بێنیامین نێتانیاهۆ دواتر دەویست کەڵک لەو پرۆسەیە وەربگرێت لە بەرژەوەندی خۆیدا و "لام وا نەبوو نێتانیاهۆ بە تەنها جێمان بهێڵێت." بەرەبەیانی 3ی کانونوی دووەمی 2020 ئەمریکا بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کاروانێکی ئۆتۆمبێلی لە فرۆکەخانەی بەغدا بەئامانج گرت کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی پێشووی حەشدی شەعبی کوژران. دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، "ئەزموونێکی خراپم هەیە لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو دەمەی قاسم سلێمانیمان کوشت، ئێمە و ئیسرائیل وەک گرووپێک کارمان ئەکرد. ئێمە ئەمانزانی لەکوێیە. دەمانزانی چۆن خۆی حەشار ئەدات و چی لەبەر ئەکات. دەمانزانی چۆن دێتە ناوەوە. هەموو شتمان ئەزانی و ماوەیەکی زۆر بوو پلانمان هەبوو بۆ کوشتنی." دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی، "هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، نێتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستا و ئەوکاتەی ئیسرائیل، ئێمەی بێ هیوا کرد، بڕیاربوو ئیسرائیل لەگەڵمان بێت بۆ ئەم چالاکییە. هەموو شت رێک خرابوو. چەند مانگ بوو ئیشمان لەسەر ئەکرد و پلانمان بۆی هەبوو، بەڵام شەوی پێش رووداوەکە پەیوەندییەکم پێوە کرا بەوەی ئیسرائیل بەشداری ناکات لەم هێرشەدا." ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا ئیدارەی جۆ بایدن بەتەواوی پشتگیری خۆی دەربڕیووە بۆ ئیسرائیل دژی حەماس و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن ئیسرائیل "هەرچی پێویست بێت" بۆی دەستەبەر دەکەن تا بتوانێت بەسەر حەماسدا سەربکەوێت. دۆناڵدترامپ هەروەها لە قسەکانیدا وتی ، عومران خان، سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی پاکستان دەربارەی کوژرانی قاسم سلێمانی پێی وتووە، ئەمە گەورەترین رووداوە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دۆنالد ترەمپ بە ئاماژە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و وتی،  "ئێوە لە کۆکردنەوەو تاوتوێکردنی زانیارییەکاندا هەڵەتان کردووە. ئەبێ ئەم کێشانەتان چارەسەر بکەن. لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ هێزێکی گەورەدا لە جەنگدان، ئێوە لەگەڵ ئێران شەڕ ئەکەن". ترەمپ  ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی سەرۆکایەتی ئەودا کەس بیری لەوە نەئەکردەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و ئەگەر دەست بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەدەبرا ئەم رووداوە رووی نەئەدا، بەڵام بە هەموو ئەمانەوە "ئەبێ پشتیوانی لە ئیسرائیل بکەین و هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە پشتیوانی کردنی ئیسرائیل."

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دوانزە هاووڵاتی فەرەنسی کوژراون،هەروەها تا ئێستاش ١٧ هاووڵاتیی دیکە بێسەروشوێنن. ئان کلێر لێجێندرێ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتیشی "هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەو 17 هاوڵاتیەوە نییە کە ونبوونیان  جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە"" ئەمەش لەکاتیکدایە، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو کە لەو گەشتانەی پلانی بۆ دانراوە لە ڕۆژانی هەینی و شەممە  بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیە فەڕەنسیەکان  منداڵانی بێ سەپەرشت، ژنانی دوگیان و ئەو کەسانەی خاوەن پیداویستی تایبەتن، هاوکات ئەوانەشی کە حاڵەتی پزیشکی لەناکاویان هەیە لە لیستی یەکەمی ئەو هاوڵاتیانەن کە دەبێت ئیسرائیل بەجێبهێڵن. لە 7ـی ئەم مانگەوە شەڕ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـیان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و لەوکاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هێور بوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە پێنجەم رۆژی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین و ئیسرائیل ئاماری ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاشکراکرد و رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس کوژراون.

