ڕوسیا ئامادەیی خۆی دەربڕی گوێ لە پێشنیاری ترەمپ بگرێت
5 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- مۆسکۆ و واشنتن لە ڕێگەی کەناڵە داخراوەکانەوە ئاڵوگۆڕی پەیام دەكەن.
- ڕوسیا ئامادەیە گوێ لە پێشنیارەکەی ترەمپ بگرێت سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ئۆکرانیا.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا رایگەیاند مۆسکۆ و واشنتن لە ڕێگەی کەناڵە داخراوەکانەوە لەسەر ئاستی سەربازی و سیاسی ئاڵوگۆڕی پەیام دەكەن.
سێرگێی ڕیابکۆڤی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند وڵاتەكەی ئامادەیە گوێ لە پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بگرێت سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ئۆکرانیا.
وتيشى: هێشتا مەترسی زیان گەیاندن بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمریکادا دەمێنێت، ئەگەر سەرمایەکانی ڕوسیا دەستییان بەسەردا بگیرێت یاخود واشنتن گرژییەکان لە ئۆکرانیا زیاتر بکات.
ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە کۆنفرانسێکی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی لە سەیرانگەی سوچی لەسەر دەریای ڕەش رایگەیاند دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ بکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کرد کە، ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ قسە بکات، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ئەولەویەت بدرێت بە خواستی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیا و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.