هاوڵاتی وتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا رایگەیاندوە، فڕۆکەخانەی هامبۆرگ ئه‌مڕۆ دوشەممە گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت، لەکاتێکدا زانیاری بە پۆلیسی وڵاتەکە گەیشتوە لەبارەی بونی هەڕەشە یان بومب لەناو فڕۆکەیەکدا کە لە تارانەوە هاتوە و 168 سەرنشینی هەڵگرتوە. فڕۆکەخانەی هامبۆرگی ئەڵمانیا له‌ ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، "بەهۆی ڕێوشوێنەکانی پۆلیسەوە هیچ هەڵفڕین و نیشتنەوەیەک رونادات و ته‌واوی گه‌شته‌كان راگیراون". بەگوێرەی لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، "فڕۆکەخانەی هامبۆرگ ئه‌مڕۆ دوشەممە گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت، لەکاتێکدا زانیاری بە پۆلیسی وڵاتەکە گەیشتوە لەبارەی بونی هەڕەشە یان بومب لەناو فڕۆکەیەکدا کە لە تارانەوە هاتوە و 168 سەرنشینی هەڵگرتوە. ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ یه‌كه‌مین رۆژی کۆبونەوەی تایبەتی حکومەتی ئەڵمانیا و فڕەنسا لە هامبۆرگ هات كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فڕه‌نسا ئامادەبون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوت لە سەرەتای بازرگانی ئاسیادا زیاتر لە چوار دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک به‌رزبوه‌وه‌، یەک بەرمیل نەوتی برینت گەیشتە 87 دۆلار و 30سەنت. به‌یانی ئه‌مڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت 2.92 دۆلار کە دەکاتە 3.53% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 87.30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش 2.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوەتەوه‌ و یه‌ك به‌رمیل به‌ 85.71 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت. بەرزبونەوەی نرخی نەوت دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ هەفتەی به‌رهه‌می نه‌وت پاشەکشەی کردوە و گەورەترین دابەزینی هەفتانەی لە دوای مانگی ئادارەوە بەخۆوە بینی، بەهۆی ئەوەی برێنت بە ڕێژەی 11% و نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساس زیاتر لە 8% دابەزیوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە بەرزبونەوەی ڕێژەی سود زیاتربون. هاوكات ئەمڕۆ دووشەممە تا سەعات 8:45 بەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ لەبازاڕو بۆرسەی جیهان بەڕێژەی 1% بەرزبوەوەو ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 1.851دۆلار. 7ی ئه‌م مانگه‌، بزوتنەوەی حەماس فەڵەستین، گەورەترین هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل لە ماوەی دەیان ساڵدا دەستپێکرد و بە سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر غەززە ئەنجامدا.

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کەشتگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات و دەشڵێت، چەک و تەقەمەنی زیاتر دەنێرێت بۆ ئیسرائیل تا بەرگری لەخۆی بکات.  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگی و فرۆکەی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات "بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پێشگرتن لە توندوتیژی" لەسەروبەندی شەڕ و جەنگ لە ئیسرائیل. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەڵێت ئەو کەشتیگەلە بەشێکیان هەڵدەری موشەک و کەشتی بچوکی جەنگی تێکشکێنەرن. جگە لەمەش، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە یەکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکرێت. بەشێکی تر لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناردنی چەک و تەقەمەنی زیاترە و لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئیسرائیل. لەبارەی پاڵپشتییە سەربازییەکانەوە لۆید ئۆستن باسی لەوە کرد، ئەم هەوڵانە "جەختکردنەوەیە" لە پاڵپشتی پتەوی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل. ماوەی دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل دروستبووە دوای ئەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و تێیدا پێنج هەزار موشەکی بۆ نێو وڵاتەکە هەڵدا و لەسەر زەمینیش ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و چەکدارانی چوونە نێو وڵاتەکەوە. تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، 700 کەس لە ئیسرائیل و 413 کەس لە فەڵەستین کوژراون.